په‌نجه‌ له‌سه‌ر برینه‌كان دابنێی

په‌نجه‌ له‌سه‌ر برینه‌كان دابنێی
ئێسته‌ كوردستان له‌باره‌ی ڕیفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی دابه‌شی سێ به‌ره‌ بووه‌, به‌ره‌ی (به‌ڵێ, نه‌خێر, به‌ڵێ و نه‌خێر). هه‌ردوو به‌ره‌ی (به‌ڵێ و نه‌خێر) دوو به‌ره‌ی ڕاشكاو و ڕاستگۆن له‌گه‌ڵ خۆیان و ئه‌ندام و شوێنكه‌وتووانیان بۆچوونی خۆیان خستووه‌ته‌ ڕوو, به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی تێڕامانه‌ به‌ره‌ی (به‌ڵێ و نه‌خێره‌) له‌ ھه‌مان كاتدا، ده‌بێت ئامانجیان چی بێت له‌م هه‌ڵوێسته‌ له‌ كاتێكدا ئه‌وه‌ی توانای بیركردنه‌وه‌ی ھه‌بێت شۆك ده‌بێت به‌م هه‌ڵوێسته‌یان.

چه‌ند لایه‌نێكی سیاسی "به‌ڵێ"یان هه‌ڵبژاردووه‌ و به‌ڕاشكاوی كاری بۆ ده‌كه‌ن، به‌ره‌ی نه‌خێریش كه‌ پێك هاتوون له‌ گرووپێك به‌ ئاشكرا دژایه‌تیی خۆیان بۆ ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆبی راگه‌یاندووه‌، به‌ڵام له‌ هه‌ردوولا خه‌ڵك و سیاسیی به‌رپرس هه‌ن روون نین و مرۆڤ وا هه‌ست ده‌كه‌یت ده‌یانه‌وێ دوو ده‌نگ بده‌ن بۆ به‌ڵێ و نه‌خێر له‌ یه‌ككاتدا. له‌وانه‌:

۱- یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كه‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ڕیفراندۆمه‌، هاوكات وا ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ دژی ڕیفراندۆمه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی یه‌كێتی ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ئه‌و حزبه‌ بوێریی بڕیاردان و خۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی نییه‌، یان ئامانجیانه‌ له‌ هه‌ردوو به‌ره‌ی به‌ڵێ و نه‌خێر كار بكه‌ن. ئه‌مه‌ش له‌ به‌رژه‌وه‌ندی پرۆسه‌كه‌ نییه‌ و كێشه‌كانی یه‌كێتی و بێهیوایی ئه‌ندامانیان له‌ نه‌بوونی بڕیار له‌ناو حزبه‌كه‌یاندا زیاتر ده‌كات.

۲- بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ی یه‌كێتی سه‌ری لێشێواوه‌ و هه‌رجاره‌ و به‌ناوی به‌رپرسێكیان له‌ راگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ به‌ جۆرێكی جیاواز بۆچوونی بزووتنه‌وه‌كه‌ ده‌بیستین، وای لێ هاتووه‌ كه‌س سه‌ریان لێ ده‌رناكات و خۆیشیان تێنه‌گه‌یشتوون كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ و ئازادیان ده‌وێ یان عه‌ره‌بێكی چاوكاڵ قاچ بخاته‌ بان سه‌رمان. به‌ڵام كات دره‌نگه‌ و باشتره‌ لایه‌نگرانی ئه‌م بزووتنه‌وه‌ و حزبانه‌ به‌خۆ بێنه‌وه‌ و بپرسن ئه‌م خۆخه‌ڵه‌تاندن و فریودان و خۆڵكردنه‌ چاوی خه‌ڵكه‌ له‌ پای چییه‌؟ پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی زۆر روون و شووشه‌یی "شه‌فاف"ـه‌ یان له‌گه‌ڵی ده‌بیت یان دژی و دواتر مێژوو پێگه‌ی هه‌ر لایه‌نێك دیاری ده‌كات.

ناكرێ چیتر گۆڕان به‌و یارییانه‌وه‌ به‌رده‌وام بێت، ئێسته‌ خه‌ڵك هۆشیاره‌ و هێشتا وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ی وه‌رنه‌گرتووه‌ كه‌ كاتی خۆی گۆڕان گوتی و هه‌زاران به‌ڵێنی بریقه‌دار و به‌هه‌شتی خه‌یاڵی بۆ پیر و گه‌نج و كابانی ماڵ دروست كرد، كوا؟ چیتان به‌ده‌ست هێنا بۆ ئه‌م میله‌ته‌؟ تێكدان و شێواندنی ژیان و ته‌نگژه‌ ریزكردن یان به‌ڵێنه‌كانتان به‌جێ گه‌یاند. یان ئاره‌زووی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كێشه‌كانی ناوخۆی حزبه‌كه‌ به‌و یارییانه‌ به‌ هه‌ستی خه‌ڵك بشارنه‌وه‌ كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ناتوانن بڕیار بده‌ن. حزب ستراتیجی هه‌یه‌ و بڕیار ده‌دات، ئه‌و هه‌موو ئاته‌ڵوواته‌ڵه‌ی ناوێ.

ئه‌مه‌یه‌ برینی ئه‌م هه‌رێمه‌ی ئێمه‌، ئه‌مه‌یه‌ خاڵی ناكۆك و گرفته‌كان كه‌ ئه‌م دوو لایه‌نه‌ هه‌ر ڕۆژه‌ و له‌ ئاوازێك ده‌خوێنن و له‌ كۆبوونه‌وه‌كان داوایه‌كیان هه‌یه‌ و له‌ ڕاگه‌یاندن و شاشه‌كانه‌وه‌ داوایه‌كی تر، به‌ڵام خه‌ریكه‌ دیمه‌نه‌كه‌ روون ده‌بێته‌وه‌ و هاووڵاتی تێده‌گات ئه‌م دوو لایه‌نه‌ به‌ربه‌ستن له‌ به‌رده‌م چاره‌سه‌ركردنی هه‌موو كێشه‌ و گرفته‌كانی كوردستان، چونكه‌ پیشه‌یان ڕاوكردنه‌ له‌ ئاوی ڵێڵدا و ته‌نیا له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی حزبی و تاكه‌كه‌سی خۆیان كار ده‌كه‌ن نه‌ك له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی میله‌ت و داهاتوویه‌كی مسۆگه‌ر.

سیاسه‌ت و دژایه‌تی نه‌یارانی كورد و دۆزی كوردی، زۆر شه‌ریفانه‌تره‌ له‌ دژایه‌تی و دڵه‌ڕاوكێ له‌ ناوخۆدا بۆ پرسی چاره‌نووسسازی وه‌ك ده‌وڵه‌ت.
Top