دەوڵەتی سەربەخۆیی كوردستان ،گەرٍاندنەوەی شكۆ وسەروەریی و پاراستنی دەستكەوتەكانە..
September 5, 2017
وتار و بیروڕا
دەیان ساڵە پێشمەرگە خوێن و گیانیی دەبەخشێت و بن بەرد و چیاو دۆڵی ئەو كوردستانە نەماوە كە خوێنی پێشمەرگەی لە نەرێژرا بێت و گیانیی لە پێناو رزگاری و ئازادی و سەرفرازی و لە هەموو شی گرنگتر ئاواتی لە مێژینەوەی دەوڵەتبوونی كوردستان فیدا كردووە .سەربەخۆیی كوردستان، زۆر لە مێژە هەووان چاوەڕوانی ڕیفراندۆم دەكەن ، پێویستە هەموو تاكی كورد بە هەموو توانای خۆی هەوڵ بدات، بۆ سەربەخۆیی كوردستان، دەبێت بیر لەو هەموو خوێنی شەهیدانە و ئەنفال و كارەساتی كیمیاباران بكەینەوە، بەڕاستی ئەو هەموو قوربانیدانە بۆ ئەوە بووە سەربەخۆیی كوردستان بێتەدی. هیچ میللەتێك بە قەد كورد قوربانی دابێ، بستێك لە خاكی كوردستان نەمایە بە خوێنی كورد ئاو نەدرابێ، هەزاران دایك و باوك بێ ڕۆڵە مانەوە.هەموو جیهان دەزانێ، میللەتی كورد تا ئێستا بەردەوامن لە شۆڕش و قوربانیدان، هەر بۆیە تاكو كوردستان ببێتە سەربەخۆ و گەلی كورد هەناسەی ئازادی هەڵبكێشن، جا دەبێ چ ویژدانێك قبوول بكات ئەو هەموو قوربانیەی بێتە بەر چاو بتوانێ باس لە وشەی نەخێر بكات.دەبێ ئێمە هەستی نەتەوایەتیمان بجۆڵێ و ئەو دەرفەتە زێرینە لە دەستی خۆمان نەدەین، با گەورەترین دەستكەوت لە دەست نەدەین بۆ هەندێ شتی بچووك، كە ببنە هۆی لە دەستدانی بەرهەمی هەموو خوێنی شەهیدانی ئێستا و ئایندەشمان، بۆیە ئەركێكی نەتەوەییە داوای سەربەخۆیی كوردستان بكەین. ئەرکی سەرشانی سەرجەم هێزولایەنەسیاسییەکانی کوردستانە، یەک هەڵوێست و یەک ڕیزبن کە بنهما و پایەیە بۆ سەرکەوتنمان، تاوهكو ئەوڕۆژەی کە دیاری کراوە بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی، بیكهینە ڕۆژی سەرکەوتنی گهلهكهمان و دەربازبوون لە کۆت و بەند و ژێردەستی داگیركهران و دوژمنانی کورد و جاڕدانی سەربەخۆیی کە ئامانجی هەموو تاکێکی کوردە.
هەموو گەلانی خاوەن كەلتوور و خاك و مێژوو مافی دەوڵەتبوونیان هەیە ، میللەتی كوردیش یەكێكە لەو نەتەوە رٍەسەنانەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوین بە هۆی زۆرداری و بەرژوەندی زڵهێزان خاكی كوردستانیان دوور لە ویستی كورد بە سەر وڵاتانی ناوچەكە دابەشكرد ، ئەمەش وایكرد زیاتر لە سەدەیەكە بە هۆی بێ دەوڵەتبوون و داگیركەراییەوە تووشی چەوسانەوە و جینۆساید ببینەوە . بۆیە گۆرانكارییەكانی ناوچەكە وهەڵوەشانەوەی ئەو پەیماننامە شوومە جارێكی تر ئەو دەرفەتەی رٍەخساند تا كورد پێداگری لە سەر گەرٍانەوەی خاك و شوناسی خۆی بكات .دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم و گۆڕینی نەخشەی سیاسی ناوچەکە، هەڵوێستی بەغداش گۆڕانکاری بەسەردادێت.ئەنجامدانی ریفراندۆم مافێکی سروشتیی هاووڵاتییانی کوردستانە بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، هەرێمی کوردستان لە ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی پشتگیری و هاوکاری نێودەوڵەتی هەیە، هیچ وڵاتێک نییە دژ بە پڕۆسەیەکی دیموکراسی بێت کە خەڵک بڕیاری خۆی بدات. ئەو وڵاتانەی دژ بە ریفراندۆمی هەرێمیش بن دیارە باوەڕیان بە مافی خەڵک و دیموکراسی نییە لە وڵاتی خۆیان و لە دەرەوەی وڵاتەکەیان، ئەوەی گرنگە ئەوەیە ئێمە ئەو مافە بە دەست بهێنین، دواتر وڵاتانی زڵهێزی جیهانیش هەڵوێستی خۆیان دەبێت.هەرێمی کوردستان دوای راگەیاندنی سەربەخۆیی تەواوکەری ئەزموونی بەغدا نابێت، بەڵکو سیستەمی حکومڕانی بە شێوازێکی پێشکەوتوو و نوێ دەبێت، چونکە قۆناغی دەوڵەت بوون جیاوازە لە قۆناغی هەرێم بوون.دوای گۆڕینی نەخشەی سیاسی لە ناوچەکە، هەڵوێست و کاری جددی دوای ریفراندۆمی هەرێم دەست پێدەکات، پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم بەغدا لەگەڵ ریفراندۆم بێت یان دژی ریفراندۆم بێت، هەرێمی کوردستان ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەنجام دەدات. هەرێمی كوردستان گەیشتۆتە ئەو دەرئەنجامەی كە درێژەدان بە ژیانی مانەوە لەگەڵ عێراقی یەكگرتوو شكستی هێناوە و خەڵكی كوردستان چۆك لەبەرامبەر گۆشارە دەرەكیەكان دانانێن و ریفراندۆمی سەربەخۆیی كە جیابوونەوەی هەرێمی كوردستان لە عێراق لێدەكەوێتەوە لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا لە بیست و پێنجی ئەیلوول بەرێوە دەچێت.