بزووتنەوەی گۆڕان چۆنی گرێ دەداتەوە؟!

بزووتنەوەی گۆڕان چۆنی گرێ دەداتەوە؟!
بزووتنەوەی گۆڕان لە رێکخستنەوەى ناو ماڵی کورد و کارا کردنەوەی پەرلەماندا وەک ئامادەسازی بۆ گشتپرسی و سەربەخۆیی کوردستان دەڵێ: لە کوێ پساوە لەوێ گرێی دەدەینەوە، لەوەشدا گۆڕان مەبەستیەتی گشتپرسی و سەربەخۆیی کوردستان وەک هەموو پرسە نەتەوەییەکانی تر بکاتە پێخوستی ئامانجە حزبییەکان و لە داهاتوودا دەنگی پێ کۆ بکاتەوە، بەڵام لە بەغدا ئامادەیە هەموو رۆژێک جارێک لەگەڵ عەرەبەکان گرێی بداتەوە، تەنانەت جارێک بە عەرەبەکان ناڵێ، لە ئەنفال و کیمیاباران و کاولکردنی کوردستانەوە گرێی دەدەینەوە، لە گرێ دانەوەی لەگەڵ عەرەبەکان تەنانەت چاکەتە جێماوەکەی ئارام شێخ محەمەدیش لەبەر چاو ناگرێ.
بە هەر حاڵ گۆڕان چۆن و لە کوێ گرێی دەداتەوە ئازادە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە پارتی دەڵێی زمانی لە زاریدا نییە، ئەگەر ئەوان دەڵێن: لە کوێ پساوە لەوێوە گرێی دەدەینەوە، دایارە مەبەستیان لە رۆژی شکست هێنانی پیلانەکەیان بۆ کۆ کردنەوەی نیسابی یاسایی و دەرکردنی یوسف محەمەدە، ئێ پارتی تۆش بڵێ: ئێمەش رازین لە کوێ پاساوە لەوێوە گرێی دەدەینەوە، چونکە پسانەکە لەو رۆژەوە بوو کە لەناو هۆڵی پەرلەماندا وێنەی سێڵڤی دەگیران و لە شەقامیش هەڵدەکوترایە سەر بارەگاکانی پارتی و یوسف محەمەدیش دەیگوت: ئەوە خواست و داواکاری خەڵکە و پشتیوانی دەکەین.
Top