گۆڕان و کۆمەڵ لە سێ قۆناغی هەستیاردا

گۆڕان و کۆمەڵ لە سێ قۆناغی هەستیاردا
بزووتنەوەى گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی لە سێ قۆناغی هەستیاردا کە کورد لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە کۆدەنگی و گوتاری نەتەوەیی بوو، بەڵام هەستیاری ئەو قۆناغانەیان لەبەرچاو نەگرت و لە دەرەوەی واقعی سیاسی و پێچەوانەی خواست و ئامانجە نەتەوەییەکان کۆدەنگیان لەبار برد و گوتاری نەتەوەییشیان کردە ژاوەژاوی حزبی، لە ساڵی ٢٠١١و ئەوەی لە وڵاتانی عەرەبی روویدا و بەهاری عەرەبیان بەسەردا سەپاند پێشبینی زۆر گۆڕانکاری لێ دەکرا، کورد لەو قۆناغەدا وەک ئامادەکاری بۆ ئەگەری هەر گۆڕانکارییەک پێویستی بە کۆدەنگی و گوتاری نەتەوەیی بوو، کەچی ئەو دوو حزبە بە جۆرێک خۆیان لێ ون بوو کە پێیان وابوو کورد عەرەبە و کوردستانیش عەرەبستانە، خۆیان دایە دەست قەدەری باوبۆرانی ئەو بەهارە شوومە و هاوشێوەی ئەوان درووشمی (ارحل)یان بەرز کردەوە و کەوتنە پەلاماردان، بەوەش کۆدنگی و گوتاری نەتەوەییان پەرت کرد و تەنانەت ئامانجە نیشتیمانیەکانیشیان خستنە ژێر گوشاری حزبی.
دەرکەوتنی داعش وەک لێکەوتەیەکی بەهاری عەرەبی و پەلاماردانی کوردستان نەک هەر دەستکەوتەکانی خستنە ژێر هەڕەشەی بەربەریەتی عەرەبی، بەڵکو شکۆی نەتەوەیی و بەها مێژووییەکان و تەنانەت کەرامەت و شەرەف و نامووسی تاک بە تاکی کوردیشی خستنە ژێر مەترسی، لەو قۆناغەدا کورد لە دوو رووەوە پێویستی بە کۆدەنگی و گوتاری نەتەوەیی بوو، یەکەمیان بۆ رەواندنەوەی مەترسیەکانی سەری و دووەمیشیان ئامادەکاری بۆ ئەو گۆڕانکاریە چاوەڕوان کراوانەی کە بە نەمانی داعش لە ناوچەکەدا دێنە کایەوە، بەڵام ئەو دوو حزبە نەک ئەوەیان نەکرد، بەڵکو لە پشتەوە کەوتنە پەلاماردانی بارەگاکانی ئەو حزبەی کە هەموو هێزی خۆی بۆ پاراستنی کوردو رووبەڕوو بوونەوەى داعش تەرخان کردبوو، لە میدیاکانیشیاندا ناوە ناوە پەلاماری ئازایەتی پێشمەرگەیان دەدا و لە بەرژەوەندی داعش شەڕی دەروونیان لەگەڵ کورد دەکرد، ئەوەش ناراستەوخۆ پشتیوانی کردن بوو لە خواستە تیرۆریستیەکانی داعش، چونکە بە هەڵوێستێکی وا نانەتەوەیی و نانیشتیمانی هێزی رووبەڕوو بوونەوەى ئەو حزبەیان بەرامبەر بە داعش لاواز دەکرد.
کورد لە ئێستادا لە دووڕیانی یان سەرکەوتن و سەربەخۆیی، یان لە گەرانەوەیە بۆ خاڵی سەرەتا و جارێکیتر زاڵ بوونەوەى هەیمەنەی عرووبەیە بەسەر کورد و کوردستاندا، ئەوەش لە لێدوان و هەڵوێستی سیاسیە مەزهەبخوازەکانی شیعەدا رەنگی تەواوی داوەتەوە، کەچی ئەو دوو حزبە تا ئێستاش لە نێوان بەڵێ بۆ سەربەخۆیی و نەخێر بۆ سەربەخۆیی، بە واتایەکی تر لە نێوان شەڕی سیاسی و سەربازی نێوان کورد و عەرەب خۆیان بێلایەن دەردەخەن و باس لە بایکۆت دەکەن، لێرەدا باسەکەم بەو پرسیارە کۆتایی پێدێنم: حزبی کوردی بی و نەتەوەکەت ئەنفال کرابێ و کیمیایی لێدرابێ، کەچی لە نێوان سەربەخۆیی و گەڕانەوە بۆ ژێر مەترسیەکانی ئەگەری دووبارە بوونەوەی ئەنفال و کیمیایی خۆت بێلایەن بکەی؟
Top