کورد و حزبی سرووشت بەهاری

کورد و حزبی سرووشت بەهاری
حزبی و ناحزبی، سیاسی و ناسیاسی، رۆشنبیر و نارۆشنبیر, خوێندەوار و نەخێندەوار، لایەندار و بێلایەن، لە هەر کەسێک بپرسی مەرجی سەرکەوتنی کورد و تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە دەبەستنەوە بە رێکخستنەوەى ناوماڵی کورد و کۆدەنگی و یەکهەڵوێستی نەتەوەیی، ئەوە راستییەکی مێژووییە و کەس ناتوانێ نکولی لێبکات، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە ئەو حزبەی لە هەموویان زیاتر پێ لەسەر ئەو راستیە مێژوویییە دادەگرێ و رێکخستنەوەى ناوماڵی کورد و کۆدەنگی و یەکهەڵوێستی نەتەوەیی بە فاکتەری سەرکەوتن ناو دەبات، کەچی خۆی دژی ئەو فاکتەرە دەجووڵێ و تەنانەت ناوماڵی حزبی خۆی پێ رێکناخرێ و لەسەر هەر پرسێک بە برسە نەتەوەیی و چارەنووسسازەکانیشەوە بە چەندین ئاوازی دژ و پێچەوانە دەخونێنێ.
کە دەڵێم ئەو حزبانە سرووشتی بەهاریان هەیە، مەبەستم لە سرووشتی بەهاری پابەند نەبوونە بە یاسا و رێسا باوەکان، وەک ئەوەی لە وەرزی بەهاردا لە ناوچەیەک گۆڵەگۆڵ و بارانە و هەور تێکەوەداون، لە ناوچەیکی تر ساماڵە و کەش و هەوا زۆر خۆشە، هەر دوای چەند خولەکێکی کەم بارودۆخەکە دەگۆڕێ و لەو ناوچانەی گۆڵەگۆڵ و بارانە و هەور تێکەوداون، کەش و هەوا خۆش دەبێت و پەڵە هەورێک بە ئاسمانەوە نابینرێ، لەو ناوچانەش کە پێشتر کەش و هەوا خۆش بووە دەبێتە گۆڵەگۆڵ و دایدەکاتە باران بارین و تێکەوەدانی هەوران.
هەندێ حزبی کوردی و بە تایبەتیش حزبەکانی سلێمانی هەمان سرووشتیان هەیە، دەبینین لەناو یەک حزبدا و لەسەر یەک پرسی دیاریکراو دەبێتە دەستەبەندی و دوو دەستە و سێ دەستە و بگرە زیاتریش درووست دەبن، هەر دەستەیەش رای تایبەت بە خۆی هەیە و بە پێی حەز و ویستی سیاسی دەستەکەی خۆی دەگۆڵێنێ، بۆ بەیانی و لەسەر هەمان پرس ئەگەر دەستەیەک رای خۆی بگۆڕێ، ئەوا دەستەکانی تریش رای خۆیان دەگۆڕن، بۆ نموونە لەسەر پرسی گشتپرسی و سەربەخۆیی کوردستان، کە پرسێکی چارەنووسسازە و پەیوەندی بە ئێستا و داهاتووی نەتەوەییمانەوە هەیە، بە خولەک رای دەستەکان دەگۆڕێ، دەستەیەک دەڵێ: بەڵێ بۆ سەربەخۆیی، دەستەیەکی تر دەڵێ: کوڕە بەڵێی چی؟ نەخێرێکی ئەوەندە، دەستەیەکی تریان لە نێوان بەڵێ و نەخێردا دوو دڵن و چەندی دەکەن خۆیان پێ ساغ ناکرێتەوە.
Top