ڕیفراندۆمی کوردستان و ھەڕەشەکانی ھیلالەکانی شێعە و سۆننە

ڕیفراندۆمی کوردستان و ھەڕەشەکانی ھیلالەکانی شێعە و سۆننە
لە کاتێکدا دا ئایین وەک بەشێک لە قۆناغی گەشەی بیرکردنەوەی مرۆڤ و قۆرتالبوونی لە خۆڕافات، وەک ( نەعمەت) و ( بەرەکەتێک) بۆ گشت مرۆڤایەتی پەیدا بوو، و پەیامبەران و ئایینەکان تێکڕا و لە یەک سەرچاوە و بە ئایینی ئیسلام و محەمەدی ئەمین (س) یشەوە، بۆ بەختەوەری تێکڕای مرۆڤایەتی ھەناردەکران، کەچی ھەندێ کەس و لایەن و نەتەوەی ھەلپەرێست، تەنھا و تەنھا بۆ مەرامی تایبەت و بەرژەوەندی خۆیان، ئەوانیان بە ( مۆڵکی) خۆیان ھەژمارکردوە و بە ھۆیەوە و لە ژێر ناوی ئایین ھەم ھەڕەشە لەو ئایینە و ھەم لە مرۆڤایەتی دەکەن و زیانی زۆریشیان لە ئایین و مرۆڤایەتی داوە.
ھەر کەسەوە خۆی بۆ ئەو ئایینە لە ئەوەکەی تر لە پێشتر دەبینێ، بەڵام لە ڕاستیدا بە پێچەوانەوە زیانی ھەرە گەورەش ھەر ئەوان لێی دەدەن. لە ئایینی ئیسلامدا، وەک ئایینەکانی تر دەستە و گرووپ و تاخم بە ناوونیشانی وا ھەم کار دەکەن و ھەم دژایەتی ھەر کەسێک و لایەن و وڵات و نەتەوەیەک دەکەن، کە ھست بکەن لە دژی بیروباوەرەکانیانن، و بۆ ئەم دژایەتکردنەش ھیچ ڕێگەیەک ئاسانتر و کارامەتر لەوە نیە کە بە دژایەتیکردنی ئیسلامی ھەژمار بکەن و لە ڕاگەیاندنەکانیان بانگەشەی لەو جۆرەی بۆ بکەن. نەتەوە و گرووپە جیاوازەکان، لە ھەر دوو بەرەی شێعە و سۆننە، خۆیان بە خاوەنی ئیسلام ھەژماردەکەن و بە خەیاڵی خاوی خۆیان ھەر یەکەو لە ڕاستی خۆیەوە ھەوڵی پاراستنی دەدەن، بەڵام چلۆن پاراستنێک؟ شێعە لە ئێران لە لایەک و سۆننە لە جیھان لە لایەکی تر، کەچی دۆخەکە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو خراپبوون دەچێ.
لە بیرمە ئەو کاتەی ھێشتان دەستپێکی شەڕە خوێناویەکەی ئێران-ئێراق، و ساڵی (١٩٨١) بوو، و ئێمە ئەو کات لە شاری نەغەدەی کوردستانی ڕۆژھەڵات ئاوارە و نیشتەجێ بووین، زۆر جاران لەو دروشمانەی کە لە تۆپ و تانک و ئۆتۆمۆبێلەکانی لۆجستیکی لەشکەری ئێرانی شێعە مەزھەب، کە لە ھەندێ لە جەنگەکان لە کوردستانەوە ھێڕشی دەکردە سەر سوپای بەعسی ڕووخاو و بە جادەی خانێ دا تێپەڕ دەبوون تا لە پیرانشارەوە بۆ سەر سنوور بڕۆن، ھەندێ دروشممان دەدیتن کە ئەو کات ئێمە مێردمنداڵ بووین لێی تێنەدەگەیشتین، بەڵام ئێستا بۆمان دەرکەوتووە چین و چی بەدبەختی و نەھامەتیان بۆ گشت جیھان و مرۆڤایەتی و بە تایبەت کوردستانیان بەدوای خۆیدا ھێنای: " راە قدس از کربلا میگزرد/ از کنار مرقد آن سرجدا میگزرد"، واتە ڕێگەی شاری قۆدس بە شاری کەربەلاوە تێپەڕ دەبێ، و مەبەستیان لە شاری یەکەم وەک ڕووگەە( قیبلەی) مۆسڵمانان و شاری دووھەم گۆڕەکەی حۆسێنی کۆڕی عەلی (س) لێیە کە بە دەستی سوپای ئەمەویەکان شەھید بووە.
بەڵێ ئێران یان ھەر وڵاتێکی تری شێعە و سۆننە مافی خۆیانە خۆیان بپارێزن، بەڵام ئایا دەکرێ ئەو کارەیان بە بەھای گیان و ژیانی ھزاران کورد و کوردستانی بێ؟ ئەو ڕۆژانەی کە ئێمە پێیادا دەرباز دەبین ڕۆژانی ڕەشی ئەنفالەکانە کە ئەوان بە کوردستانیان کرد و تێکڕای نەتەوە و ئایینەکان و مەزھەبەکانی لێ بێ بەش نەکرا، و ئەو نەھامەتیە، کە بەناوی پاراستنی ئایینەوە بوو بۆ ئێمەی کوردستانی، جگە لە ماڵوێرانی ھیچ بەرەکەتێکی بەدواوە نەبوو.
شێعە و ئێران، سۆننە و سعۆدیە و وەھابیەت بە پاڵپشتیکەری تیرۆر ھەژمار دەکەن، و ئەوانیش بە ھەمان شێوە شێعەکان تۆمەتبار دەکەن، بەڵام لەو بەینە دا ئێمە کوردستانی بە تایبەت، و جیھانیان، بە تێکڕا و لە کەشمیر و ئۆروومچی لە چین بگرە تا ئەمازیغە مەسیحیەکان و بەرەبەرکانی ھەموو بیابانی مەزنی ئەفریقیا و ڕۆژئاوای ئەفریقیا بە دەست ئەو دوو بەرەیەوە بێزار و ماندوو و شەکەت بووین، و لە ڕاستیدا ئەوان وەک یەک و بە ئەندازەی یەکتر زیانیان بە جیھان و ئیسلام گەیاندووە.
ئایا دەکرێ ئەوان دڵسۆزییە درۆینەکەی خۆیان بۆ ئیسلام و دامەزراندنی ھیلال و نەھیلالەکانی شێعە و سۆننە لەسەر پشت و بە بەھای خۆێن و گیانی مەلیۆنان کورد و کوردستانی و جیھانیان ببەن بەڕێوە و ئێمەیش لەو پەڕی نەھامەتی و بەدبەختی چاوەڕۆانی کۆتاھاتنی ئەو ململانێ بێ بنەمایە بین کە زیاتر لە ھزار و چەند سەد ساڵە بە بێ بنەما و دیاربوونی ھیچ ھۆکارێک بەردەوامە و ئەگەر ھەوڵی جیھانی وەستاندنی نەدرێتن لەوانەیە زۆر ئەنجامی ناڵەبارتریشی لێبکەوێ؟ ئایا ئێمەی کوردستانی ناھەقین کە بۆ نەجاتبوونمان لەو ھیلال و نەھیلالە بە ڕیفراندۆم و دەنگدان بە "بەڵێ" خۆمان لەو ئاگرە بپارێزین؟ چونکە ئەگەر ئەو ڕێگەیە نەگرینە بەر دوور نیە لە گشت کوردستان دوو کەس نەمێنن بە ساخ و ( سەلیم) و ئەوەی تر لە داخ و خەفەت و ترس و برس و بەدبەختی تووشی سەدان نەخۆشی دەروونی ببن.
*پسپۆری زانستەکانی پێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top