دژایەتی ڕیفراندۆم لە ڕۆانگەی تیۆرەکانی ترس لە مردن

دژایەتی ڕیفراندۆم لە ڕۆانگەی تیۆرەکانی ترس لە مردن
بە درێژایی ژیانی مرۆڤایەتی ترس بە گشتی و ترس لە مردن (fear of death) بە تایبەتی، ھەمیشە ئاوێتە و تێکەڵاوێکی سەرەکیی بیروباوەر و ڕەفتار و کردار و ژیانی ڕۆژانەی بووە، و ئەگەر چی ھەبووە ڕۆڵێکی نەرێنی گێڕاوە، بەڵام دەگۆترێ ھەڵوێست ھەیە دەتوانیِ بەوپەڕی ئەرێ،ی بوونەوە ببێتە پاڵنەرێکی بەھێزی ڕەفتارێکی بەرھەمھێنەر.
مردن یەکێکە لە ڕووداو و ڕاستییەکانی ژیان، و ھەمیشە بارگرانییەک بووە بەسەر شانی شارستانیەتەوە، و تەنانەت ھەوڵەکانی مرۆڤ بە درێژایی مێژوو و لە پێناو نەھێشتنی نەک تەنھا نەیتوانیوە ھیچ لەو نیگەرانییە کەم بکاتەوە، بگرە کارەساتیشی لێکەوتووە، و نموونەشی ئەسکەندەری مەقدوونییە، کە لە پێناو دۆزینەوەی سەرچاوە و دەرمانێک بۆ نەمری ھزاران سەربازی خۆی لە گۆشە و کەناری جیھان بە کۆشت دا و لە سەرتانسەری جیھان بوو بە ھۆی کوژرانی سەدان ھزار کەسیتریش.
مردن ڕێگایەکی ھاوبەشە و دوور و نزیک ھەر کەسێک، خۆش و ناخۆش تامی دەکاتن. دوو زانای دەروونناسی، دیگۆری و رۆتمان (Diggory & Rothman, ١٩٦٩)، وەک زۆر زانای دیکە لایەنی دەروونی مرۆڤ لێکۆڵینەوەی بەپێزییان لەبارەیەوە کردووە و لە یەکێک لەو توێژینەوانەدا لەسەر کەسانی بەساڵاچوو ڕاپرسییەکیان بەکارھێناوە کە چەند بڕگەیەکی بەخۆیەوە گرتبوو. ئەو زانایانە ویستیان بزانن لەسەرە مەرگ و ڕۆژانی سەختی مردندا گرنگترین یان ناخۆشترین ھۆکار یان بابەت چیە کە ئەو کەسانە بەدەستیەوە دەناڵێنن، و ئەنجامەکان زۆر سەرسۆڕھێنەر بوون. یەکێک لە گەورەترین و سەختترین بابەتی ئازاردەری ئەو کەسانە ئەوە بوو کە ئەو کەس و کارەیان کە لە دوای ئەوان دەژین چییان بەسەردێ. بەواتەیەکی تر ئەوان لەوە نێگەران بوون کە کۆڕ و کچ و منداڵ و ھاوژین و کەس و کارە نزیکەکانی ئەوان لەدوای مردنیان دەبێ چۆن و بە چ شێوەیەک ژیانیان بەسەربەرن؟
ئەو جۆرە نیگَەرانیە لای گشت مرۆڤەکان ھاوبەشە و ئەزموونی ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی کە لە ڕێگای ڕزگاری کوردستان گیانیان فیدای خاک و نیشتمان و کوردستانیان کرد، گشتیان لەو نیگەرانییەدا شەھیدبوون. ئەوان بەر لەو ساتە نیگەرانی کەس و کار و منداڵانیان و خێزانەکانیان بوون.
لەکاتێکدا کە ئەمڕۆ لە کوردستانی ئازادمان دا ھەن بەوپەڕی بێباکییەوە خەریکن بەدەر(ئیستیسنا) لە یاساکانی سروشت و مردن، بە دەنگێکی ناوازەی نامۆ و "نەخێر" پێلاقە لە نەسلەکانی ئاییندەی ئەم نیشتمانە، و تەنانەت خزم و کەس و کاری خۆیان دەدەن، لە کاتێکدا دەزانن بەو دەنگە ئەوان چارەنووسێکی نادیار بەڵکۆ خوێناوی و پڕ لە کارەساتی وەک ئەنفال و ڕاگۆاستن و زیندەبەچاڵکردن و کێمیابارانکردن و جینۆساید و بەجاریەبوونی ژنانمان و ...، و ھتد، چاوەڕۆانیان دەکات و بە دەنگدان بە سەربەخۆیی کوردستان ھەموو ئەو نەھامەتیانە نامێنن یان کەمتر دەبن.
باشە ئەوانە چۆن دەمرن؟ ئەوان لە کاتی مردنیان چۆن وەڵامی نەھامەتی و کارەساتەکانی کە ئەوان دەبن بە ئەگەری دەدەنەوە؟ باشە ئایا ئەوانەی پێش ئێمە خەباتیان کرد و ڕۆیشتن ھەمان کاریان بکردبایە و بۆێر دەبوون و ڕیفراندۆمیان بکردبایە و سەربەخۆییان بۆ ئێمەمانان جێھێشتبایە لەوانەیە زۆر کەس لەو کەسانەی لەو ھەموو کارەساتەدا گیانیان لەدەست دا، ئێستا زیندوو و بەختەوەر دەبوون؟؟ ....؟؟؟ .... !!! ئەوا توێژینەوانە پێمان دەڵێن شەرمەزاری و سەرشۆڕییە من بزانم بە دەنگی " نەخێر " ی من میللەتێک دەچەوسێتەوە و ھەتھەتایە بندەست دەمێنێ و زۆرداری لێدەکرێ و ئەنفال و کێمیاباران دەکرێ ئەو دەنگە بدەم. ئەو کات مردنی من نەنگە و تەنانەت مافی مردنیشم نیە، چونکە حەزرەتی ئیزرائیل (س) شەرم لە کێشانی ڕۆحم دەکاتن.
*پسپۆری زانستەکانی پێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top