کاکەییەکان چۆن دەڕواننە پرسی سەربەخۆیی کوردستان

کاکەییەکان چۆن دەڕواننە پرسی سەربەخۆیی کوردستان
ڕەنگە پرسی سەربەخۆیی بە لای پێکهاتەی کاکەییەوە مانا و مەبەستی جیاواز و پیرۆزتری هەبێت وەک لە پێکهاتەکانی تری کورد و کوردستان. سەربەخۆیی بە مانای سەربەخۆیی خاک و نەتەوە و فەرهەنگ و باوەڕ، لای کاکەییەکان قورسایەییەکی زیاتری هەیە.ئەمانە بە درێژایی چواردە سەدەی ڕابردوو، زۆربەی جارتوانیویانە بە شێوەیەکی ئاشتیانە فەرهەنگی کوردان بە گشت لقەکانییەوە بپارێزن، هەر لە زمانەوە بیگرە تا دەگاتە مۆسیقا و باوەڕ و دابونەریتی لەمێژینەی کوردان.
خاکی کوردستان کە مەڵبەندی باوباپیرانی کوردە لانکەی سەرهەڵدانی باوەڕی یارسانی(کاکەیی)یەکانە. شوێنە پیرۆزەکانی ئەمان و ڕۆگەکەیان لە باوەشی چیا سەرکەشەکانی کوردستاندایە و شارەزوور پایتەختی ئەم باوەڕەیە. شارەزوور (جنة المأوي) سەرەتا و کۆتاییە. هەر بۆیە جێیەکی وا کە لەناو دڵی کوردستاندایە نابێت و ناکرێت ژێردەستەی دوژمنان بێت. ئازادیی خاک و مرۆڤ و فەرهەنگ سێکوچکەی بوون و مانی هەر نەتەوەیەکە، هەروەها کوردیش.
کاکەییەکان نەک تەنێ پارێزەرانی فەرهەنگی کوردن، بەڵکو بەو پێیەی کە زۆربەی ناوچە و دێهاتەکانیان هاوسنووری عەرەبن بۆیە بوون بە پارێزەرانی چەندین دەروازەی کوردستان. ئەمان تا ئێستا توانیویانە ئەو دەروازانە زۆربەی جار بە ئاشتی و هەندێ جاریش بە شەڕ، بپارێزن. هەر بۆیە گوندەکانیان دووچاری بەعەرەبکردن بوون و زەوییەکانیشیان لێیان زەوت کراون، لەگەڵ ئەوەشدا کۆڵیان نەداوە و تا ئێستایش لە بڕێکی زۆری دێهاتەکانی خۆیان ماونەتەوە و ئەو دێهاتانەی لێشیان داگیر کرابوون بە یارمەتیی هێزی پێشمەرگە و بە خوێنی شەهیدان رزگار کراون.
کاکەییەکان لە بەشداریکردن لە شۆڕشەکانی کورد درێغییان نەکردووە و بە شارنشین و گوندنشینەوە هاتوونەتە ڕیزی شۆڕشەوە و لە پێناوی بەرگریکردن لە کورد و کوردستان لە خەباتی چەکداریدا بەشدار بوون و سەدان قوربانییان داوە. ئەمە لە کاتێکدا گوند و ناوچەکانی ئەوان لە شەڕ و پێکدادانی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق دوور بوون، بۆیە ئەمان گوند و خێزانی خۆیان جێهێشتووە و خۆیان گەیاندووتە ناوچە شاخاوییەکان بۆ ئەوەی پەیوەندی بە ڕیزەکانی پێشمەرگەوە بکەن. هەر لەبەر ئەمەیش ماڵ و حاڵ و گوندیان تووشی تاڵان و بڕۆ بووە و لە هەندێک شوێندا لەلایەن عەرەبەوە داگیر کراون.
دوای لەناوچوونی رژێمی بەعس و پەیدابوونی قاعیدە و پاشانیش داعش، کاکەییەکان قوربانییەکی زۆریان داوە، بەلای کەمەوە تا ئێستا (٣٠٠) شەهیدیان داوە، کە ئەمە ڕێژەیەکی زۆرە بۆ پێکهاتەیەکی بچووکی وەک کاکەیی. تەنێ لە هێرشی داعش بۆ سەر کەرکووک لە ڕۆژی ٢١/١٠/٢٠١٦، لە کاتی بەرەنگاربوونەوەی ئەو چەتانەدا و لە پێناوی پاراستنی کەرکووک و ئاسایشی خەڵکەکەی حەوت شەهیدیان داوە.
پرسی سەربەخۆیی کوردستان پرسێکی نیشتمانی و نەتەوەییە، موڵکی هەموو خەڵکی کوردستانە بە جیاوازیی نەتەوە و ئایین و باوەڕەوە، موڵکی هیچ حیزب و لایەنێک نییە، هەر بۆیە دەبێت هەموومان یەکدەنگ و یەکڕەنگ و یەک گوفتار و یەک رەفتار بین، بۆ ئەم مەبەستەیش ماڵی کورد رێک بخەین و تێکڕا پێکەوە بڵێین: بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان.
پرسی سەربەخۆیی هەر ئێستا کاتی خۆیەتی دەنا هەرگیز. سبەینێ کە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لە شەڕی داعش ببنەوە و لەسەر پێی خۆیان بوەستنەوە، بە دڵنیاییەوە رووی چەک و تۆپخانەکانیان لە کوردستان دەکەن. ئەو کاتە پەشیمانی دادی هیچ لایەن و کەسێک نادات. راستە کورد بەرگری دەکات و وا بە ئاسانی خۆی ناداتە دەستەوە، بەڵام تا ئێستا هێندە قوربانیی داوە شەکەت بووە، ئەگەر قەرارە لە داهاتوودا دیسان قوربانی بدات، با ئەو قوربانی و خوێنە لە پێناوی بەرگریکردن لە خاکێکی ئازاد و لە نیشتمانێکی سەربەخۆ بێت. ئیتر هیچی بە بەرەوە نەماوە بۆ ئەوەی پرسی سەربەخۆیی دوابخرێت.
ئێستا ئیدی کاتی ئەوەیە دین و دەوڵەت تەکمیل بکرێت و خەونی حەزرەتی خانی بێتە دی:
گەر دێ هەبوویا مە ئیتیفاقەک
ڤێکرا بکرا مە ئینقیادەک
رۆم و عەرەب و عەجەم تەمامی
هەمیا ژ مە رە دکر غولامی
تەکمیل دکر مە دین و دەولەت
تەحسیل دکر مە عیلم و حیکمەت


Top