مەترسییەكانی دواخستنی ریفڕاندۆم
August 27, 2017
وتار و بیروڕا
لە ناوخۆی كوردستانیشدا ناكۆكیی حزبەكان، كاریگەریی خراپی دروستكردووە، هەندێ حزب ماشێنی میدیایان بۆ دژایەتی ریفراندۆمی سەربەخۆیی خستۆتەگەڕ، بابەتەكەش بەجۆرێك دەخەنەڕوو، زۆر توندتر لە ئیرادەی دووەم، تەنانەت هەندێ میدیا وا دێنە بەرچاو بەغدا و پایتەختەكانی دەوروبەر هەڵیانسوڕێنن نەك حزبی كوردی، هەرچی قسە و لێدوانی توندی بەغدا هەیە بڵاوی دەكەنەوە، ئەمەش بە دەوری خۆی رۆڵی لە نیگەرانی لای هەندێ خەڵك دروستكردووە، ئەو حزبانەی بۆ بەشداری لە ریفڕاندۆم دەسكەوتی حزبییان كردۆتە مەرج، ریفڕاندۆم بە سەركێشی پیشان دەدەن، بێ ئەوەی گرەنتی بە خەڵك بدەن، ئاخۆ بەدیلی ریفڕاندۆم چییە، بۆیە دواخستنی ریفڕاندۆم ئەم مەترسییانەی دەبێت:
1-دوای ئەوەی لە 7 ی حوزەیران، رۆژی 25 ی ئەیلوول بۆ ریفڕاندۆمی سەربەخۆیی دیاریكرا، ئەو مەسەلەیە بۆتە بابەتێكی گرنگ، تەنانەت لە سنووری عێراق نەماوەتەوە، چونكە رۆژی 17 ی تەمموزی 2017 (یان كۆبیش) ی نێردەی تایبەتی un بۆ عێراق، لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا، داوای سەربەخۆیی كوردستانی خستەڕوو، دواخستن وادەكات، جارێكی دی مەسەلەكە ببێتەوە كەیسێكی ناوخۆی عێراق، ئەمەش داوای بەغدا و تاران و ئەنكارایە و كاری بۆ دەكەن.
2-لە ناوخۆی كوردستانیشدا پشێوی زیاتر دەبێت، چونكە هەندێ حزب وەك دەسكەوتی خۆیان سەیری دەكەن و وەك كەرەستەیەك بۆ ناكۆكیی حزبی بەكاری دێنن.
3-بەغدا بە سەركەوتنی دەزانێت، بۆیە زیاتر دەگەڕێتەوە سەر ئەو كلتوورەی خۆی كە كورد و كوردستان بە شكستخواردوو ببینن پشتی تێدەكەن، ئێستا بۆ ئەوەی ریفڕاندۆم نەكرێ كەمێك گوێ دەگرن، ئەوكات گوێ ناگرن و گوشارەكانیان زیاتر دەكەن.
4-تاران و بەغدا و ئەنكارا زیاتر دەكەونە جووڵە، دواخستنی ریفراندۆم دەقۆزنەوە، بۆ ئەوەی بەهیچ شێوەیەك دەرفەتی تێهەڵچوونەوەی كورد نەدەن، جارێكی دی ئەو هەنگاوە بنێتەوە.
5-دواخستنی بێ بەدیل، هەرێمی كوردستان دەخاتە بەردەم كاتێكی نادیار، كورد لە سەروبەندی چنینەوەی دەسكەوتەكانی گۆڕانكاریدا ئامادەییەكی وای نابێت.
6-بەغدا و تاران و ئەنكارا هەوڵ دەدەن ئەو واقیعەی دوای دواخستنی ریفڕاندۆم بكەنە دیفاكتۆ و دەوڵەتان بێننە سەر ئەو قەناعەتە، بەرژەوەندییان لەگەڵ ئەو پایتەختانەدا بێت نەك كوردستان.
ئەوانەی لە كوردستان داوای دواخستنی ریفڕاندۆم دەكەن هیچ بەدیلێكیان نییە، لە كاتێكدا پێداگری لەسەر ئەنجامدانی ریفڕاندۆم بە سەركێشی دەزانن، راستییەكەی وەڵامی سەرۆك بارزانی بۆ ئەمەریكا و هەموو ئەوانەی داوای دواخستن دەكەن، دروست و لە جێی خۆیدایە، چونكە داوایان لێدەكات ئەگەر 25 ی ئەیلوول گونجاو نییە، كاتێك بۆ ریفڕاندۆم دیاری بكەن، دیاریكردنی كاتیش بە قورس دەزاندرێت، چونكە پابەندبوون لای ئەو دەوڵەتانەی داوای دەكەن دروست دەكات، دواخستن بێ دیاریكردنی كات، پاشەكشەیەكی گەورەمان پێ دەكات، بۆیە چارە هەر ئەوەیە، ئێمە دیفاكتۆ دروست بكەین و لە 25 ی ئەیلوولدا دەنگ بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی بدەین.