لە نێوان (هێز) و (مێز) دا
August 23, 2017
وتار و بیروڕا
كورد ناچار كراوە پەنا بۆ خەباتی چەكداری ببات، بۆیە دەرەتانی خەباتی دیپلۆماتیی نەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا تروسكاییەكی لە سەردەمی شۆڕشدا بینی بێت، هەوڵیداوە گفتوگۆ لە پاڵ خەباتی شۆڕشگێڕانە بكاتە ئامرازی گەیشتن بە مافەكانی، لێردا نابێ ئەو راستییە لەبیربكەین، هەمیشە هێز وای لە بەغدا كردووە گوێ لە كورد بگرێت، ئەو راستییە بۆ هەموو سەردەمەكانی عێراق وەكو یەكە، كەی كورد خۆی كۆكردۆتەوە و بەهێز بووە، بەغدا ئامادەبووە گوێی لێبگرێت، بەڵام بۆ تاكتیك و كات بەڕێكردن، چونكە هەمیشە كات لە بەرژەوەندیی كورد نەبووە، بۆیە ئێستاش بەغدا بەدوای ئەوەدا دەگەڕێ كاتێك بێت تیایدا كورد نەخوێندرێتەوە.
هەوڵێكی زۆر هەیە بۆ بەعێراقیكردنەوەی پرسی كورد و مەسەلەی سەربەخۆیی كوردستان، بەغدا و پایتەختەكانی دەوروبەر، لەسایەی تێڕوانینی ئەمەریكا و دەوڵەتانی دی بۆ هاندانی گفتوگۆی هەولێر و بەغدا، كاری بۆ دەكەن، كێشەی ئێمە لەگەڵ بەغدا ئەوەیە قەت لەگەڵمان راستگۆ نییە، لەوەتەی كوردستان ریفراندۆمی سەربەخۆیی راگەیاندووە، بەغدا و دەوروبەر خەریكی ئەوەن مەسەلەكە بكەنەوە كێشەیەكی عێراقی، بەڵام لە رێی ئەو شاندانەی هەرێمی كوردستان لە دوو ساڵی رابردوودا بۆ ئەمەریكا و ئەوروپا چوون، پرسی سەربەخۆیی راشكاوانەتر گەیەندراوەتە جیهان، بەتایبەتیش ئەو شاندانەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكایەتیی كردوون، هەروەها چەند سەردانێكی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بەڕێز مەسرور بارزانی بۆ ئەمەریكا و ئەوروپا. رۆژی 17 ی تەمموزی 2017 لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا، مەسەلەی ریفراندۆمی كوردستان بۆ سەربەخۆیی لە لایەن (یان كۆبیش) ی نێردەی تایبەتی un بۆ عێراق خوێندرایەوە، تیایدا داوای سەربەخۆیی كوردستانی خستەڕوو، رۆژی 28 ی تەمموزی 2017 كۆنفرانسی (كوردستان هاوپەیمانی ستراتیژی ئەمەریكایە) لە ناو كۆنگرێسی ئەمەریكا بەڕێوەچوو، بەم پێیە پرسی سەربەخۆیی زۆر دەنگی دایەوە، تەنیا لەبەردەستی بەغدا و دەوروبەری نەمایەوە.
هەرێمی كوردستان لە سەردەمی دیكەدایە، وێڕای ئەوەی هێزی پێشمەرگەی هەیە كە لەسەر ئاستی جیهان ناسراوە، بەخوێنی پێشمەرگە ناوچە داگیركراوەكانی رزگاركردووە، ئاستی دیپلۆماتیی لەگەڵ جاران بەراورد ناكرێت، دەوڵەتە داگیركەرەكانی كوردستان بە دەیان دەردەوە دەناڵێنن، درزی گەورە ناكۆكیی حزبییە، پێویستە بەهەرشێوەیەك بێت ئەو درزەش نەهێڵدرێت و بەرەی ناوخۆ پتەو بكرێت، ئەوەی لە هەمووی گرنگترە باشكردنی گوزەرانی خەڵكە، ئەمانە هەموویان بەیەكەوە، هێزی گەورەتر بە كوردستان دەبەخشن، هێزێك كە لەسەر مێزی گفتوگۆدا ئامادەیی دەبێت.