گەلانی دنیا لە مێژووی دێرینی خۆیاندا هەمیشە خەباتیان بۆ بەدەستهێنان و دابینكردنی دواڕۆژێكی رۆشن و پرشنگدار كردووە، كوردیش وەك هەر نەتەوەیەكی دیكە خاوەن خەباتێكی دێرین و درەوشاوە بووەو بۆ گەیشتن بە مافی چارەی خۆنووسین لەم پێناوەشدا بە هەزاران قوربانی داوە، ریفراندۆمیش وەك مافێكی سرووشتی و نەتەوەیی بنەماو پرەنسیپێكی سەرەكیی پرۆسەی دیموكراسییە بۆ دیاریكردنی مافی چارەی خۆنووسین، گەلی كورد بەر لە 2700 ساڵ خاوەن شارستانیی خۆی بووەو تەنانەت رۆڵی گرنگیشی هەبووە لە بنیادنانی شارستانیی مرۆڤایەتیشدا، بۆیە كورد ئومێد و ئامانجی سەرەكیی خۆی لەمیانی تێكۆشان و خەباتی دەیان سەدە هەر بۆ ئازادی و سەربەخۆیی و رزگاربوون بووە لە ژیانی لەژێر دەستەیی، ئەو ئامانجەی كە گەلی كورد بۆ دیاریكردنی مافی چارەی خۆنووسین خەباتی بۆ دەكات، تەنیا دروشم نییە، دەبوایە نەك هەر ئێستا بەڵكو دەیان ساڵ پێش ئێستا بهاتایەتەدی و كوردیش شان بە شانی گەلانی دیكەی ژێردەستەی جیهان خاوەن قەوارەو پێگەی نێودەوڵەتیی خۆی بوایە، خەبات و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆتە سونبولێكی دیارو گەشاوە، نەك هەر بۆ خودی كورد، بەڵكو بۆ هەموو گەلانی دنیا كە بەشانازییەوە ئاماژەی پێدەكەن وەك سەردەستەی مێژووی تێكۆشان و قوربانیدانی میللەتێك كە كاتێ داوای ئەو مافە رەوایە دەكات هەرگیز ئەو ئامانجە تێكەڵ بە پرسەكانی دیكە ململانێی حزبی و دەستتێوەردانی ئەم لاو ئەو لا ناكات، بەڵكو وەك پرسێكی نەتەوەیی و نیشتمانیی لێی دەڕوانێت و هەموو هەوڵ و تەقەلایەكی بۆ هێنانەدی ئەو ئامانج و مافە سروشتییە تەرخان دەكات. هەلومەرجی دەیان ساڵەی رابردوو گەواهیدەری ئەوەیە كە لەئێستادا رەوش و زەمینە لەبارە بۆ كاركردن بەرەوە ئەو ئاراستەیە كە خۆی لە ئەنجامدانی ریفراندۆمدا دەبینێتەوە، ئەو هەلە زێڕینە مەحاڵە بۆ كورد دووبارە ببێتەوە چ لەسەر ئاستی ناوخۆدا، یان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا دوای ئەوەی كە گەلی كورد لە باشووری كوردستان بۆ دۆست و دوژمنی دووپات كردەوە كە گەلێكی پێشكەوتنخوازو شۆڕشگێڕو خاوەن سوپایەكی رێكخراوی خۆیەتی كە ئەویش پێشمەرگەی كوردستانە، ئەگەر سەیری هەڵوێستی دەوڵەتانی جیهان بدەین هیچیان بە ئاشكراو روونی دژی ئەنجامدانی ریفراندۆم نین، جگە لە هەندێ تێبینی و سەرنج لەسەر كاتی ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە، بۆیە ململانێ و جیاوازیی بیروبۆچوونی لایەنە سیاسییەكان لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان نابێت ببێتە بەربەست و ئاستەنگ بۆ هەنگاونان بەرەو ریفراندۆم و بەجێهێنانی ئامانجە سەرەكییە نەتەوەیی و نیشتمانییەكە كە بریتییە لە دامەرزاندنی قەوارەیەكی سەربەخۆ لە كوردستاندا، هاوكات پێویستە بە هەموومان بەو پەڕی باوەڕبەخۆبوونەوە روو لە پرۆسەكە بكەین و هەموو ناكۆكی و جیاوازییەكانمان وەلاوە بنێین و رەشبینی و دڵەڕاوكێ لەبیر هاووڵاتیانمان ببەینەوەو بە گەشبینییەوە لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی ئەنجامدانی ریفراندۆم لەگەڵ میللەتی خۆمان بدوێین و هەڵوێست و تێڕوانینەكانمان لەهەمبەر ئەو پرۆسەیە یەك بخەین، دیارە لەبەرامبەر ئەم هەنگاوە پیرۆزەش كەسانێكی ناحەزو نەیار هەن، چ لەنێو خودی گەلی كورد لە كوردستان، یان لە عێراق و شوێنەكانی دیكە كە بەردەوام دەهۆڵی شێواندنی راستییەكانی ئەم ئامانجە لێدەدەن و دەیانەوێ ورەی هاووڵاتیان بهێننە خوارەوە، لێرەو لەوێ لێدوانی دژ بەم پرۆسەیە دەدەن، دیارە ئەو كەسانە زۆر كەمن و بە فیتی دوژمنانی كورد كە ئاكارو بۆچوون و ئاراستەكەیان روون و ئاشكرایە، ئەوانە دەیانەوێ ئەو ئامانجە ناشیرین بكەن بە بیانوو و لێكدانەوەی بریقەداری چەوت پرۆسەكە ناشیرین بكەن و زیان لەم پرسە نیشتمانی و نەتەوەیییە بدەن، هاوكات وا لە میللەت بكەن لەم هەنگاوە پیرۆزە بسڵەمێتەوە، بەڵام هەر وەكو ئاماژەمان پێكرد، گەلی كورد كە بە درێژایی دەیان ساڵی رابردوو ئەو هەموو مەینەتی و كارەساتەی بەسەر هاتووە، هەرگیز چۆكی دانەداوە بەرامبەر سەرسەختترین دوژمن و لەم پێناوەشدا قوربانی داوە، چۆن رێگە بەو كەسانە دەدات مەرامە گڵاوەكانیان بێننەدی و لە پرسێكی وا نەتەوەیی و چارەنووسسازدا كورد سارد ببێتەوە. لە ئێستادا قەوارەیەكمان هەیە كە لە شێوەی دەوڵەتێكی سەربەخۆدایەو بە درێژایی ساڵانی دوای راپەڕینیش بووینەتە خاوەن پەرلەمان و حكومەت و ئاڵا و هێزی پێشمەرگەی خۆمان، هەرێمی كوردستان دیارترین پێگەی هەیە لە برایەتی و پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی، بۆیە هەر بەم بۆنەیەوە ئێمەی پێكهاتە ئایینییەكانی كوردستان بە جیاوازیی بیروباوەڕی ئایینییەوە هەمیشە لەگەڵ مافی گەلی كوردستان بووین بۆ بەدیهێنانی ئازادی و یەكسانی و چەسپاندنی پرەنسیپەكانی دیموكراسی و لێبووردەیی و پێكەوەژیان، كوردیش لە پیلانەكانی سەرجەم حكومەتە یەك لە دوای یەكەكەكانی عێراق گەیشتووە كە بەدرێژایی ئەو هەموو ساڵە تەنانەت مافی ژیانێكی ئاسوودەو سەقامگیریان بە كورد رەوا نەبینیوە، بۆیە پێویستە هەموو تاكێكی ئەم كوردستانە بە بیروباوەڕ و متمانەیەكی لەبن نەهاتوو پشتگیریی ئەم پرۆسەیە بكات و تاكە ئامانجی لە ریفراندۆم بەدیهێنانی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان بێت.