ڕیفراندۆمی ئازادی کوردستان لە ژێر ھەڕەشەی تالیبان دا

ڕیفراندۆمی ئازادی کوردستان لە ژێر ھەڕەشەی تالیبان دا
لەوانەیە خوێنەر ڕەخنەمان لێبگرێ کە ھەمیشە خۆمان لە ھەر بابەتێک ھەڵدەقۆرتێنین یان لە بابەتێک دەدوێین کە پەیوەندی بە ڕیفراندۆمی سەربخۆیی کوردستانەوە نیە! بەڵام بە پلەی یەکەم بسپۆرانی دەروونناسی لە سۆنگەی ئەوەی کە مرۆڤ سووژێت و بابەتی زانستەکەیانە لە ھەر شتێک کە مرۆڤی تیایدا بێ دەدوێن و ئەوەش مانای خۆتێھەڵقۆرتاندن نیە، چونکە بێگۆمان ئەو بابەتە بە جۆرێک لە جۆرەکان کاریگەری بەسەر من و ئێمە و مرۆڤایەتی ھەیە، جا چ نەرێنی یان ئەرێنی بێ، و ئەوە ڕەشبینی نیە بەڵکۆ وریاییە. لە لایەکی ترەوە بە ھۆکارەکانی خۆارەوە خوێنەران دەبینن ئەو زیانەی کە کوردستان لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردوو و ئێستاشی لەگەڵ دابێ دەچێژێ چەند بەندە بە مێنتالیتە و عەقڵیەتە بۆگەنەکەی تالیبان.
لە دواین نافەرموودەکانی خۆی دا ڕێکخراوی تیرۆریستی تالیبان ڕایگەیاندووە " تا یەک سەربازی ئەمریکی لە وڵاتی ئەفغانستان مابێ دەجەنگن" ! ( کەناڵی ڕوودا، ٢٢/٨/ ٢٠١٧).
جەنابی سەرۆک بارزانی لە کۆبوونەوەی خۆی لەگەڵ توێژەکانی جیاوازی کوردستان دەفەرمووتن" عەقلی ئیدارەی عێراق جێگەی متمانە نیە" ( ھەمان سەرچاوە).
ئەو مێنتالیتەیەی جەنابی بارزانی باسی لێوە دەکاتن ھەمان (copy paste)ی بیرکردنەوەی تالیبانە. سەرچاوەکەیان یەک کانیاوە. ئێمە لە لایەک نامانەوێ بڵێن ئەمریکا فریشتەیە و ھەر ھاونیشتمانیەکی ئەو وڵاتە بە بێ دوو و سێ ( شەریفی مەکەیە)، بەڵکۆ دەزانین و شاراوە نیە داگیرکاری ئەو وڵاتە بە درێژایی چەند سەد ساڵ ڕابردوو و لە پێناو بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی نکۆڵی لێوە ناکرێ، بەڵام لە ھەمان کاتدا نابێ تەنھا لە سۆنگەی لایەنە نەرێنییەکانی بڕوانینە ئەو بابەتە. بۆ نموونە سەرەڕای ھەموو قارەمانێتی پێشمەرگەی کوردستان بەڵام گەر ھاوکاری لەشکەری ئەمریکا نەبوایە، لەوانەیە بە سەدان ساڵیتریش سەدامی گۆڕ بە گۆڕ و ڕژێمە بۆگەنەکەی نەدەڕووخا و دوور نیە وەک زۆھاکی خوێنمێژ ھزار ساڵی پێدەچوو.
بەھەمان شێوە گەر لەشکەری ئەمریکا نەبوایە لەوانەیە وڵاتی ئەفغانستان تا ئێستا و ھەمیشە لە ژێر چەپۆکی کۆمۆنیزمی لەشکەری سوور مابایە و کارەساتەکانی خراپتر لەو وڵاتەی نەتەوەیەی ئاریایی برا و ھەژار ڕووی بدابایە، کە لە پاش قۆناغە شەڕاویەکانی داگیرکردنی لە لایەن سۆڤیەت تووشی گەورەترین کارەساتاکان بوو و خەڵکی وایان دەزانی کە بە ڕووخانی سۆڤیەت و ھاتنی تالیبان ئارامیان بۆ دێتن، کەچی مێنتالیتەی بۆگەنی تالیبان کە بەرھەمی خۆسەپێنەر و خۆبایبوونی ھزری عەرەبی بوو لەو نەتەوەیە وەک ژەھری مار دەرکەوت و تازە و بە تازە وڵاتێکی دەوڵەمەندی وەک ئەفغانستان بوو بە مۆڵگە و حەشارگەی عەرەبە خۆپەرێستەکانی پڕ لە ڕق و کین لە جیھانی ئەمرۆ، و بوو بە سەربازگەی پێگەیاندنی مرۆڤە نەخۆشدەروونەکانی جیھادی بۆ مەبەستی ھەناردەکردنیان بۆ جێبەجێکردنی کردەوەی تیرۆریستی لە سەرتانسەری جیھان، و ھەژمارێکی بەرچاوی کوردە خەیاڵپاڵاوییەکان، کە ئارەزووی باڵادەستی نەتەوەی عەرەبی و پیرۆزیی ئەو نەتەوەیە، لەگەڵ مێنتالیتە و مێشک و بیرکردنەوەیان ئاوێتە ببوو، لەو سەربازخانانە دەرچوون و گەورەترین سەربڕەکانی ھەموو سەردەمی مرۆڤایەتیان لێ پەیدا بوو کە مرۆڤایەتی ھەمیشە بەچاوی شەرمەوە باسی لێوە دەکاتن و ئێمەی کوردستانی تا جیھان بە کۆتا دێتن شەرمەندەی مرۆڤایەتین بە ھۆی ئەو ڕەفتارە نەشرینەی ئەو کۆمەڵە نامرۆڤە دڕندانەی کە لەوێ و لە باوەشی دایکی تیرۆریزمی جیھانی ، واتە تالیبان، پەروەردە کران و پێگەیێنران، و ئێستاشی لەگەڵ دابێ بە سەدان لەو نامرۆڤایانەی کورد لە گۆڕەپانی پیرۆزی کوردستان و جیھان لە دژی مرۆڤایەتی و شارستانیەتەکەی و تەنانەت کوردستانیان دەڕەوێن و ھەڕەشە لە دەستکەوتەکانی دەکەن.
ئەگەرچی شێوازەکانی وەک ئەوەی ھەندێ لە وڵاتانی وەک وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست بۆ بنبڕکردنی کەلتووری عەرەبی کارامەن، بەڵام ئەو پرۆسەیە بەو ئاسانیە چارەسەر نابێ.
ھزری باڵادەستی کەلتووری عەرەبی کە بەرھەم و بەردەوامی بیرکردنەوە و مێنتالیتەی ئەبووجەھل و ئەبوو لەھەب و دواتریش ھەندێ لە خەلیفەکانی ئەمەوی و عەباسییەکانە، سەرەڕای ئەوەی کە گەنجینەکانی وەک قۆرئان و حەدیس، بە ھیچ شێوەیەک پشتگیری لێوە ناکاتن، لەو ھەموو ساڵانە کارەساتی زۆر گەورەی لێ کەوتووە، کە ئێمەی کوردستانی، بەھۆی ئەوەی لە ھەموو نەتەوەکانیتر زیاتر لێی نزیک بووین گەورەترین قۆربانیمان داوە و زیاترین زیانمان بەرکەوتووە و ئێستاش و لە سەدەی (٢١) یش دا ڕزگاریمان نەبووە، کەچی ھێشتان ھەن ھەموو ھەوڵیان بەردەوامیدانە بۆ بە ژیردەست مانەومان.
سەدان نەتەوە لە خۆبایبوونی عەرەب تۆران، بەڵام بەھۆی ڕێزیان بۆ ئایینی پیرۆزی ئیسلام دانیان بە خۆ داگرت و لەسەر ڕێبازی یەکێک لە دادپەروەرترین مرۆڤەکانی جیھان، واتە محەمەدی ئەمین (س) مانەوە، بەڵام ھەمیشە و ئێستاشی لەگەڵ دابێ داعشیان و تالیبان و بۆکۆحەرام و ئەلشەباب و ... ھتد، لە کوردستان و جیھان، و وەک ھاوکۆفانیان و ھابیرەکانیان، بۆ سەرخستنی مێنتالیتەی شۆڤینیزمی خۆپەرێستانەی عەرەبی ھەر ڕێگایەکیان دەستدەکەوێ، لارییان نیە بەکاری بێنن.
بەڵام لە بەرەی تر کوردستانیان باوەردارانی بەھێزی سەربەخۆیی و ڕزگاربوون لە خۆپەرێستان ھەن کە بە ھیچ شێوەیەک یەک ھەنگاو لەو بیرۆکەیە پیرۆزەی خۆیان پاشەکشە ناکەن، و ئەوە " بە تەنھا ڕێگە" وەسف دەکەن، تا بەھۆیەوە خەونەکانی ئەبووجەھلەکانی کوردستان و جیھان و تالیبان پووچەڵ بکەن و وەژێر گڵی بنێن.
*پسپۆری زانستەکانیپێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top