ئازادی و سەربەخۆیی مافێكی خوداییە بۆ هەمووانە

ئازادی و سەربەخۆیی مافێكی خوداییە بۆ هەمووانە
هەركەسێ هەڵوێستی مەردانە و دادپەروەرانەی حەزرەتی عومەری كوری خەتتابی خوێندبێتەوە بێگومان زۆر وەستاوە لە سەر رووداوی لێپێچینەوە لە كوڕی والی میسری ئەو سەردەم كە لە پێشبڕكێ هەسپ سوارانە لە گەڵ كورە هەژارێك دەدۆڕێ كوڕی والیەكە لە حەیفی ئەوەی كە دۆڕا قامچییەكی لێدەدات و كوڕە هەژارەكەش شەكوای خۆی بۆ ئیمامی عومەر دێنێتە شاری مەدینە، و یەكسەر فەرمان دەردەچێت كە والی میسر و كوڕەكەی بێنە مەدینە و لەوێ لە جوانترین دیمەنی دادپەروەرانە كە مێژووی مرۆڤایەتی پێی سەرسامە ئیمامی عومەر فەرمان دەدات كە كوڕە هەژارەكە مافی خۆی لە كوڕی والی بستێنێت و قامچییەكی لێ بداتەوە و كوڕە هەژارەكەش وادەكات. دیسان فەرمانی پێدەدات كە قامچییەك لە والیەكەش بدات كوڕە هەژارەكەش بە ئیمامی عومەری گۆت كە بۆچی لەو بدات؟ ئیمامی عومەریش فەرمووی : چونكە ئەو كوڕە لەسایەی باوكی ئەم كارەی كردووە.
ئەوجا ئیمامی عومەر وتەیەكی زێڕینی فەرمووە كە شایستەیە بە ئاوی زێر بنوسرێتەوە و لەسەر دەرگای هەموو دادگاكان بنوسرێتەوە بەڵكو لەسە دەرگای نەتەوە یەكگرتوەكان بنوسرێتەوە كە ئەویش ( متی استعبدتم الناس وقد ولدتهم امهاتهم أحرارا) واتە كەی خەڵكتان كردووە بە بەندە كە بە ئازادی لە دایك بووینە، ئەمە رێك جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی قورئانی پیرۆزە كە دەفەرموێت (((يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُم مِّن ذَكَرٍ وَأُنثَىٰ وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا ۚ إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِندَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ ۚ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ )) الحجرات: ١٣
ئەی خەڵكینە ئێمە ئێوەمان لە نێر و مێیەك دروستكردووە، و ئێوەمان كردۆتە چەندین گەل و هۆز وتیرە بۆ ئەوەی یەكتر بە چاك بناسن و بەڕێزترینتان ئەو كەسەیە لە خوا ترس بێت،خوا زاناو ئاگایە بە هەمووان .
واتا: ئێمەی مرۆڤ لە بنچینەدا یەكسانین و مافی ئازادی بۆ هەمووان فەراهەم كراوە و خوا بە هەموو كەسێكی بەخشیوە، كەس بۆی نییە ئەو مافە زەوت بكات و خەڵكی تری لێ بێبەش بكات، و میللەتی كوردیش وەك میللەتانی دی مافی خۆیەتی كە سەربەخۆ بژیت و ئازاد بێت لە بریارداندا وهیچی لە میللەتانی تر كەمتر نییە، بەڵام لە مێژووی كۆنەوە تا ئێستاشی لەگەڵ بێت زۆرترین ستەمی لێ كراوە و لە مافە ڕەواكانی بێبەش كراوە، بۆیە ئێستا دەرفەتی بۆ ڕەخساوە كە دەنگ هەڵبڕێ و بڕیاری خۆی بدات كە سەربەخۆ بژیت حەق وایە كە ئەم دەرفەتە مێژووییە لە دەست نەدات و چیتر دوای نەخات، خۆ ئەگەر كەسێك لە بیابانێك بێت و زۆری تێنو بێت خەریك بێت لە تینوان بخنكێت و كەسێكی لێ ڕاست بێت و جامێك ئاوی ساردی لە دەست بێت و پێی بڵێ ئەم ئاوە دەخۆیتەوە ؟ ئایە وەڵام چۆن دەبێت ؟دەكرێ كەسە تینوەكە بڵێت :نا، ئێستا كاتی نییە؟.
جا میللەتی كوردیش لەژێر دەستی دوژمنانی زۆر بێتاقەت بووە، چۆن دەبێت بە بیانووی جۆراو جۆر ئەم دەرفەتە دوابخرێت؟ مرۆڤ بەرگەی هەموو شتێك دەگرێت، بەڵام بە هیچ شێوەیەك بەرگەی ژێردەستی وكۆیلەتی ناگرێت .
بۆیە پێویستە هەرچی گرفتە كە دەبێتە ڕێگر لە ئەنجامدانی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی كوردستان بە زوترین كات چارەسەر بكرێت ؟ هەموو لایەنەكان رێك بكەون لەسەر ئەم بابەتە هەموو گلەییەكان هەڵپەسێرن و ڕایبگرن، بۆ ئەوەی ئەم دەرفەتە لە كیس نەچێت پێویستە سەركردایەتی كورد لە ئاست ئەم هەلە گرنگە بێت؟ تا زووە ناو ماڵی خۆی رێك بخات و هەموو لایەك قوربانی بدات و لێك نزیك ببنەوە و كیشەكان چارەسەر بكەن .
بێ متمانەیی نێوان خەڵك و حكومەت چارەسەر بكەن، و دڵی دڵشكاوان چاك بكەنەوە ؟ هەموو شتێك قابیلی چارەسەرە مادام نیەتەكان پاك وبێگەرد بن .
خوای گەورە ئێمەی بە ئازادی خوڵقاندووە و كەسیش بۆی نییە بمانكات بە بەندەی خۆی؟ ئێمەش بڕیاری خۆمان دەدەین كە سەربەخۆییمان گەرەكە، و ئاواتی هەمیشەیی هەموو كوردێكە.

Top