چۆن و لە کوێ بۆ دیموکراتی بگەڕێین؟

چۆن و لە کوێ بۆ دیموکراتی بگەڕێین؟
ئەگەر دیموکراتی راگری هاوسەنگی نێوان راو بۆچوونە جیاوازەکان بێ و ژینگەی پاراستی ماف و ئازادیەکان بۆ تاک و کۆمەڵ دەستەبەر بکات و حزب و لایەنە سیاسیەکان لە دەوری پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی کۆ بکاتەوە، دەبێ لە نێوان دیکتاتۆری و بەرەڵاییدا بۆی بگەڕێین، چونکە دیکتاتۆری مەنگەنەی لە قالبدانی ماف و ئازادیەکانی تاک و کۆمەڵە، حەز و ویستە جیاوازەکان لە حەز و ویستی سەرەڕۆی دەستە و گرووپێکی دیارکراودا گۆڕەوشار دەدات، بەرەڵاییش هەڵپەی تێرکردنی حەزو ویستی بێ سنووری تاک و دەستە و گرووپە جیاوازەکانە، گرووپبەندی لەناو کۆمەڵگادا درووست دەکا و گرووپەکانیش رێگا بە خۆیان دەدەن هێڵە سوورەکانی ئاسایشی نەتەوەیی ببەزێنن و رێز لە ماف و ئازادیەکانی بەرامبەریش ناگرن.
جا ئەگەر دیکتاتۆری سیستەمی زەوتکەری ماف و ئازادیەکان بێ و بەرەڵاییش دەرگا لەبەردەم تێر کردنی حەز و ویستی گرووپێک واڵا بکات ئەگەر لەسەر حیسابی زەوتکردنی ماف و ئازادیەکانی خەڵک و گرووپێکی تر بێ، بە هەموو پێوەر سیاسی و زانستیەکان دیکاتۆری و بەرەڵایی لە دژایەتی و شەڕی دیموکراتیدا دەچەنەوە پاڵ یەک، ئەمیان بە زەوت کردنی ماف و ئازادیەکان بۆ گرووپێکی دیاریکراو و ئەویشیان بە گرووپبەندی و پەلاماردانی ماف و ئازادیەکانی هەر کەس و لایەنێک کە بیانەوێ، تاکە جیاوازییەک لە نێوانیاندا ئەوەیە: دیموکراتی لە هەناوی ستەمی دیکتاتۆریدا لە دایک دەبێ و بەرەڵاییش لە ئەنجامی تێنەگەیشتن و بە هەڵە شرۆڤە کردنی دیموکراتیدا هەوڵی خۆ نمایش کردن دەدات، بە واتایەکی تر لە دیکتاتۆریدا یەک هێز کە بەرئەنجامی یەک بیر کردنەوەیە خۆی دەسەپێنێ و بۆ مانەوەی خۆشی هەموو رێگاکان دەگرێتە بەر، لە بەرەڵاییدا بیر کردنەوەکان هێڵە سوورەکان دەبەزێنن و پەلاماری هەموو جوانیەکان دەدەن بە سەروەریەکانی مێژوو و خۆزگەکانی داهاتووشەوە.
ئەگەر ئەوەی لە سلێمانی ناویان ناوە دیموکراتی لە چرای ئەو شرۆڤەیەی سەرەوە بدەین، دەگەینە ئەو راستییە کە نەک هەر دیموکراتی نییە، بەکو بەرەڵاییە و بۆ ئەم قۆناغەی کوردستان گوزەری پێدا دەکات مەترسیەکانی ئەگەر لە دیکتاتۆری زیاتر نەبن کەمتریش نین، گرووپبەندیەکان لە سلێمانی هەموو سنوورەکانی بڕیون و چۆتە ناو ماڵی حزبەکانیشەوە، بۆ نموونە:ــ
لەسەر پرسێکی چارەنووسساز حزبێک دوای چەندین کۆبوونەوە بڕیارێک دەردەکات، کەچی لە خوارەوە و لەناو هەمان حزبدا گرووپێک یان تەنانەت کەسێک سەرسەختانە لە دژی هەڵوێست وەردەگرێ و بە ئاراستەی پێچەوانەکەیدا دەجووڵێ، یان لە بەغدا پەرلەمانتاری سەر بە حزبی کوردی لە بەرژەوەندی داگیرکاری کوردستان و دوژمنی کورد دەست هەڵدەبڕێ و بڕیار بۆ بە یاسایی کردنی میلیشیایەکی دەرهاویشتەی فتوای مەرجەع بداو منەتیش لەسەر کورد بکات، یان پەرلەمانتار موزایەدە بە نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستانەوە بکات و داواکردنی مافی سەربەخۆییش بە ناسۆینالیزمی توندڕەو و شەڕانی ناو ببات! لە هەموو ئەوەش خراپتر لە بەرامبەر گشتپرسی و گەڕانەوە بۆ راو بڕیاری خەڵک، گرووپی کەمپینی نەخێر رابگەبەنرێ و بە ئاشکرا بانگەشە بۆ ژێردەستە کردنەوەی کورد بکات، هەموو ئەوانە لێکەوتەی ئەو بەرەڵاییەن کە لە سلێمانی بەرگی دیموکراتی بەبەردا کراوە، بۆیە پێویستە سلێمانییەکان چۆن لە کوردایەتی و بە گژدا چوونەوەى دیکتاتۆری پێشەنگ بوون، لە بنبڕ کردنی ئەو بەرەڵاییەش کە بە ناوی دیموکراتی بە گەروویاندا دەکرێ بڕیار دەربن و رێگە نەدەن چیتر ئەو حزب و دەستە و گرووپانە سواری شەپۆلی داخوازیەکانیان بن.
Top