چیتر كورد هاوڵاتی پلە دوو و پەراوێز ناخرێت و دەبێتە خاوەن دەوڵەتی خۆی
August 26, 2017
وتار و بیروڕا
بە دەیان ساڵە تێكۆشان و خوێنمان بەخشیی و هەوڵماندا تا خاك ونیشتیمانمان لە دەرفەتێك دا لە چەنگی داگیركەران دەربێنین ، گشت رێگەكان تاقیكرانەوە بۆ گەرٍاندنەوەی مافە زەوتكراوەكانمان ،بەڵام سوودی نەبوو ،ئێستا كات گونجاوە بۆ ئەوە لە رێگەی پرۆسەیەكی دیموكراتییەوە ئەو مافە بەدەست بێنینەوە .ریفراندۆم و سەربەخۆیی موڵكی هیچ پارتێك و تاكێكی كورد نییە بەتەنیا، بەڵكو پرۆسەیەكی نەتەوەییە كە تەنیا و تەنیا كەرامەتی كورد بە سەربەخۆیی دەپارێزرێت بە عێراقچیەكانیشەوە، ئاخر ئەگەر باشووری كوردستان لەسەر عێراق نەبێت، كێ حساب بۆ ئەو مقاشانە دەكات. ئەگەر هەموو پارتەكان پێكەوە لەگەڵ ریفراندۆم و سەربەخۆیی بن و خەنجەرەكانیان لە كێلان دەربهێنن بۆ پاراستنی دەوڵەتی كوردستان و پشتی یەك بگرن باشە، باشترە پێش ئەوەی هەرشتێك بین كوردبین، بەڵام كە بەشێك نەبن و نەیانەوێت، ئێستا كورد هەموو هیواكانی ئەوەیە تا سەرۆك مەسعود بارزانی ئەو هەنگاوە بهاوێت و چاوەڕێ نەكات، سەد ساڵە چاوەڕوانین، ناكرێت نەوەكانی داهاتووشمان سەد ساڵی دیكە چاوەڕێ بن. دەوڵەتی كوردستان لە گوندێكیش بێت رابگەیەنرێت باشترە لەوەی كە رانەگەیەنرێت. ئێستا كورد كە دەیەوێت بۆ یەكەمینجار بەردە گەورەكە بهاوێت، پیاوە گچكەكان رێگریی دەكەن، بۆیە ناكرێت چیدی چاوەڕێ بكرێت. خۆ رەنگە بە خێرایی هەموو گرفتەكانی كورد بە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان چارەسەر نەبن، بەڵام لەو دەوڵەتەدا دەتوانین هەموومان كار بۆ یەكسانی و دادوەریی كۆمەڵایەتی و خۆشگوزەرانی بكەین، ئاخر كوردستانێكی ئازاد، یەكسانیی دەوێت، یەكسانیش بەبێ سەربەخۆیی و ئازادی بەدی نایەت.
وڵاتانی دونیا بە بایەخەوە دەروانە بریاردانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی ،کورد وەک نەتەوەیەکی بێ ناسنامە و شوناس، سەدان ساڵە خەون دەبینێت کە رۆژێک بێت و بتوانێت ئەویش وەک گەلانی تری جیھان دەوڵەتی خۆی دابمەزرێنێت و ئاڵای ئەویش وەکو ئاڵای 197 دەوڵەتی تری دنیا لەبارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆرک بشەکێتەوە.ئەم خەونە لەگەڵ لەدایکبوونی ھەر تاکێکی کورد جا لە باکوور بێت یان لە باشوور، لە رۆژھەڵات بێت یاخوود لە رۆژئاوا، یان لەھەر بستەخاکێک بێت لەسەر گۆی زەوی لەدایک دەبێت، واتا ھیوایەکە چەسپاوە بە کەسایەتیی تاکی کوردەوە.تێگەییشتنی وڵاتانی ئەورووپا و وڵاتانی دیكە لەبارەی پرۆسەی ریفراندۆمەوە، گرینگیی خۆی ھەیە، بۆ ئەوەی ئەوانیش ئاگادار بن ھەرێمی كوردستان ئەو پرۆسەیە ئەنجام دەدات، بۆیە ئەوانیش ئێستا دەزانن ھەرێمی كوردستان بەنیازی چییە و بۆچی ریفراندۆم ئەنجام دەدات، ئەمەیش ھەنگاوێكی زۆر گرینگە سەبارەت بە ھەرێمی كوردستان، بۆیە پێویستە سەردانی وڵاتانی دیكەیش بكرێت. لە ھەموو دنیادا وایە ھەر شوێنێك بیەوێت ریفراندۆم بكات، یەكێك لە ھەنگاوەكان سەردانی وڵاتانە و پێدانی زانیارییە بە ئەوان بۆ ئەوەی ئەوانیش ئاگادار بن لە ئەنجامدانی پرۆسەكە. چوونی ئەو شاندەی ھەرێمی كوردستان بۆ یەكێتیی ئەورووپا، یەكێكە لە ھەنگاوە گرینگەكانی پرۆسەی ریفراندۆم و، ئێستایش بەو ھەنگاوە، پرۆسەی ریفراندۆم راستەڕێ بووە و رێرەوی خۆی وەرگرتووە. زیاتر لە 25 ساڵە دەرگایەک کراوەتەوە بە رووی تاکی کورد لەو پارچەیەدا، کە ھەست بە بوونی خۆمان بکەین وەک گەلێک بەتایبەتی لە دوای ساڵی 2003 و ھاوبەشیکردن لە عێراقی و بە دستووریکردنی ماف و دامودەزگاکانی کوردستان، بەڵام ئەمەش خەونەکە نییە، چونکە سەرەرای بوونی دهستوور و سیستەمێکی جیاواز لە عێراقی نوێ، کە وەک دەوڵەتێکی دیموکراسی فیدراڵ پێناسە کراوە، بەڵام نابێت لە بیری بکەین کە دیموکراسی لە رۆژھەڵاتی ناوەراست ھەمان دیموکراسی رۆژئاوا نییە. بۆیە كورد ، سازوئامادەیە بۆ بریاردان لە سەر مافی چارەنووسی خۆیی و بەدیهێنانی ئاواتی لە مێژینە و گەرٍانەوەی مافێكی رٍەوایی زەوتكراومان..