نەیارانی كورد باش دەزانن ، كە سەرۆك بارزانی بریاری دەوڵەتی سەربەخۆیی كوردستانی داوە
August 21, 2017
وتار و بیروڕا
مێژوو شاهیدە كە داگیركەران و دوژمنان و كۆیلەكانیان هەموو تواناكانیان خستە گەر و دەیان پیلان و لوغمیان لە بەردەم كاروانی رزگاریخوازی و سەربەخۆیی كوردستان دانایەوە ، بەڵام نەك نەیانتوانی ساردمان بكەنەوە لە خەبات بەڵكو گەرمتر لە جاران پێداگربووین لە سەر بەدەستهێنانی مافەزەوتكراوەكانمان. پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر دەستی بارزانی نەمر دامەزرا، بووە رۆشناییەكی تازە بۆ شێوازی خەباتێكی نوێ لە ناو بزاڤی رزگاریخوازی كوردستاندا، ئەم وەرچەرخانە نوێیە لە شێوازی خەباتی نەتەوەیی، بۆ یەكەمجار بوو لە ناو مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان و تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە سەردەستی پارتی و لە ژێر سایەی رێبازی بارزانیی نەمر هاتە ئاراوە..سەرۆك مەسعوود بارزانی كە لەم قۆناغەدا رابەرایەتیی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان دەكات، لە پەرلەمانی كوردستان داوای ئەوەی كرد كە رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم و بڕیاردان لە مافی چارەنووس بۆ ئەوەی كوردستانیان بە ئازادی دەنگ بدەن و بڕیار لە ئایندەی خۆیان بدەن، ئەم هەنگاوە و نزیكبوونەوەی باشووری كوردستان لە بوون بە دەوڵەتی سەربەخۆ .هیچكات هەوڵەكانی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی كوردستان بەبێ كۆسپ و لەمپەر نەبوون، ئێستایش كە هەڵوێستی كوردستان بەهێزە و لە هەموو كات زیاتر نزیكترین لە گەیشتن بەو ئاواتەی كە رۆژگارێك وەك خەون وێنا دەكرا، لێرەولەوێ چەندین هەوڵی هەمەجۆر دەدرێت بۆ ئەوەی بە ڕای گشتی رابگەیەنرێت كە ریفراندۆم و راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ كاتی نەهاتووە و بارودۆخەكە لەبار نییە، بە گوتاری نائامادەیی كوردستان دژایەتیی رەوتی سەربەخۆخوازی دەكرێت و پاساو دەهێنرێتەوە بۆ ئەوەی ئەم دەرفەتە لەبار ببرێت، بە پێشمەرج دانان و داواكردنی دۆخێكی یوتۆپیایی كە لەو بروایەدا نیم هیچ دەوڵەتێك لە دەوڵەتانی جیهان گەیشتبێتە وەها بارودۆخێك پێش لە دایكبوونی. باوەڕی جەماوەری كوردستان بە سەرۆك مسعود بارزانی و هەوڵەكانی بۆ بە ئاكامگەیشتنی ئەم پرسە و، كورد دەگات بە ئاواتی لە مێژینەی خۆی، چونكە زۆرترینی ئازارەكانی لەدایكبوونی ئەم دەوڵەتەی چەشتووە و نزیكە لە كۆتایی ئازارەكان، دواتر لەناو ئەو دەوڵەتە سەربەخۆیەدا دەرفەتەكانی گەشەكردن و بەهێزكردنی پایەكانی بەڕێوەبردن كراوەتر دەبن و ئەو دەوڵەتەش نموونەیەكی جوان و گەشاوە لە هەمەجۆری ئیتنی و ئایینی و پێكەوەژیانی هاوسەنگ پیشانی جیهان دەدات.
بۆیە ئێتر كاتی ئەوە هاتووە كە نەكەوینە كاریگەری هاوهوشی ناحەزانی سەربەخۆیی كوردستان كە لە هەمانكاتدا نەیاری كورد و پێشكەوتن و گشت دەستكەوتەكانی كورد. پێوستە پشتیوانی هەنگاوەكانی سەرۆك بارزانی بین بۆ گەیشتن بە مافی دەوڵەتبوونی كوردستان ..