توفانی نوح و ڕیفراندۆم و دەوڵەتی کوردستان (سایکۆلۆژیایی وێژەیی)

توفانی نوح و ڕیفراندۆم و دەوڵەتی کوردستان (سایکۆلۆژیایی وێژەیی)
سەرەڕای ئەوەی کە چێروکەکەی توفانی نوح ساڵانێکی زۆر بوو وەک ئەفسانە تەماشا دەکرا بەڵام بە پێی لێکۆلێنەوەکانی زانەیەک بە ناوی لیۆنارد- وۆلی(Leonard- Wooly) لە شاری ئوور ڕاستی واھا ڕوون و ئاشکرا بوون کە سەلماندیان کە ئەو توفانە بە ڕاستی ڕووی داوە. نوح لەو چیڕۆکانە ئووتناپشیتن (Utnapishtin) ی ناوە کە لە لایەن خۆای گەورەیەوە فەرمانی دروستکردنی کەشتیەکی پێدراوە ( ٤: ٩٩ )، تا بەھۆیەوە کۆمەڵێک مرۆڤی دروست و باش و گۆێڕایەڵ و ملکەچ بۆ فەرمانەکانی خۆا و پیامبەرەکەی لە خراپە دوور بخاتن و لە تێکچوونی داب و نەریتە نەشیاوەکانیان بیانپارێزیتن و ئەوەش تەنھا و تەنھا بۆ بەرژەوەندی خۆیان نەک کەس و شتێکیتر.
***********
پسپۆرانی دەروونناسی لەو بڕوایەدان کە چیڕۆک (story) ڕۆڵێکی گرنگ و مەزن لە ژیانی مرۆڤ و بەتایبەت منداڵان دا دەگێڕیتن، و تەنانەت ( فرۆبل )فەیلەسوف و پەروەردەکاری بەناوبانگ و بەتایبەت لە بۆاری باخچەی ساوایان، لەو بڕوایەدایە کە ئەم بابەتە زۆر گرنگە لە پێگەیاندنی منداڵان و وتەیەکی ھەیە دەڵێ:" منداڵ ئاوات و حەزوو و ئارەزووەکانی لە ڕێگەی گۆێگرتن لە چیڕۆکەوە دەھێنێتە دی" ( ٦: ٩٠). و دیاریشە ھەر مرۆڤێکی گەورەش تەنھا مرۆڤێک نیە بەڵکۆ منداڵێکی گەورەیە و بە ھەمان شێوەش ئەم چیڕۆک و قسە و باسانە کاریگەریی بەسەرەوە ھەیە بە مەرجێک کە ئایا ئەو چیڕۆکە چی بێ و ھی کێ بێ و باس لە چییەوە بکاتن و کێ گێرابێتن.
بە واتایەکی تر ھەیە چیڕۆک زیاتر لە چیڕۆکێکیتر کاریگەری بەسەر مرۆڤەوە ھەیە و بە تایبەت ئەگەر سەرچاوە و ژێدەرەکانی پیرۆز و ئاسمانی بن. بۆیەش دەبینین پەرتووکە پیرۆزەکانی ئایینی باشترین نموونەی ئەم ھزر و بیروباوەر و بنەما زانستی و پەروەردەییەن. قۆرئانی پیرۆز نەک تەنھا تێکستێکی ئایینی- مێژووییە کە چەند چەمک و بڕگەی تیایدا ڕێزکراوە، بەڵکۆ لە ڕووی شێوازەکەی و بە شایەتی و گەواھی زانایانی سایکۆلۆژی دچێتە چوارچێوەی پێشکەوتووترین میتۆدەکانی فێرکردن. ئەم پەرتووکە بابەتی ھەمە جۆر لە خۆی دەگرێ، کە زریان ( توفانە) بەناوبانگەکەی نوح یەکێکە لەو بابەتانە،کە تەنھا چێروکێک نیە تیایدا پیرەمێردێک بە ناوی نوح (س) و بە خۆی و ڕیشە درێژ و گۆچانی و تەمەنە درێژ و ھزار ساڵانەکەی کەشتیێک دروست دەکاتن و ھەندێ کەس جگە لە ھەندێ ئەندامی خێزانەکەی تیایدا ھەلدەگرێ و دواتر لە چیا پیرۆزەکەی جودی لە کوردستان لە خاک دەنیشێ و ژیانی مرۆڤایەتی سەر لە نوێ لەوێ دەست پێدەکاتن، و کۆڕەکانی، واتە سام و حام و یافت دەبن بە یەکەم کۆڕەکانی سەر گۆی زەوی ( ٢ :١٧). ئەو زریان و توفانە توفانێکی جۆگرافی و سروشتی و فیزیکی بوو، و مرۆڤ و کەشتی و شەپۆلەکانی ئاو، کە لە قۆرئاندا و فەرموودەکانی خوای گەورەدا ھاتوو ".... و قیل یا.... إبلعی.... الجودی...." (ھوود/٤٤) ھەمووی سیمبۆولی فیزیکیین کە خۆای گەورە بەکاری ھێناون تا بەھۆیانەوە عەرەبەکان بتپەرستەکانی سەردەمی ( جاھلیەت) باشتر لە قۆرئان و ناوەڕۆکەکە پیرۆزەکەی تێبگەن.
دیارە کە وەک پسپۆران دەڵێن بوونی سووژێتی جیاواز لە ناوەڕۆکی چیڕۆکەکان گرنگیەکی تایبەتی ھەیە لە پەروەرەدە و فێرکردن، بۆیە دەبینین لەم جۆرە چیڕۆکانە دا سووژێت و بابەتی وەک گیانەوەر ھێمایەکی دیاری ناو چیڕۆکەکانن و ئەوە کاریگەری ئەو چیڕۆکە زیاتر دەکاتن ( ٣: ٣٥). دەبینین کە لە زریانی نوح دا ئاماژە بە کۆمەڵێک یان ھەموو گیانەوەرە جیاوازەکان دەدرێتن کە لە ڕاستیدا مەبەست لێی بوونی مرۆڤی جیاوازە، بە ھەموو جیاوازییە کۆمەڵایەتی و سروشت و فیزیکی و دەروونی و ھزرییەکانیانەوە، کە لە زانستێکی وەک سایکۆلۆژیای جیاوازییەکانی تاکی ( علم النفس الفروق الفردیە ) دا جێگیر بووە. تەنانەت ئەو دیاردە زانستیە لە پەرتووکە ئایینییەکانی تریش بە ئاشکرایی بەدی دەکرێ بۆ نموونە لە ئاڤێستا، پەرتووکی زەردەشتی پیامبەری ئاریایی میدیایی، کە پێکھاتووە لە نزیکەی ( ٨٣٠٠٠) وشە و بە یەکێک لە کۆنترین و دەوڵەمەنترین دەقە ئایینییەکانی جیھان دەژمێردرێتن، دا ئەو چەندە ھاتووە و ناو و نیشانی دیاردەکانی وەک ئاگر و گیانەوەرەکانی وەک گا و ئەسپ و مەڕ ( گۆسپەند، واتە گیانەوەری پیرۆز ، کە ناوێکە لە ناوەکانی زەردەشت)، دەبیندرێتن، بەڵام بوونی ئەو ناو و ڕووداو و گیانەوەرانە و ڕێزگرتنیان لە لایەن زەردەشت و زەردەشتییەکان، و بەتایبەت دیاردەی ئاگر واتای پەرەستش و ( عیبادەتی ) ئەوان ناگەینێ( ٥: ٢٣)، بەڵکۆ ئەوان ھێمای لایەنە دیارەکانی ژینگەی کۆمەڵایەتی و ئابووری ئەو سەردەمەن.
تەنانەت توێژینەوەکانی سەرەمیانە ھەندێ ڕاستیان دەرخستووە کە نیشان دەدەن بۆ نموونە گا یەکێکە لەو گیانەوەرانەی کە لە ڕووی خاوێن کردنەوەی ئاو و ھەوای ژینگەی سروشتی ھاوشێوەی دار و درەختەکان کاری وەرگرتنی گازەکانی وەک ئۆکسیژن و دی ئۆکسیدی کاربۆن دەسافێنێ. لەوانەیە لە ئاییندەدا زانست ھەندێ ڕاستی تر بدۆزێتەوە کە ھەندێ پیرۆزی کە لە تێکستە ئایینییەکان و لەوانەشە ئاڤێستا دا بدۆزێتەوە و بە ھۆیانەوە شارەزایی و لێھاتوویی زانستی زەردەشت لەو قۆناغە کۆنە دا، کە نیزکەی چۆار ھزار ساڵ لەمەو پێشە، دەربکەوێ.
دەروونناسی پەروەردەیی سەردەم ئەو شێوازەی پەرتووکە ئایینییەکان، و لەوانەشە قۆرئانی پیرۆز بە گەورەترین و پێشکەوتووترین شێوازی پەروەردە و فێرکردن دەژمێرێ و لەو بڕوایەدایە کە ئەگەر (نەعوزوبیلا) ئەم چێڕوکە لە شێوازی وشە و چەمکی ئاڵۆز و ئەبسترەکتی فەلسەفی و ھەندێ زاراوەی قورسی ھزری و بێڕامان یان ناڕێک، بھاتبایە لەوانەیە بە دەە ساڵ جارێک کەس توخنی خۆێندن نەدەکەوت. بەڵام سیمبۆلە فیزیکەکانی وەک ئاو و کەشتی و توفان و شەپۆل و.... ھتد، ھەموویان ئەو چەمک و دیاردە و ڕووداوە سروشتیانەن کە مرۆڤ ھەموو سەردەمێک ڕاستەوخۆ بە چاوی خۆی بینیویەتی.
بۆیە کە باس لەو چەم و تێگەە و وشانە دەکرێتین مەبەست تێگەیاندنیانە، ئەگەینا دەکرێ بە بۆێرییە بگۆترێ کە مەبەستیتری شاراوە لە پشتەوەی ھەر یەکە لەو وشە و چەمک و زاراوانە قۆرئان دا ھەن. توفانەکەی نوح دەکرێ نەک تەنھا توفانێکی فیزیکی بێ بەڵکۆ لە ھەمان کات و سات دا زریانێک و (توفانێکی) کۆمەڵایەتیش بەخۆیەوە دەگرێ. توفانی کۆمەڵایەتی لە ڕوانگەی زانستە مرۆڤیەکان و تایبەت کۆمەڵایەتی و سیاسەتدا ھەمان ئەو شۆڕش و ڕاپەرینانەن کە بە ھۆکاری جیاواز لە نێو کۆمەڵگا دا ڕوودەدەن.
نوح (س) سیمبۆلی سەرکردە و زانا و فەیلەسۆف و ئەو پێشەوایانەن کە لە خەمی نەتەوە ومیللەتەکەیان دا ڕۆژ و شەو ناناسن و بەختەوەری ئەوان و مرۆڤەکان بە ئامانجی ھەرە گەورەی خۆیان دەزانن و ئەو کارە و بیروبۆچۆن و تیرَِوانینە ھاندەری ھەرە سەرەکیی ئەوانە کە ھەندێ کاری گەورە ئەنجامبدەن و لە وانەشە دروستکرنی کەشتیەکی زەبەلاح کە قەبارەیەکی خەیاڵی، وەک کەشتیەکەی نوحی، ھەبێ. لە جیھانی مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتیدا دەبێ کاری لەو جۆرە خۆی لە ھەندێ چاڵاکی و کار و پرۆژەی گەورە دا ببینن کە بۆ نموونە لە کوردستان ڕێڕەوییە گەورە و مێژووییەکەی، سەرکردە ئەفسانەیی نەتەوەکەمان، بارزانی نەمر بۆ یەکێتی سۆڤیەتی جاران، و لە چەندین ساڵی ڕابردووش دا بڕیاری ڕاپەرینی کوردستانیان لە دژی زۆرداریی ڕژێمە خۆَێنخوارەکەی بەعس و سەدامی گۆڕ بە گۆڕ و دانانی پەرلەمانی کوردستان، و.... و لەم دوایەش دانانی بەردی بناغەی دەوڵەتی کوردستان، لەسەر دەستی ئەندازیاری ئەم دەوڵەتە جەنابی سەرۆک بارزانییەوە و ....ھتد، ئەو نموونانە زیندوویانەن، و کەشتیە داراوی و فیزیکییەکەی نوح (س) دەکرێ لە دیاردە کۆمەڵایەتیەکاندا و بۆ ڕووداوێکی وەک کوردستان دا ھەمان ڕۆڵ و کار و سیمبۆل و ھێمایەکەی ژینگەی کوردستان و بەتایبەت دەوڵەتی کوردستان بێ کە ئەمرۆ کۆمەڵێکی گەورەی مرۆڤی سەر بە نەتەوە و ئایین و مەزھەب و نەژادی جۆدا، و خاوەن کەلتوور و فەرھەنگ و زمان و داب و نەریتە جیاوازەکان، تیایدا بوونیان ھەیە و وەک خوشک و برای گیانی پێکەوە دەژین، و ساڵانێکی زۆر تەنانەت کەس بیریشی نایەت کە ئەوە مەسیحییە یان جوولەکە یان مۆسڵمان یان یەزید یان کاکەییە، مەگەر کەسانێک ھاتبن و ئەو بیروباوەرەیان ئازراندبێ و ( فیتنەی) لەو جۆرە ھەلگیرساندبێ، و گەواھی ئەم قسەیەش باب و باپیرانمان کە دانیان بەم ڕاستیە ناوە.
چەمکەکەی شەپۆل لە چیڕۆکەکەی زریانی نوح دا دیاردەیەکی فیزێکییە و شەپۆلە یەک لە دوای یەکەکان، و بە گەورە و بچوکەکانیشەوە، ھێمای وزە و پۆتانسیێل و ھێزە مەترسیدارەکەی ئاون، و بە یەکێک لە ھێزە فیزیکییە بەھێز و کاریگەرەکانی سروشتی دەناسرێتن، کە دوور نیە ئەو شەپۆلانە و لە ھەموو جۆرە ورد یان بەرز و گەورەکانی دا ببن بە ھۆکاری تێکشاندن و نقومبوونی ھەر شتێک یان کەسێک یان کەشتیەکی نێو دەریا دا، و ھاوشێوەی ئەو قسەیەش زۆر ڕوودا و کارەساتی بچووک و گەورەی وەک تسونامین کە لسەر دەستی ئاو و لە ژێر کاریگەرییەکی لەم جیھانە دا ڕوو دەدەن و کارەساتی زۆر گەورەی لێدەکەوێتن.
ئەو نموونە فزیکییەی چێرۆکی نوح (س) لە ژینگەی کۆمەڵایەتی و مرۆڤی دا زۆر بەرفراوانترە و دەتوانێ ڕووداوە مێژوویی و ئایینی و سیاسی و کۆمەلایەتی و ئابوورییە جۆراوجۆرەکان و یان کەسانی پایە بەرز و ناسراو و دەستڕۆیشتو یان زانایان و مامۆستایان و چین و تۆێژی جیاوازی ھەر کۆمەڵگایەک بە خۆیەوە بگڕێ. و ھیچ گۆمانی تیایدانیە کە ھەر تاکێک وەک شەپۆلێکی بچوک و چین یان ڕووداوی گەورەتر وەک شەپۆلە گەورە و بە ھێزەکان کاریگەرییان لسەر ئەو کۆمەڵگایە و تەنانەت دەولەتی کوردستان، کە نموونەکەی ئێمەیە، ھەبێ و ئەویش بە پێی ئاستی قەبارە و توانایی و ھێز و کاریگەری خۆی لە کۆمەڵگا دا و بە تایبەت لە بۆاری ڕای گشتی و ئاراستە جیاوازەکانی باوی ناو ئەو کۆمەڵگایە. دیارە ھێز و توانایی کاریگەری مرۆڤێکی ئاسایی و بێ دەستھەڵات وەک کاریگەری شەپۆلێکی بچووکە بە سەر کەشتی دا و ئاستی کاریگەری کەس و لایەن و ڕووداوی گەورە ھاوشێوەی شەپۆلە مەزن وبەھێزەکانە، کە دوور نیە کاریگەری ئەرێنی یان نەرێنی بە سەر ڕای گشتی و ئاراستەی کەشتی یان ڕووداوەکانی کۆمەڵگاوە ھەبێ.
جیاوازی ئەم دوو زریانە کۆمەڵایەتییە و ھاوشێوەی ئەو جۆرە توفانانە و لافاوەکەی نوح پێغەمبەر(س) و توفانە کۆمەڵایەتیەکەی کۆمەلگای کۆردستان لەوە دایە کە شەپۆلەکانی تۆفانی یەکەم لە چوارچێوەی بنەمایی (حەتمیەتی) فیزیکی و لە ژێر کۆنترۆڵی خۆای ئەھوەرامەزدای گەورە دان، کەچی لە جۆری دووھەم دا تاک تاکی شەپۆلە مرۆڤیەکان خۆیان خاوەن ویست و توانایی و (ئیرادەن) و دەتوانن وەک چۆن خۆیان دەوێ ھەڵسوکەوت و ڕەفتار بکەن و بجووڵێن نەک کەس یان کەسانێک یان لایەن و ولاتێک ئەو کارەیان بە زۆر و بە زەبری شەق پێیان بکاتن.
ئەمرۆ کەشتیەکەی نوح بۆ ئێمە دەولەتی کوردستانە، کە تەخ و چین و ئایین و مەزھەب و نەتەوە و نەژادی جیاوازی تیایدا دەژیتن، ئەو کەشتیە و دەولەتە ئیمرۆ لە سەر دەستی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و بە پێشەوایی و سەرکردایەتی فەرماندەیی گشتی ھێزی پێشمەرگە جەنابێ سەرۆک بارزانی لە سەر دەریایەکی پڕ لە شەپۆلە گەورە و بچوکەکان و لە ناوچەیەکی پڕ لە دوژمن و نەیار دا بەرێگاوەیە. دیاریشە وەک کەشتیەکەی نوح، ئەم کەشتیەش وا بە ئاسانی لە سەر چیای جودی نانیشێتەوە. بێجگە لە نەیاران و شەپۆلە بە ھێزکانی دەریا، کەسانێکی ھاوشێوەی کۆڕەکەی نوح، لە کوردستان، کە لە خۆ وەر بێ کۆڕی ئەم کوردستانەن، دان بە بیروباوەرەکانی نوح و دڵپاکی و ئەزموون و دڵسۆزییەکەی نانێن و بڕوایان بەوەنیە ئەو کەشتیە، وەک چۆن کەشتی نوح لە سەر چیایێ جودی نیشتەوە، چەندین ھزار مەتر ئەو لاتر لە سەر شاخە ھۆلاکۆەبەزێنەکەی کوردستان و شاری قەڵا و منارە و ھەولێری پایتەخت دەنیشێتەوە، ھەوڵ دەدەن خۆیان لەپەنای گردێک لە سلێمانی یان کێوە بەرزەکانی قەندیل، لە مردن و نقومبوون ڕزگار بکەن، بەڵام ئەوان نازانن کە ئەو گرد و شاخانە بە قەدەر جودی و ھەولێری کوردستان توانایی بەرگریکردنی لە ئەوان نیە بەرامبەر بە پێل و شەپۆلە بەھێزەکانی دەریا و دوژمنە بەھێز و زۆر و زۆردارەکانی کورد و کوردستانیان.
بۆیە ئەگەر کەسێک ھەیە خەڵپاڵاوی دەکاتن و وا تێدەگاتن کە دەتوانێ بە ھاوکاری ئەم لا و ئەو لای کەسانێک، کە لە بنەڕەتدا کەس شتێک و لایەنێک نین جگە لە دووژمن و نەحەز و نەیارانی کوردستانیان و ئارامی و ئاسوودەیی ناوچەکەمان، و وەک کۆڕەکەی نوح خۆی لە نقومبوونێکی مسۆگەر ڕزگار بکاتن، دەبێ زۆر بە ڕاشکاوانە پێی بگۆترێتن کە زۆر بە ھەڵە داچووە و ئەو و ئەوانیش بە دەردی ھەمان کۆڕە و کەسانیتری ( قەوم) و خەلچکە نەزانەکەی نوح دەچن.
کاتی ئەوە ھاتووە لە جیاتی ڕک و عینادی سەرەخۆرە، بەگەر ئەو ھەلۆیە بکەوین کە ھاوشێوەی نوحی باوکمان (س) دەیەوێ لە مردن و بندەستی و کۆلەداری و جینۆساید و ئەنفال و کارەساتەکانی وەک حەلەبجە و گەرمیان و بادینان ڕزگارمان بکاتن بە مەرجێک ھەموومان بە یەکەوە و وەک یەک و سەرباری جیاوازی ھزری و سیاسی و بیروباوەر، وەک شەست حەفتا کەسەکەی پەیرەوی نوح، سواری کەشتیە ڕاستەقینە و بەھێز و پۆڵاینەکەی کوردستان ببین و خۆمان ڕزگار بکەین تاوەکو نەکەوینە ژێر باری کاریگەریی بیروباوەری کەسانی کە ئەمرۆ دەکەونە خانەی کەسانی وەک کۆڕە بەدەبەختەکەی نوح(س).
سەرچاوەکان:
١-قۆرئان/ تەفسیرا رۆناھی یا مەلا سەید عەلی شیلانی، چاپا ئێکەم، ١٩٩٨ ، چاپخانا زانست، دھوک، ( ٦٠٤ )ل.
٢-خەزنەدار، مارف (٢٠٠١ ). مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی یەکەم، چ.١، چاپخانەی ئاراس، ژ. ( ٤٥ )، ھەولێر: کوردستان، ( ١٣١ )ل.
٣-ئەحمەد، نەوزاد عەلی ( ٢٠٠٧ ). منداڵ و ئەدەب لێکۆڵینەوە، چ. ٣، چاپخانەی ڕوون، سلێمانی:کوردستان، ( ٧١ )ل.
٤-رچائی، عبدالعڤیم ( ١٣٧٦ ). تاریخ دەە ھزار سالە ایران از پیدایش ئاریایھا تا انقراچ پارتھا، جلد اول، چاپ اقبال، چاپ ھشتم، تھران: ایران، ( ٣٤٥ )ێ.
٥-محەمەد، مەسعوود ( ٢٠٠٨ ). زمانی کوردی، وەرگێڕانی پەرتووکی ( اللسان الکرد): حەکیم کاکەوەیس، ھەولێر: کوردستان، (٤٠)ل.
٦- قەرەچەتانی ( ٢٠١٤ ). سایکۆلۆژیا و ڕێگاکانی وانەوتنەوە، چاپی یەکەم، چاپخانەی پیرەمێرد، سلیمانی: کوردستان، ( ٢٨٧ )ل.


*مامۆستای ئەکادیمی/پسپۆرێ زانستەکانی پێداگۆگی و سایکۆلۆژی/زانینگەی زاخۆ (٢٤/١٢/٢٠١٦ نووسراوە).




Top