ڕیفراندۆم ئامرازە بۆ سەربەخۆیی

ڕیفراندۆم ئامرازە بۆ سەربەخۆیی
ماوەیەكە سەربەخۆیی كوردستان، بۆتە جێی بایەخی ناوەندە سیاسی و ئەكادیمییەكان و بابەتی گەرمی میدیا ناوخۆیی، ناوچەیی جیهانییەكانە، ئەمەش وایكردووە بە چاوی هیواوە لێمان بڕوانن.
لەم كاتەدا كە دەرفەت بۆ ناساندنی دۆزی میللەتی كورد هاتۆتە پێشەوە، لەبری ئەوەی بە دەستێكی كراوە و عەقڵێكی یەكگرتووەوە كار لەسەر دۆخەكە بكرێت، چەند‌ بەرپرسێكی نابەرپرس، ‌چەند لایەنێكی سیاسی، ‌پیلان دادەڕێژن بۆ لەباربردنی ‌بارودۆخەكە و پشتگیری خۆیان بۆ حكوومەتە فاشیلەكەی عەبادی و ئیران دووپات دە‌‌‌كەنەوە.
ئەوەی سەركردایەتی كورد و شەقام لە هەمبەر سەربەخۆیی دەینوێنن مافێكی یاسایی و دەستووری تاك بەتاكی كوردستانیانە، بۆیە كە لەكاتی جاڕدانیدا، دەبێتە ڕووداوێكی گەورە لە ناوچەكە، گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەت لە جیهاندا كە كوردە، دەبێتە خاوەن سەروەری و دەوڵەت.
ئەوەی ئێستا لە عێراقدا دەگوزەرێت دەرهەق بە هەرێمی كوردستان و هاونیشتیمانیانی سەردەمی بەسەرچووە، دەوڵەتێك كە ڕێز لە مافی هاونیشتیمانیانی نەگرێت جیابونەوە لێی ئەركە، كورد هیچ متمانەیەكی بە عێراق نەماوە، جگە لە سەربەخۆیی ڕێگەی دیكەمان نییە، بەر لە هەر شتێك، سەربەخۆیی مافە.
ئاماژە سیاسیەكان موژدەی‮ ‬ئەوەمان پێدەدەن كە هەرێمی‮ ‬كوردستان بەرە و سەربەخۆیی‮ ‬هەنگاو دەنێت،‮ ئەنجامدانی ‬ڕیفراندۆم لە 25ی ئەیلوول بۆتە بڕیار و بواری‮ ‬گەڕانەوەی‮ ‬تێدا نییە،‮ ئەوەی پێوەی پابەند نەبێت شەرمەزارە بەرانبەر بە ڕابردوو، ئێستا، داهاتوو.
لەوەتەی بەدەنگی بەرز قسە لەسەر داڕشتنەوەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكرێت، پێشكەوتنێك لە دۆزی كورد دەبیندرێت، كە دەبێت ئەمجارەیان بە ناچارییەوە بە چاوی سەردەمی گۆڕانكارییەكان، سەیری گەلی كوردستان بكەن، گەیشتن بە سەربەخۆیی، ڕەنج و بەرهەمی سەد ساڵەی خەباتی كوردە، لەسەر ئێمەی گەلی كورد و سەركردایەتی سیاسی كوردستانە ئەم هەلە لەدەست خۆمان نەدەین، بە هەموو لایەكمان كار بۆ سەربەخۆیی كوردستان بكەین، وەك هەنگاوی سەرەتا ڕیفراندۆم و جیابوونەوە بكەینە پرسێكی نەتەوەیی و نیشتمانی، ڕیفراندۆم مافێكی ڕەوا و بێ چەندوچوونی گەلانە، چوون بەرە و سەربەخۆیی لە هەموو شتێك پێویستترە، ڕیفراندۆم ئامرازە بۆ سەربەخۆیی، هەركەسێك داوای دواخستنی ڕیفراندۆم دەكات، دەبێت بەدیلی گەورەتر و مسۆگەرتر بۆ گەلی كوردستان بخاتە ڕوو.
Top