دەوڵەتبوونمان ، شكۆ و شانازییە بۆ كورد وكوردستان
August 25, 2017
وتار و بیروڕا
ئەگەر چی ماوەی 25ساڵە دەسەڵاتدارییەكی نیمچە سەربەخۆمان هەیە ، بەڵام توانیومانە زۆر شكۆمەندانە و بە ئیرادەیەكی پۆڵایین رووبەرووی كێشەكان ببینەوە و دۆزی كورد و دەوڵەتداری و ئاشتیخوازیمان پیشانی ناوچەكە و دونیا بدەین .
بۆیە بوون بە دەوڵەتی سەربەخۆ لە چواچێوەی بوونی دستورو یاساوە دەتوانێت سنورو خاک و شکۆی کۆمەڵگە بپارێزێت و لەو ڕێیەوە ڕۆدەچێتە نێو دامەزراندنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و بۆ بەڕێوەبردن و دیاریکردنی فەلسەفەی حوکمڕانی ووڵات.
هەموو دەسەڵاتێک خاوەنی ئایدیایەکی تایبەت بە خۆی هەیە کە بە ئاشکرا پیادەی دەکات، بەڵام لە ئێستادا ئایدیۆلۆژیای دروستکردنی دەوڵەت لە هەموو ئایدایەکی تر زاڵترە بەسەر دەسەڵاتی کوردی . کە ئەوەش تەنها دوامەبەستی دەسەڵاتە بۆ هەرێمی کوردستان. چونکە دەوڵەت ئەو فاکت و پەیوەندیی یە بەهێزەیە دەتوانێت وەک کەسێکی مەعنەوی دیدوبۆچونی خۆی بەڕاشکاوی پیادە بکات لەگەڵ ووڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
بانگەشەی دەسەڵاتی ئێستا بۆ دەوڵەتداری، مانای هەڵپە نیە بۆ درێژەپێدان و مانەوە لە دەسەڵات و یا خۆڵ لەچاو کردن بێت بۆ پەردەپۆشکردنی گەندەڵیش نیە، چونکە هەرخۆی بەشێکی گرنگە لە بەڕێوەبردن و حوکمڕانی ئەم هەرێمەداو درک بە ناعدالەتی و نایەکسانی لە دابەشکردنی داهات و سامانی گشتی ئەم حکومەتە دەکات،هەر بۆیە لە جەوهەری مەبەستی دەسەڵات بنبڕکردنی کۆی گەندەڵیەکانی ناوەخۆیە لە ڕێی پرۆژەی گۆڕینی ئەو واقیعە تاڵە بۆ ئەرکێکی نیشتمانی لە ڕێگەی دەوڵەتەوە. بۆیە دەخوازێت و ئەركێكی كوردانە و ئەخلاقی و نیشتیمانییە كە هەمووان بە یەكدەنگ بەرەو بەدەستهێنانی كیانێكی سەربەخۆ بە دەنگی "بەڵی " برۆین و بۆ هەتا هەتا ماڵئاوایی لە داگیركەران بكەین .