ڕیفراندۆم و كاراكردنەوەی پەرلەمان
August 23, 2017
وتار و بیروڕا
كاتێك پەرلەمان كارا كرایەوە، پێویستە پەرلەمانتاران بەر لەوەی بیر لە قسەی گەورە و زۆر لێدوان بكەنەوە، بیر لەوە بكەنەوە كە چۆن و بە چ شێوەیەك كاربكەن تا بتوانن پەرلەمانێكی بە توانا و كاریگەر بەرجەستە بكەن، هەمیشە بە دوای چاكسازی و ئەو هۆكار و ئامرازانە بگەڕێین كە دەبنە هۆی پێشكەوتنی پەرلەمان و گەشەكردنی.
دەتوانین سیاسەت، وەك پرۆگرامێك بۆ بەڕێوەبردنی كاری دەوڵەت و بەڕێوەبردن سەیر بكەین، یونانییەكان بەر لە چەند سەدە ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە كە سیاسەت: "هونەری ڕێكخستنی كۆمەڵگەیە." هەمیشە لە هەناوی كۆمەڵدا دید و بۆچوونی پێچەوانە هەیە، هەنووكە كاتی كۆدەنگی و ڕەخساندنی دەرفەتە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان. سیاسەت واتا: پرۆسەی بڕیاردان، هونەری كەڵك وەرگرتن لە دەرفەتەكان، هەنووكە دەرفەتێك بۆ كورد هاتووەتە پێش با هەمووان بەرەو ڕووی بچین، نەك لێی دووركەوینەوە.
سەركردایەتی گەلی كورد، هەموو ڕێگەیەكی خەباتی لەپێناو گەیشتن بە ئامانجی سەربەخۆیی ئەزموون كردووە، هەموو وێستگەكانی تاقیكردووەتەوە، بەڵام دواجار لەم كاتەدا، بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆم و دیاریكردنی چارەنووسی هەرێمی كوردستانی دا.
دەبێت ئێمە پێش هەموو كەسێك ئێمە بۆخۆمان، ئەو بڕوایەمان لەلا دروست بێت، كە ئەوە مافێكی سروشتی ئێمەیە، مافێكە، خوا بە ئێمەی داوە، نەتەوەی كوردیش وەك یەكێك لە گەورەترین نەتەوەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو مافەی هەیە، هیچ هێزێكیش ناتوانێت پاشەكشەمان پێ بكات لە ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان.