ئازادی وەك خواستێكی ئایینی

ئازادی  وەك خواستێكی ئایینی
هەوڵدان بۆ گەیشتن به سەربەخۆیی و فەراهەمكردنی ئازادی و سەربەستی وەك چۆن خواستێكی مرۆڤانەیه، به هەمان شێوه خواستێكی ئایینیشه، چونكه ژێردەستی و ژیانی بن كۆت و بەندی، چۆن هەڕەشەیه لەسەر گیان و ماڵ و خاك، هەڕەشەیه لێسەر ئایینیش، ئەگەر چاوێكی خێرا به مێژووی رابردوومان دابخشێنین دەبینین لەبەر ئەوەی خاوەنی كیان و ئازادی و سەربەخۆیی نەبووینه، شان به شانی وێرانبوونی ماڵ و حاڵمان، زیندهبەچاڵبوونی رۆڵەكانمان، مزگەوت و قورئانیش خاپوور كراون و سووتێندراون، دوای هاتنی تیرۆریستان، مزگەوت و كلێساو پەرستگەی ئێزيدیان وێكڕا خاپوورو سەرەوژێر كران.
دینداری له روانگەی ئیسلامەوه ته‌نیا بریتی نییه له نوێژ‌و رۆژی و زیكر‌و ئه‌وراد، دینداری سەرەكی گێڕانەوەی كەڕامەتی مرۆڤەكانه، وەك عومەری كوڕی خەتاب دەیفەرموو: «تاكەی خەڵكی دەكەنه كۆیله له كاتێكدا به ئازادی له دایكبوونه»، روبعی كوڕی عامر به هه‌مان تێگه‌یشتنه‌وه رووی كرده رۆسته‌م و گووتی: «هاتووین تا خه‌ڵكی له به‌ندایه‌تی به‌نده‌كان رزگار بكه‌ین بۆ به‌ندایه‌تی خوای به‌نده‌كان»، ئه‌وه بناغه‌ی تێگه‌یشتنی دروستی دیندارییه، ئه‌م تێگه‌یشتنه هه‌ڵقوڵاوی په‌یامی قورئانه، كه خۆی له (شكۆی مرۆڤ، پێكه‌وه‌ژیان، دادگه‌ری، ئازادی و سه‌ربه‌ستی) ده‌بینێته‌وه، ده‌فه‌رمووێت: (وَلَقَدْ كَرَّمْنَا بَنِي آدَمَ) واته: «به راستی ئێمه رێزمان له نه‌وه‌ی ئاده‌م گرتووه».
(يَاأَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُمْ مِنْ ذَكَرٍ وَأُنْثَى وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِنْدَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ)، واته: «ئه‌ی خه‌ڵکینه بێگومان ئێمه هه‌مووتانمان له‌نێرو مێیه‌ک دروستکردووه‌و کردوومانن به‌چه‌نده‌ها گه‌ل و تیره و هۆزی جۆربه‌جۆر، تا یه‌کتر بناسن و په‌یوه‌ندیتان خۆش بێت به‌یه‌که‌وه.. به راستی به‌ڕێزترینتان لای خوا ئه‌و کهسانهتانن که زۆرتر له خواترسهو فه‌رمانبه‌رداری خوایه، بێگومان خوا زانا‌و ئاگایه به هه‌مووان».
هه‌ر كاتێك كه‌ڕامه‌تی مرۆڤ شكێندرا، هه‌ر كاتێك جیاوازيیهكان له بری یه‌كترناسین و پێكه‌وه‌ژیان بوونه پردی كوشتن و تۆقاندن و داگیركردن و چه‌وساندنه‌وه، هیچ مانایه‌ك بۆ دینداری نامێنێته‌وه، ئاخر دیندارێكی زه‌بوونی ژێرده‌سته‌ی ملشۆڕ چ چێژ‌و خۆشییه‌ك له نوێژ‌و رۆژيیهكانی وه‌رده‌گرێت ئه‌گه‌ر هه‌ناسه‌ی برسێتی و نادادگه‌ری و مه‌زڵومیه‌ت و گریانی دایكه جه‌رگ سووتاوه‌كان گڕی تێبه‌ر نه‌دات؟! خه‌باتی پێغه‌مبه‌رانیش هه‌ر بۆ ئه‌مه بووه، ئه‌گینا كێشه‌ی نوێژ‌و رۆژیان قه‌ت نه‌بووه، نه‌یاره‌كانی ئاماده‌بوون بیكه‌نه سه‌رۆكی وڵات، له ناو پاره‌ی خه‌نی بكه‌ن، جوانترین و خانه‌دانترین ژنی پێشكه‌ش بكه‌ن، بیكه‌نه گه‌وره‌ی هه‌موو عه‌ره‌ب، به كه‌یفی خۆی بسووڕێته‌وه، به‌ڵام ده‌رگایه‌ك نه‌كاته‌وه كه‌ڕامه‌ت بۆ مرۆڤه‌كان بگێڕێته‌وه، كارێك نه‌كات كه‌سانی وه‌ك بیلالی حه‌به‌شی و سه‌لمانی فارسی له كۆتی به‌ندایه‌تی ده‌ربێنێت.
كێشه‌ی سه‌ره‌كی دادگه‌ری و شكۆمه‌ندی بوو، ئه‌وان ده‌یانه‌ویست به كه‌یفی خۆیان ده‌ست به‌سه‌ر سامان و ماڵی خه‌ڵكدا بگرن، نادادگه‌ری بگاته لوتكه، چینایه‌تی له بره‌ودا بێت، هه‌ژارو بێكه‌سه‌كان هه‌میشه بنده‌ست و بێده‌ره‌تان بن، رۆژێك تێر و ده رۆژ برسی بن، به‌رماوی ئاژه‌ڵانیان بۆ بمێنێته‌وه، خاوه‌نی نامووس و كه‌ڕامه‌تی خۆیان نه‌بن، هه‌میشه وه‌ك ده‌سكه‌لا ئه‌ملاو ئه‌ولایان پێ بكه‌ن. به كورتيیهكهی ده‌یانه‌ویست خه‌ڵك بۆ نوێژكردن به‌نده‌ی خودا بێت، به‌ڵام له ژیانی رۆژانه‌یان كۆیله‌و به‌نده‌ی زاڵم و سته‌مكاره‌كان بن، به ئاشکرا ده‌یانگوت چۆن ده‌کرێ ئێمه‌ی بنه‌ماڵه‌ی فڵان و فیسار له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌ژارانه له یه‌ك تای ته‌رازوودا بین.
ئه‌گه‌ر بۆ مێژووی كوردستانیش بگه‌ڕێینه‌وه، هه‌مان شت ره‌نگی داوه‌ته‌وه، هه‌میشه مه‌لای كورد سه‌ری رمی شۆڕشه‌كانی كورد بوون، خۆ ئه‌وان هاواریان بۆ نوێژكردنێكی ساده نه‌بووه، ئه‌گه‌ر ملیان دابایه، بێگومان حكومه‌ته یه‌ك له دوایه‌كه‌كانی عێراق پاره‌و پوولی بێ شوماریان به‌سه‌ردا ده‌ڕشتن، به دڵنیاییه‌وه خانووی خۆش و ماڵی رازاوه‌و هه‌موو شتێكیان پێشكه‌ش ده‌كرا، له نوێژ‌و رۆژیگرتنیش ئازاد ده‌بوون، له‌وانه‌یه ده‌وڵه‌ت ساڵانه چه‌ندین سه‌فه‌ری حه‌ج و عهمرهشی بۆ رێكخستبان، لێ دینداری له هزری ئه‌وان گێڕانه‌وه‌ی شكۆمهنديی تاكی كورد بوو، پاراستنی نامووس و كه‌ڕامه‌تی بوو، خاوه‌ندارێتی ماڵ و سامانی بوو، هه‌ناسه‌ی ئازادی و رۆحی ژیانی بوو، ئازادبوونی بوو له‌سه‌ر خاك و زێدی خۆی، راگرتنی ده‌ستی زوڵم و سته‌مکاری بوو، ئه‌و دینداریهش قه‌ت له‌ژێر ده‌سته‌یی جێگه‌ی نابێته‌وه، بۆیه شاخیان ده‌كرده ماڵ، خاكیان ده‌كرده سهریرو به‌ردیان ده‌كرده سه‌رین و ئاسمانیان ده‌كرده لێفه‌ی سه‌ریان، به كورتی ته‌واوی هه‌وڵ و ته‌قه‌لاكانیان بۆ ئازادی بوو، له دنیای ئه‌مڕۆشدا نه‌خاسمه له رۆژهه‌ڵاتی ناوین، سه‌ربه‌خۆیی كلیلی ئازادییه، مێژووی عێراق سهلماندوویەتی کورد قه‌ت ئازاد نابێت تا سه‌ربه‌خۆ نه‌بێت، چوڕاوێك له ئاوه‌که‌ی خۆشی پێ ڕه‌وا نابینرێت، وه‌کو گیسکی هه‌یاس ئه‌گه‌ر رۆژێك تێر بخوات، سه‌دان فه‌رخه گورگی پیشان ده‌درێن، مێژوومان پڕاوپڕه له‌و به‌زمانه، بۆیه به دڵنیاییه‌وه ده‌یڵێم هه‌ر هه‌نگاوێك به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی ده‌بێ سه‌دان هه‌نگاوی پشتیوانی له دواوه بێت، به‌و هیوایه‌ی ناکۆکییه سیاسییه‌کان کۆتای‌یان پێ بێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موومان بێ سڵه‌مینه‌وه به‌ره‌و یه‌ک ئامانج بڕۆین، دواجار له‌ژێر چه‌تری سه‌ربه‌خۆیی هه‌وای ئازادی و دادگه‌ری و یه‌کسانی و یاساسه‌روه‌ری هه‌ڵمژین و هه‌موو ئایین و ئايینزاکان و نه‌ته‌وه‌و گه‌له جیاوازه‌کان جوانترین نموونه‌ی پێکه‌وه‌یی پێشکه‌ش بکه‌ن و، ئه‌و میلله‌ته خێر له‌خۆ نهدیوهش له بن باری گرانی دارایی رزگاری بێت.

Top