ڕیفراندۆم و نھێنییەکی ھیلالی شیعی

ڕیفراندۆم و نھێنییەکی ھیلالی شیعی
خۆزگە مامۆستایانی ئایینی و مێژوونوسان ئەم کارەیان بکردایە و زیاتر لێی قووڵ دەبوون، بەڵام ئێمە تەنھا لەو ڕوانگەیەی کە بەرھەمی تێگەیشتنمانە باسی لێوە دەکەین.
زۆر باس لە ھیلالی شیعی دەکرێتن. زۆر نھێنی بۆی ھەیە و یەکێک لە سیناریۆ و نھێنیەکانی ئەو بابەتە و سووڕبوونی وڵاتی ئێران لە جێبەجێکردنی بریتیە لە پشت بەستن بە یەکێک لە ئایەتەکانی قۆرئانی پیرۆز، کە تیایدا یەزدانی مەزن لەگەڵ پەیامبەر(س) و بۆ ئارامکردنی و دڵدانەوەی ھاتووە، وەک ئەوەی کە مێژوونووسێکی ئێرانی بەو جۆرە باسی لێوە دەکاتن: " ئەگەر عەرەبەکان پشتیان تێکردی، نیگەران مەبە. ئێمە نەتەوەیەکی وەک عەجەم، کە دۆستی بەسۆز و میھرەبانن، بۆ یارمەتیدانت ڕەوانە دەکەین. ئەوان( عەجەمەکان، مەبەست لێی مۆسڵمانە ناعەرەبەکانە کە ئەو کات پارس و کوردەکان دیارترینیان بوون- نووسەر) لە پێناو ڕاگرتنی ئیسلام لە ھیچ شتێک ناترسن و ئێمە ئەو شانازییەمان پێداون". (سورەت؟/ ئایەت ؟- نووسەر). تەنانەت مێژوونووسی ناوبراو لە بەردەوامی پەرتووکەکەی دا باس لەوە دەکاتن کە عەلی(س) لەسەردەمی خەلافەتی عۆمەر(س) پێی گۆتووە:" وەک چۆن ئێمە ھێڕشمان کردە سەر ئێرانیەکان، ھەر ئەوان بۆ ڕزگارکردنی ئیسلام لە گەندەڵیی عەرەبەکان ( تازییەکان)، بە شمشێری ئامادە ھێڕش دەکەن و وەک شێری دڕندە، دوژمنانی ئیسلام لەنێو دەبەن، و ھیچ دوژمنێکی ئایین و خۆا لە دەستیان ڕزگاری نابێ"(ل. ١٩٢).
ئەو بیرکردنەوەیە لە ماوەی ھزار و چەند ساڵی ڕابردوو پێخۆرەیەکی بەھێز بووە بۆ پارسەکان، و ھەمان ئەو بیرۆکەیە وەک چۆن کارۆل گۆستاڤ یۆنگ لە تیۆرییەکەی دا باس دەکات لە نەسلێک بۆ نەسلی تر گۆازراوەتەوە و بۆوەتە بەشێک لە کەسایەتی ئەوان، و گەیشتووتە ئاستێک، کە وەک عەلی وەردی باسی لەو جۆرە مرۆڤانە کردووە ڕۆڵێکی وەک دۆنکیشۆت ببینن.
ئەو پارسانە، لە خەیاڵپاڵاوی دۆنکیشۆتانەی خۆیان بۆ ڕزگارکردنی ئیسلام خەریکە دەبن بە کۆشندەترین ھێزی دژ بە ئیسلام، و بەڵگەش بۆ ئەم قسەیەیان دژایەتیکردنی یەکێک لەو نەتەوانەیە، کە کورد بێ، و بە درێژایی ئەو ھەموو ساڵە شان بە شانی گشت مۆسڵمانان، بە پارسەکانەوە، گەورەترین و بەھێزترین پاڵپشتی ئایینی ئیسلام و تەنانەت مرۆڤایەتی بوونە.
عەلی وەردی لە پەرتووکەکانی خۆی دا ئاماژە بەو ڕاستیە دەکاتن کە بە درێژایی میژووی ئیسلام لە نێو ناوی زاناکانی ناوچە دا بە سەدان ناوی وەک ئامەدی و عەمادی و ئەربیلی و مووسلی و شارەزووری و ئەسفەھانی و ھەمەدانی و .....ھتد، دەبینرێتن، و زۆربەی ھەر زۆریان بە ڕەچەڵەک کوردن، کە مێژووی ئیسلام شانازیان پێوە دەکاتن، کەچی ھەمان ئەو پارسانە ئەورۆکە دژایەتی نەوەکانیان دەکەن، چونکە دەبینن ئەوان بە نیازن وەک ھەر نەتەوەیەکی تر، بە ڕێگەی ڕیفراندۆمێکی دیمۆکراسیانە ببن بە دەوڵەت. تەنانەت خۆدی ئەم مێژوونووسە لە لاپەڕەی (٢١٦) نموونەیەک باس دەکاتن کە بە بیستنی دەبێ کوردەکان شانازی بە خۆیان بکەن، و دەبێ عەرەب و پارس و تورک و گشت موسڵمانان شانازیمان پێوە بکەن و سەر لەبەردەممان بچەمێنن، کە ئێمەی کورد یەکێکین لە ژیرترین نەتەوەکان لە زانست بە گشتی و لە زمانەوانی دا بەتایبەتی: " ڕۆژێکیان عەبدۆلمەلیک، خەلیفەی ئەمەوی، لەگەڵ ژمارێک لە بەرپرسان دەچنە ھەندێک لە مزگەوتەکانی شاری دیمەشقی پایتەختیان بۆ مەبەستی ئاگاداربوون لە ڕەوش و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن لەو شوێنانە. کاتێک خەلیفە پرسیار لە ناسنامەی مامۆستایانی ئەو خوڵانە و خوێندگەیانە دەکاتن بۆی دەردەکەوێ گشتیان ئێرانین ( ئێرانی ئەو وشەیەیە کە مێژوونووس بەکاری ھێناوە وەک ئاماژەدانێک بە نەژادی ئەوان، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوان ھەموویان کورد بوونە و ھیچ گۆمان لەوە دا نیە- نووسەر). خەلیفەی خۆبایی عەرەب سەرسۆڕماو و لە ھەمان کاتدا تووڕە دەبێ و دەڵێ:" ئەو نەژادە ( ئێرانیەکان= ئاریاییەکان) چەند ھزار ساڵ حۆکمڕانی ئێمە بوون تەنانەت ڕۆژێکیان پێویستیان نەکەوتە لای ئێمە، بەڵام ئێمە چەند ڕۆژێکە حۆکمڕانیان لێدەکەین، کەچی تەنانەت بۆ فێرکردنی زمانی خۆشمان پێویستیمان بە ئەوان ھەیە".
بەڵێ ئەو کوردانە ھەمان ئەوانەن کە پارسەکان، لە بن کڵاوی دروستکردنی ھیلالی شیعی و بە خیاڵی خاو و بێ بنەمایان بۆ پاراستنی ئیسلام، بە پێچەوانەی تێکڕای جیھان بوونەتە مەزنترین و دڕندەترین دوژمنیان. دەبێ لێیان بپرسین ئەوە چ پاراستنێکی ئیسلامە کە بەھۆیەوە ئێوە خەریکە یەکێک لە پشتەوانە سەرەکییەکانی ئیسلام و قۆرئان و زمانی عەرەبی لە ژێر گۆشاری سیاسی و لەشکەری خۆتان نابوود و تەفرۆ و تووناوی دەکەن؟ ئایا ئەوە واتای ئەوە نیە ئێوە لەو عەرەبانە خراپترن کە نازناوی مەوای لە ئێمە و ئێوە نابوو و خۆسەپێنەرانە لووتیان لە ھەر دوو نەتەەوەمان بەرزدەکردەوە؟ ئایا ئێوە دژی فەرموودەی خۆا و پەیامبەر نین؟
دەبێ پرسیارتان لێوە بکرێتن پێوەرەکانتان بۆ ئەو بەھا نەشرینانە چیە کاتێک ئێوە لە خەیاڵپاڵاوی دا سنوورەکانی مرۆڤایەتی دەبەزێنن و کورد و کوردستانیان دەکەن بە قۆربانی یەکێک لە خەونە ناشرینەکانتان کە " ھیلالی بێ ڕامان و بێ واتای شیعی یە"، و لە کاتێکدا مرۆڤایەتی بە تێکڕا و کوردستانیان بە تایبەت، ئەمرۆ زیاتر لە ھەر کاتێک پێویستی بە بەزەیی و دڵدانەوە ھەیە بەڵام ئێوە بەناوی ئایین بوونەتە سەرچاوەی تیرۆری نەتەوەیی و نەژادی و مرۆڤی و شارستانیەت و ئایین و .....؟
سەرچاوە: عەبۆلعەزیم رەزائی(١٣٧٦). تاریخ ١٠ ھزار سالە ایران، ج. ٢، إقبال، تھران.
*پسپۆری زانستەکانیپێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top