ماشێنی پیلانەکان کەوتە جووڵە

ماشێنی پیلانەکان کەوتە جووڵە
بڕیاردان لە گشتپرسی کوردستان و گەڕانەوە یۆ راو بڕیاری خەڵک، دوژمنانی کورد و دژبەرانی سەربەخۆیی ناوخۆی سەنگەربەند کردن و لە هاوپەیمانییەکی گوماناویدا کۆی کردنەوە، لەگەڵ بڵاوبوونەوەى ئەو بڕیارە نەتەوەییە و بە مەبەستی پێشگرتن بەو پرۆسەیە کە هەڵگری خەونی لە مێژینەی کوردە ماشێنی پیلان هەڵگری ئێران کەوتە جووڵە، وەک لە راگەیاندنەکانی ئێران و لێدوانی بەرپرسە باڵاکانیان و کار و چالاکیە دیبلۆماسیەکانیان دەردەکەوێ، ئەو ماشێن پیلان هەڵگرە خودی عەلی خامەنیی رابەری کۆماری پەت و سێدارە و کوردکوژ شۆفێریەتی و بەرپرسە باڵاکانی ئێران و عێراق سەرنشینن و بە گەرووی کورددا هاواری نەخێر بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەکەن.
لە پرسێکی وا چارەنووسسازدا کە دەروازەی سەربەخۆیی بە رووی کورددا کردۆتەوە و تاکە رێگاشە کورد بتوانێ لێیەوە مافە زەوتکراوەکانی وەربگرێتەوە، ئاساییە رابەر شوفێر بێ و بەرپرسە باڵاکانی تاران و بەغدا سەرنشین بن، چونکە پرسێکی وا خەونی بەردەوامی داگیرکاری ئەوان لە گۆڕ دەنێ، بەڵام ئەوەی ئاسایی نییە وەک دەبینین هەندێ حزب و دەستە و گرووپی کوردی پێشبڕکێ لەسەر خۆ بە سەرنشین کردنی ئەو ماشێنە دەکەن کە هەڵگری پیلانی دژ بە سەربەخۆیی کوردستانە.
دەرکەوتنی ئەو ماشێن پلان هەڵگرەی داگیرکارانی کوردستان و پێشبڕکێی خۆ بە سەرنیشین کردنی هەندێ دەستە و گرووپی کوردی، ئەرکی سەر شانی کوردپەروەران و خوازیارانی سەربەخۆیی کوردستان گرانتر دەکا و بۆ پەنچەر کردن و لەکار خستنی ئەو ماشێنە پیلانگێڕیە، دەبێ چاوێکیان بکەنە چوار چاو و رێگە نەدەن رووداوێکی نەخوازراوی وەک ئەوەی باڵەکایەتی بکەنە وێستگەیەیەکی ئەو ماشێنە پڕ پیلانە، دەبێ لەوەش بە ئاگابن کە پێش ٢٥ی ئەیلول و دوای ئەویش ئەو ماشێنە هەوڵدەدات زۆرترین وێستگە بۆ وەستانی خۆی درووست بکات و لەو رێگەیەوە ئەو دەرفەتە رەخساوە لەبار بەرێ و خەونی سەربخۆیی کورد بزڕێنێ.
Top