ڕیفراندۆم و تیۆری ترس لە سەرکەوتن
September 7, 2017
وتار و بیروڕا
ترس وەک بەشێک لە ئەلەمێنتەکانی دەروونی و ھەڵچوونێک لای مرۆڤ، ھەمیشە لەگەڵ مرۆڤایەتیدا بووە، و وەک کارۆڵ گۆستاڤ یۆنگی دەروونناس لە میانەی بەدواداچوونی دیرۆکی مرۆڤایەتی و پشکنینی ئەو وێنانەی کە لەسەر دیواری ئەشکەوتەکانی کۆن کە مرۆڤ تیایدا ژیاووە، بەجێماون، و ھەروەھا ناوەرۆکی ئەفسانەکانی نەتەوەکان، بۆی دەرکەوتووە پێشینەیەکی چەندین ھزار ساڵەی ھەیە.
لە ساڵانی ڕابردوو ھەژمارێک زانا، کە لە ڕاستیدا بەشێکن لە تەواوکەری فەلسەفەی پراگماتی، ھەستیان بە مەترسیداری و ھەستیاری ئەو بابەتە کردوو، و لە سۆنگەی ئەوەی مرۆڤی ھاوچەرخ و بەھۆی پەرەسەندن و پێشکەوتنی زانست و زۆربوونی ژمارەی دانیشتوانی زەمین، و زۆر کێشەی جیاوازیتری ژینگە و کۆمەڵگا تووشی سەدان جۆری ترس و نەخۆشی دەروونی و مێنتاڵی بووە، و ئاستی ئەو نەخۆشیانە گەیشتووتە ڕادەیەک کە زانایان ئەم چەرخەیان بە چەرخی نێ"ەرانی ناوزەد کردووە، درکیان بەوەکردووە کە دەبێ مرۆڤایەتی فێری ئەوە بکرێت چۆن بەرەنگاری ترس ببێ و ئاستی خۆڕاگری ( مەناعەی) لە بەرامبەری دا بەرزبکرێتەوە، تاوەک لە مەترسیەکانی نەخشبوون دووربکەوێتەوە.
ئەو کۆمەڵە زانایە، ڕێبازەکەی خۆیانیان بە ناوی "سیستەمی پرۆگرامی دەماری-زمانەوانی"(NLP) دەناسێنێنن و لە سەرتانسەری جیھان بە نووسین و بڵاوکردنەوە و سیمینار و چاڵاکی جیاوازیتر ھەوڵی ھۆشیارکردنەوەی مرۆڤایەتی دەدەن و یەکێک لە بابەتە سەرەکیەکانی زۆرێک لەو دۆخە ناڵەبارانەی دەروونی و لایەنەکانی پەیوەندارە بە ھەبوونی ترس دەزانن.
زۆر جار ترس لە شکست یەکێک بووە لە ھۆکارەکانی ڕووخانی ورە و مۆرالی کەسێک و تێکدانی گشت پلانەکانی لە ژیانی دا، و دواتریش بۆوەتە ھۆکاری نەخۆشیە دەروونیەکانی. تیۆری جیاواز ئەم ڕاستییە بە تێر و تەسەڵی باس دەکەن.
بەڵام ھەندێ جاریش ترس لە سەرکەوتن ھەمان ڕۆڵی نەرێنی ھەیە. چەند ئەوەندەی بازرگانێک یان قوتابیەک بەھۆی ترس لە شکست و زیاندیتن و یان ( ئیفلاسبوون) و دەرنەچوون و کەوتن تووشی شۆکە و دلەڕاوکێ و خەمۆکی و دواتر لەوانەیە خۆکۆشتن ببێ، ھەر بەھەمان شێوەش کەسانێک لە ژیاندا سەرناکەون و تووشی شکست دێن و دیواری پلانەکانی چەندین ساڵەیان دەڕووخێتن، تەنھا چونکە لە سەرکەوتن دەترسن. بۆیە ترس لە سەرکەوتنیش(fear of success) کۆشندەیە. لەوانەیە بەلای ھەندێ کەسەوە ئەوە سەیر بێ بەڵام ڕاستییەکی زانستییە و لەوانەشە ئێمە یەکێک بین لە ئەوانەی بە قۆربانیەکی ئەو جۆرە ترسە ھەژمار بکرێین.
ئەوانەی قۆربانی دەستی ئەو ترسەن ھەمیشە گیرۆدەی ئەو بیرۆکەیەن کە ئەگەر سەربکەون کەس و شت ھەیە لە دەستیان دەچێ. ئەگەر ئەو کەسە قوتابی بێ وا تێدەگاتن کە لە کۆمەڵێک ھاوپۆڵ و قوتابیتر دوور دەکەوێتن، و ئەگەر بازرگانێک بێ لەوانەیە وا بیربکاتەوە ئەگەر زۆر دەوڵەمەند ببێ خزم و کەس و دۆستی وا ھەیە لێی دەتۆرێ و لێی دوور دەکەوێتەوە، و بە لە دەستدانیان داخبار دەبێ. ئەگەر سیاسەتوانێک بێ لەوانەیە خۆی بۆ خۆی ببێتە کۆسپ چونکە بەو سەرکەوتنە لەوانەیە لە شوێنێک بۆ شوێنێکیتر بگوازرێتەوە یان لە کۆمەڵێک شتیتر کە بەلایەوە گرنگن، دوور بکەوێتن.
ئەمڕۆ لە ھەڵوێستێکی وەک ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانیاندا، دۆخێکی ھاوشێوە ھەستپێدەکرێتن. کەسانێک ھەن کە لە شکست دەترسن بەڵام ھەن سەرکەوتنی دەترسن، و لەوانەیە ھەیە کاردانەوە و ڕەنگدانەوەی ئەو ترس لە سەرکەوتنە لە بیرکردنەوە و رەفتارەکانی دا خۆی لە شێوەی نەرێنی پیشان بداتن، و ھەوڵی ڕووبڕووبوونەوە و دژایەتیکردنیشی بەخۆیەوە گرتووە.
ئەو کۆمەڵە کەس و لایەنە، بیر لەوە دەکەنەوە کە بە سەرکەوتنی ڕیفراندۆم، ئێمە لە عێراق یان لە ئیسلام یان چەرخەی بازرگانی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەلتووری و فەرھەنگی ئەو ناوچەیە دوور دەکەوینەوە. جگە لەوەی کە وەک جەنابی سەرۆک بارزانی دەفەرمووێ:" ئێمە دوو نەتەوە و کەلتووری جیاوازین"، نابێ گەمژەیی بنوێنین و لە بیرمان بچێ کە ئەو کەس و لایەنانە زیاتریش بیر لە بەرژەوەندییە تایبەت و تەسکەکانیان دەکەنەوە، و بەڵکۆ بە پێەوانەی ھۆکار و پاڵنەری سەرکیی ئەم ترسە و ترس لە سەرکەوتنەیان، تا ڕادەیەکی زۆر بەرژەوەندیخوازانەیە زیاتر لەوەی کە شتێکی تر بێ.
بەڵام پسپۆرانی (NLP) ھەمیشە لەو بڕوایەدان دەبێ ئەو کەسانەی کە بەدەست ئەو جۆرە ترسەوە دەناڵێنن ئاوڕێک لە دەوروبەریش بدەنەوە و تاوێک بەپێچەوانەشەوە بیربکەنەوە تا نەختێک لە ئازارە دەروونییەکانیان و ئاستی ئەو ترسەیان کەم ببێتەوە. ئەوانەی کە بەردەوام لەو ترسە دا دەژین و ئەو ھەموو ئەلترناتیڤ و گۆڕاوەیان بۆ و لە دژی ڕیزکردووە، و ھەموویان لە مەھانە زیاتر نین، با ساتێکیش بیر خۆیان بێننەوە کە بەھۆی ئەو سەرکەوتنەی ئێمەی کوردستانیان لە زۆر لە کارەساتی جەرگبڕ و کۆشندە و تاوان و جەنگ و ماڵوێرانەی، کە بۆ ساڵھای ساڵە وەک تا بەرۆکی ھەموو چین و توێژ و نەتەوە و ئایین و مەزھەب و تاکەکانی ئەو کۆمەڵگایەی گرتووە و بەرناداتن، و زمان و وشە شەرمیان بەخۆیە و ناوتوانن دەربڕینیان لێوە بکەن، دوور دەکەوینەوە. دەبێ بپرسین ئایا ئەمە کەمە؟
نابێ تەنھا بیر لە بەرژەوەندییە تەسک و تایبەتەکانی کەس و تاک و لایەنێک بکرێتن، و نابێ تەنھا لە گۆشە نیگای ئەوانەوە لەو سەرکەوتنە بڕوانین، بەڵکۆ دەبێ سەرخستنی ئەو پرۆسە و پرۆژەیە بە ئەرکی سەرشانی خۆمان بزانین، و لە ئاستی دا بەرپرسیارانە بجووڵێین، چونکە وەک جەنابی سەرۆک بارزانی لە چاوپێکەتنەکانی کەگەڵ توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا دا دەفەرمووتن:" ئەو سەرکەتنە شانازی ھەموومانە"، و تەنھا بەو جۆرە بیرکردنەوە و لێکدانەیە کە ئێمە دەتوانین لەو سەرکەوتنە تام و چێژ وەربگرین، و خۆمان لە پاڵەپەستۆی ھزرە نەرێنییەکانی ڕزگار بکەین. *پسپۆری زانستەکانی پێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ