منیش دەتوانم بڵێم نەخێر

منیش دەتوانم بڵێم نەخێر
من کە ئێستا لە بەرەی بەڵێم و بڕیارم داوە بڵێم: بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان، دەتوانم بچمە ناو بەرەی نەخێر و بڵێم: نەخێر بۆ گشتپرسی، نەخێر سەربەخۆیی کوردستان, تۆش کە ئێستا لە بەرەی نەخێری و بڕیارت داوە بڵێی: نەخێر بۆ سەربەخۆی کوردستان، دەتوانی بێیە ناو بەرەی بەڵێ و بڵێی: بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان، جا بەر لە گوتنی بەڵێ یان نەخێر دەبێ من تۆ ئەو راستییە بزانین کە بەڵێ و نەخێری ٢٥ی ئەیلول چارەنووسسازە و جیاوازە لە هەر بەڵێ و نەخێرێکی پێش ٢٥ی ئەیلول و دوای ٢٥ی ئەیلوڵ، بۆیە پێویستە بەر لە گوتنی بەڵێ یان نەخێر زۆر بە وردی و هەست کردن بە بەرپرسێارێتی مێژویی و نەتەوەیی لە دەرئەنجام و لێکەوتەکانی بەڵێ و نەخێر بکۆڵینەوە.
من بەش بە حاڵی خۆم دەزانم ئەگەر بڵێم نەخێر، توولە رێگاکان لێم بە دەنگ دێن و دەڵێن: لە شەوانی ئەنگوستە چاودا، ئەوە من بووم فەرشی شۆڕشگێڕیم بۆ رادەخستی و یەک بە یەک هەنگاوەکانم دەبژاردی، بەرگی خاکی پێمدەڵێ: ئەوە من بووم لە چاوی کەمینەکانی سەر رێگام ون دەکردی، تفەنگی شانم پێمدەڵێ: تاکە هیوای خۆ پارێزی و بەرگری کردنت لە کوردستان من بووم، مەتارە نیوە لە ئاوەکەی قەدم پێمدەڵێ: ئەوە من بووم لێوە وشک هەڵاتووەکانتم تەڕ دەکردنەوە و بۆ زەمەنێکی درێژ هێزم بەبەردا دەکردیەوە، ئەدیداسەکەی پێم پێمدەڵێ: ئەوە من بووم دڕکەکانی ژێر پێتم وردوخاش دەکردن، سەنگەری بەرگری پێمدەڵێ: تۆ و سەربەخۆیی کوردستان دوو ئاشقە بێدارەکە بوون و چیرۆکی مەم و زینتان بۆ یەکتری دەگێڕایەوە، منیش جێژوانتان بووم و لە بەکر مەرگەوەڕەکانم دەپاراستن، هاوڕێ شەهیدەکانم پێمدەڵێن: خۆزگەکانمان ئامانەتی تۆ کردن، هەموو ئەوانە لە ٢٥ی ئەیلول چاوەڕوانی یەک (بەڵێ) لە من دەکەن، منیش بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندی ئەوان دەڵێم: بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان.
ئێوەی نەخێرش ئەگەر بە توولە رێگاکاندا رێتان کردبێ یان نەکردبێ، ئەگەر بەرگی خاکیتان پۆشیبێ یان نەپۆشیبێ، ئەگەر تفنەگی بەرگریتان کردبێتە شان یان نەکردبێتە شان، ئەگەر ئاوی مەتارەتان نۆش کردبێ یان نۆش نەکردبێ، ئەگەر بۆ جارێکیش قەیتانی ئەدیداستان توند کردبێ یان توند نەکردبێ، ئەگەر سەنگەر جێژوانی ئێوە و سەربەخۆیی بووبێ یان نەبووبێ، ئەگەر لە ٢٥ی ئەیلول نەخێر بکەن بە بەڵێ، دەبنە خاوەنی هەموو سەروەریەکانی مێژوو و کاراکتەری بنیاتنانی داهاتووش دەبن.
Top