رفراندۆمی کوردستان لە ڕۆانگەی تیۆری چارلز داروینەوە

رفراندۆمی کوردستان لە ڕۆانگەی تیۆری چارلز داروینەوە
پاش ئەوەی ئێمە بۆ ھزاران ساڵ لە لایەن زانایان و فەیلەسۆفەکانەوە چەواشە کرابووین و واتێگەیێنرابووین مێشک، ئەو بەشە بایۆ-فیزیۆلۆژیەی کە دەکەوێتە نێو کەلەی سەری جەستەی مرۆڤەوە، و ئەرک و کارە ھەرە سەرەکیەکەی ئەوەیە ئێمە بتوانین جیاوازی لە نێوان چاکە و خراپە و ئەھریمەن و ئەھوەرامەزدا بکەین،کەڵە زانایەک پەیدا بوو و مرۆڤایەتی لەو خەونە چەندین ھزار ساڵانەی بەئاگا ھێنا. ئەوە باوەرە پێش ئەو کات شتێکی ناوازە نەبووە، ئێمەی مرۆڤ زۆر بنەما و یاسای ھەڵەی ھاوشێوەی لە ڕێگای ئەو جۆرە زانا و فەیلەسۆفانەوە کلاسیکیانە فێرببووین و زۆرێکیان ئێستاشی لەگەڵدا بێ لە مێشکمان نەسڕاوتەوە و تووشی زۆر زیان وکێشە و گرفتی کردووین و ئاسەوارەکانی تا ئێستاش دیارە، بۆ نموونە چەند ڕۆژ لەمەو پێش کەسێک لەم کوردستانەوە بەو مێنتالیتەیە لەسەر یەکێک لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ئاماژەی بە گۆڕینی نوێ لە ناوچە و کوردستانی دەکرد و لەخۆی وەربێ گەنجانی ھاندەدا بۆ ئەوەی مێشکیان بەکاربێنن، بەڵام ھەمان ئەو کەسە لە ھەمان کەناڵ ئاماژەی بەوە دا کە دەبێ ئەو مێشکە بخرێتە گەڕ بۆ ئەوەی ڕیفراندۆمی کوردستانیان سەرنەگرێ. دەبێ ئەوە چ مێنتالیتە و نوێگەریەک بێ کە لەدژی وڵات و ھاونیشتمانیانی خۆت بی و باس لە پێوەرەکانی دیمۆکراسی بکەی، بەڵام پێوەری خۆت کلاسیکی و ئێکسپایێر، بەڵکۆ زیانمەندیش بێ.
بەڵێ پاش ئەو ھزار ساڵە گەمژەییەی مرۆڤ،لە سەدەکانی دواییدا زانایێکی وریا لەو بابەتە کەوتە گۆمانەوە و دوای ئەوەی چەند ساڵێک لە دارستانەکانی ئەفریقیا خەریکی توێژینەوەی زانستی بوو، چەند تیۆرێکی داھینا، کە ئاماژەیەکن بە ھەبوونی " ململانێ بۆ مانەوە" لە نێو گیانەوەر و گۆِڵ و گیایەکان دا. بیروباوەرەکانیچارلز ڕۆبێرت دارڤین (١٨٠٩-١٨٨٢,Charles R. Darwin) زانای بەریتانی لە تیۆرییەکی بەناوبانگ بەناوی "بیردۆزی پێگەیشتنی پەیژەیی و قۆناغ بە قۆناغ" (theory of evolution)، کە بە پێی پۆلینکردن دەکەوێتە نێو گرووپی بیردۆزەکانی ئەرکایەتی(Functionalism)، باسی لە ھەندێ ڕاستی کرد کە تا ئەو کات مرۆڤ نەیبیستبوو. ئەو پێی وابوو سروشت شتەکان پێدەگەینێ. بەواتایەکیتر سروشت باشترین مامۆستا و ئافرێنەرە.ھەڵبژارتنی سروشتی گرنگترین چەمکی تیۆرەکەی بوو.
ئەو دەیگۆت وەک چۆن ھەندێ دار و درەخت و گژ و گیا بە سروشتێکی تایبەت ھەن، و دەبینینکە دڕکیان پێوەیە، ئەوە لەخۆڕا و بەھەوانتە نیە، بەڵکۆ بۆ ئەوەیەئەوان خۆیانیان لە سەرما و سۆڵی زستان و گەرمای ھاوینان بپارێزن، و دیسانەوەش وەک چۆن سروشت گورگ و سەگ و شێری وا ئافراندووە تا بە ھۆی پەنجە بەھێز و ددانە دڕەکانیان بتوانن خۆیان و بەچکەکانیان لە مەترسیەکانی ژینگەھی و سروشتی و گیانەوەرانیتر بپارێزن، و وەک چۆن فیل بە لووتە درێژەکەی و زەڕافە بە گەردەنە باڵا بەرزەکەی و مامزە کێوییەکان بە ڕاکردنە خێرایەکەیان و ... ھتد، ژیانی خۆیان لە لەناوچوون دەپارێزن، ھەروەھاش مرۆڤیش بە ھەمان شێوە لە سروشتدا ئەلترناتیڤێکی ھەیە و دەبۆایە شتێک یان کەرەستە و ئامیر یان ڕێگەیەکی ھەبێ کە دەبێ وەک ئەوان ھەڵسوکەوت بکاتن. بەواتیەکیتر ئەو پێی وابوو دەبێ ئەو بوونەوەرەش لە سروشتە نادادپەروەرە و کۆشندەیەدا ئەندامێکی ھەبێ تا بەھۆیەوە خۆی لە زۆر مەترسی گەورەی دەوروبەر بپارێزێ.
داروین پێی وایە ھەر بەم ھۆیەشەوە مرۆڤ،ئەو بوونەوەر و گیانەوەرە لاواز و بێدەستھەڵاتە، ھاوشێوەی ئەوان و چەکدار بە چەکێکی جیاواز لەوان، بووە خاوەن مێشکی خۆی، تا بەھۆیەوە لە لەناوچوون بپارێزرێتن، چونکە یەکێک لە گەورەترین فەلسەفەکانی ژیان بەگشتی و بۆ مرۆڤایەتی بەتایبەتی، بەردەوامیدانە بە ژیان و شتەکانی تر لاوەکین. مێشک بۆ مرۆڤ وەک ئەو کەرەستەیە بوو کە بە ھۆیەوە مرۆڤ دەبوایە ستراتێژی و ڕێگای تایبەت بگرێتەبەر و لەو بۆارە دا داھێنان بکاتن، تاکو مانەوەی خۆی لە بەرامبەر سروشتی بێ بەزەیی و گیانەوەرە دڕِندەکانی بپارێزێ. ھەڵبەت ئەو پێی وایە ئەوە بە پێی قۆناغە جیاواز و یەک لە دوای یەک و بەدرێژایی سەدان ھزار ساڵ ڕوویداوە، نەک لەناکاو و لە پڕێک سەری گرتبێ.
ئەوەتا ئەمڕۆکە، دەبینین، سەرەڕای دڕندایەتی سروشت و ڕووداو و بوونەوەرەکانی، بە ھەموو جۆرە گیاندار و بێگیانەکانیەوە، مرۆڤایەتی بە ھۆی ئەم ئالاڤ و کەرەستەیە خۆی پاراستووە، و ئەویش بەڕێگەی بیرکردنەوە و ئەزموونەکەی لە ڕووداو و کارەسات و دیاردەکان، و ئینجا داھێنان بۆ گرتنەبەری ڕێگەچارەی گۆنجاو بۆ ھەر ھەڵوێستێک.ئەگەر وانبۆایە مرۆڤ دەبوایە زۆر زووتر و خراپتر لە مامووت و دەیناسۆرەکانی بەسەر بھاتبایە. وەک داروین باس دەکاتن، مێشک ھۆکاری پاراستنی بووە لەو ھەموو ماوەیە دوور و درێژە دا.
نەتەوە و ھۆز و وڵاتان، لە ململانێی ژیان دا، لە شارستانیەتە جیاوازەکان بەشێوازی جیاواز ئەو کەرەستەیان بەکار ھێناوە و کەم و زیاد توانیویانە یان نەیانتوانیوە سوودی لێوەربگرن، بەڵام قۆناغە جیاوازەکان شێوازی تایبەتی خۆیانیان ھەبووە بۆ ئەم کارە، و ئەوانەی نەیانتوانیوە ئەم کارە بکەن بڕیاری نەمانیان بۆ دەرچووە. خەڵکی و نەتەوەکان چیان کرد یان نەیانکردووە و دەکەن، پەیوەستە بە خۆیان، و ھەر کەس مافی خۆی وەرگرتووە بە باشی بێ یان خراپی،بەڵام ئەوەی لێرە دا دەمانەوێ باسی لێوە بکەین ئەوەیە کە ئایا ئێمەی کوردستانیان توانیومانە سوود لەم کەرەستە بەھێز و کاریگەرە وەربگرین یان؟دیارە زۆر کەس لەگەڵمان ھاوڕان کە " نەخێر" وڵامێکی ڕاستەقینەی ئەم پرسیارەیە. ئەوەتا ئێمەی کوردستانی و کورد بەتایبەتی، بە درێژایی ھزاران ساڵی ڕابردوو باجی ئەو چەندە دەدەین، کە نەمانتوانیوە وەک پێویست سوود لە مێشکمان وەربگرین، و ئەو ڕاستیە لای کەس شاراوە نیە. بەڵام ئایا ئەو نەزانی و گێڵییە تاکەی؟
ئەوەتا لە گۆڕەپانی سیاسەت و کۆمەڵایەتی کوردستانی ئەمڕۆمان دوو بەرەی جیاواز لەو سۆنگەیەوە پەیدا بووە. بەرەیەک کە ھەستیان بەو ڕاستیە کردووە و ھەست دەکەن کە ئێمەی کوردستانی دەبێ ئەمرۆ ئەو مێشکەمان بەکاربێنین و داھێنانی پێبکەین، نەک بۆ دژایەتی و لەناوبردنی ئایین و مەزھەب و کەسان و نەتەوە و مرۆڤەکانیتر، بەڵکۆ بۆ خۆ پاراستنەوەمان لە ئەو لەناوچۆنەی کە ھەمیشە وەک تارماییەک سێبەرە ڕەشەکەی لە سەر سەری ئێمەی کوردستانی لا نەچووە، و ھەمیشە خۆی لە کارەساتی وەک حەلەبچە و گەرمیان و ئەنفال و شنگال و ...ھتد، دووبارە کردووە. لەو سۆنگەیەوە ئەو بەرەیە ئەو داھێنانە، واتا بەگەڕخستنی مێشک، تەنھا و تەنھا بۆ مەبەستێکی پاک، کە بریتیە لە پاراستنی کوردستانیان نەک ھیچ ئامانج و خەیاڵ و خیانەتێکی تر، لە ڕاگەیاندنی دەوڵەتێکی سەربخۆ بەناوی کوردستانی دا دەبینن تا بەھۆیەوە ئەو کوردستانیانە، ھیچ نەبێ ساڵانێک و پاش چەندەھا ساڵ نەسەقامگیری دەروونی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری، ماویەکیش بە ئارامی بژین و وەک مرۆڤێکی ئاسایی بحەسێنەوە و چیتر لە ناو نەچن، و وەک زۆر نەتەوەی تر کە ئێستا تەنھا ناویان لە مێژوو دەھێنرێتن نەبنە قۆربانی زۆرداران و مرۆڤە دڕندەکانی دەوروبەر. ئەوان بە ھۆش و جۆش و خرۆشەوە مێشکیان دەخەنەگەڕ و بە وریاییەوە بیر لە ڕابردوو دەکەن. ئەوان بێ ئەوەی دوودڵ بن، ھەموو نەھامەتیەکانی و ئەنفال و کێمیاباران و جینۆساید و کۆڕەوەکان بیر خۆیان دێنن، بۆیەش دەڵێن وەرن خەلکینە، وەرن ئەی کوردستانیان!وەرن با ئێمەش ئەو ھەلە و دەرفەتە زێڕینەی بۆمان ڕەخساوە لە دەست نەدەین. پاراستنمان لەو داھێنانەدایە. ئێمە پەنجە و دڕکمان نیە بەڵام خۆ مێشکمان ھەیە! بۆچی نابێ وەک پێویست بەکاری بێنین و سوودی لێوەربگرین؟!
بەڵام لە دیوەکەیتر دا گرووپ و وڵات و تاخم وکەسان و لایەن ھەن بۆڵەبۆِڵیانە و لەو نھێنییەی سروشت و ژیان نەگەیشتوون و یان نایانەوەێ خۆیان تێبگەینن و بەڵکۆ گێڵن! ھەندێکیان گێڵ نین، چونکە دوژمنن و دوژمن دوژمنە، و ئەوەی ئەو ھەموو ساڵە دورودرێژیان پێکردووین ھیچ گۆمانێک ناھێڵێ کە تێنەگەین ئەوان دوژمنن. بەڵام ھەن خۆیان بە کورد و کوردستانی و دۆست و برا و ھاونیشتمانی و نوێخواز و کوردپەروەر و مرۆڤدۆست و ئازادیخواز و دادپەروەرو دیمۆکراتیخواز و سەردەمیانە و ناونیشانی ھاوشێوە بەدەردەخەن، بەڵام ھەمان ئاراستەی دوژمنانیان ھەیە بەرامبەر ئەو دەرفەتە و ھەلە گۆنجاوە، و بەبیانۆی جیۆراوجۆر و نابەجێ ھەوڵی دژایەتیکردنی دەدەن. نازانین بۆ ئەوان چی بڵێین؟! ئەوان ئەو داھێنانەی سروشت بە ھەند وەرناگرن. پێیان وایە کاتی ئەوە نەھاتووە، مێشکیان بەکاربێنن!! نازانین ئەوان لە حەسارەیەکی ترەوە ھاتوون و ئاگایان لە ڕاستی و سروشتی ژیانی سەر گۆی زەوی نیە یان چی لە مێشکیان دەگۆزەرێ بەس خۆیان و دۆستان و پشتەوانان و خۆای گەورە و میھرەبان دەزانن.
ئەوەی لێرەدا مەبەستمانە بڵێن و پرسیاریان لێوە بکەین کە: ئەی باش ئایامێشکی ئێوە بۆ چی ئافرێنراوە؟ دەڵێی ئێوە تەنانەت وەک گۆِڵێک و گیایەک و گۆرگ و شێر و پشیلەیەکیش لە سروشت نەگەیشتوون کە ئەوھا ھەڵسوکەوت دەکەن؟ نابینن ئەوان چۆن خۆیان دەپارێزن؟ ئێوەی نەحەزانی رفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ئەو داھێنانەتان بە خەیاڵدا نەھاتووە، دەبێ ئێمە لێتان بپرسین بۆچی؟ ئەی بۆچی ئەو مێشکەتان بۆ داھێنانی تری ھاوچەشنی تێکدان و شێواندن و ناوزڕاندن و ناتۆرە و ئاژاوەگێڕی و مەھانەدۆزینەوە زۆر بۆێر و ئازاییە، و لەسەر کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بە ھەموو بێباکیەوە لە دەربڕینەکانتان دەردەخەن کە بۆ تێکدانی ئەو رفراندۆمە ئامادەی ھەر کار و شتێکن؟ تەنانەت ئامادەن بۆ ڕازیکردنی دڵی دوژمنان دەستتان لە نێو دەستیان بنێن تا ئەوان زۆر ئاسانتر برا و خوشکەکانتان ئەنفاڵ و کێمیاباران و ... ھتد، بکەن. ئایا چونکە ئەو نەتەوە و وڵاتانە و پرۆژە نامرۆڤی و دوژمنکارییەکانیان لە بەرژەوەندییەکانی ئێوە نزیکە بەڵام داھێنانی " بەدەوڵەتبوونی کوردستان" دژی بەرژەوەندییەکانتانە؟ ئایا ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە لە مرۆڤایەتی دەوەشێتن؟ ئایا ئێوە چیتان لە گۆرگ و پشیلە و زەڕافە و فیل و گۆڵێک کەمترە؟ ئایا ئەگەر ئەمڕۆ کار بە مێشکتان نەکەن و بۆ پاراستنی خۆتان و نەوەکان و ئاییندەتان سوودی لێوەر نەگرن، ئەی بەتەمانەن کەی ئەو کارە بکەن؟ ڕۆژی ( قیامەت)!!؟؟ ئایا ئەوە ئەو چەندە ناگەینێ کە یان ئەوەتا مێشکەکەی ئێوە لە کار کەوتووە و باش و دروست، وەک ئەوەی کە زانایەکی وەک داروین باسی لێوە دەکاتن، ئەرکە سروشتیەکەی خۆی ڕاناپەڕێنیتن یان دەبێ دان بەوە بنێن کە ئێوە مێشکتان لە کەڵە دا نیە؟ ئەگەر وەڵام " نە" بێ ئەی ئێوە مێشکتان بۆ کەیە و بۆ چیە؟؟!!
تیۆرییەکەی دارڤین و زانایانی سەردەم و یاسا و بنەماکانی سروشت پێمان دەڵێ ئەگەر ئێمە نەتوانین سوود لەو لایەنە سروشتیەی مێشکمان و بەگەڕخستنەوەی، وەرگرین دەبێ بە دەستی خۆمان پەیمانی لەناوبردنی خۆمان واژوو بکەین و ئەو بڕیارە و ڕەفتارە ناوازە و ھەڵەیە، ھەمان ئەوانەن کە زۆر نەتەوەیتری پێش ئێمە، کردیان بەڵام کورد توانیویەتی تاڕادەیەکیش بووبێتن، لە چەند قۆناغێکدا خۆی لەو لەناوچوونە بپارێزێتن و لەوانەیە شانس ھاوکاری کردبێ، ھەرچەند کە ھژماری ئەوانەی گیانیان لەدەستدا کەم نەبوونە.بۆ ئەوە ئەو کات فاکتەری گرنگ و قەڵای پۆلاِین ھەبوون. بەڵێ تەنھا دۆستانی کوردستانیان، واتا شاخەکان بێ بەش نەبوون و بەتایبەت ئەو کاتەی کە جەنگەکان لە سایەی ھێزی دەست و بازوو و ئامێری وەک ئەسپ و شمشێر دەکران. بەڵام پرسیار لێرەدایە کە ئایا ھەمیشە وا دەبێ؟بێگۆمان نە.
ئێستا دوژمنان و داعشیان و ناداعشیانو نەحەزانمان چەکی وایان بەدەستەوەیە کە ھزاران کیلۆمەتر لە سەر زەوی دەڕوات و ئاسمانەکاندەبڕێ و دەگاتە لووتکەی کێوەبەرز و نێوئاسمانەکان. ئەمڕۆ ئەسپ و وڵاخەکان نەماون، فیل و وۆشتر لە جەنگ بەکار نایێ، بەڵکۆفڕۆکە جەنگیەکانی جیاواز،و مانگە دەستکردەکان جەنگ دەکەن. چیتر شاخە سەربڵندەکانی کوردستانناتوانن ئێمە بپارێزن. ئێستا جەنگی ئەلکترۆنی لە ئارادایە، و شاخە خۆشەویستەکانمان چیتر ناتوانن وەک جاران بە ھانامانەوە بێن. ئەمڕۆ مان و نەمانمان بەدەست خۆمانە و مێشک گەورەترین کەرەستەیە بۆ ئەم چەندە. تاکەی دەبێ چوەڕۆان بین تا ئەنفاڵ و جینۆساید بکرێین؟ دەبێ کەی ئێمە لە فەلسەفەی ژیان و سروشت، و ئافراندنی مێشک و بیرۆکە و تیۆرییەکەی چارلز دارڤینەکان بگەین؟ رفراندۆم بەگشتی و ھی کوردستانیان داھێنانێکی مەزنە دەبێ دەنگی " بەڵێی" پێ بدەین تا پارێزراو بین لە لەنێوچوون، ئینجا لە سایەی دەوڵەتێکی دیمۆکراسی ھەموو کێشە و گیروگرفتەکان بە گفتگۆ و پشوودرێژی و برایانە چارەسەر دەکەین.
سەرچاوەکان:
١) Coon, Dennis (١٩٩٧). Essentials of psychology, exploration and application, ٧ th, Brooks/Cole pub.USA.
٢) Larsen, Randy J. & Buss, David, M. (٢٠٠٥). Personality psychology, domain of knowledge about human nature, ٢nd ed., McGraw-Hill.
*مامۆستای ئەکادیمی/پسپۆرێ زانستەکانی پێداگۆگی و سایکۆلۆژی/زانینگەی زاخۆ
-ئەو بابەتە لە ڕۆژنامەی خەبات ژ. (٥٣٢٨) لە (١٣/٨/٢٠١٧) ل. (٧) بلا بۆتەوە.



Top