ناحەزانی ڕیفراندۆم و کەلتووری گەندەڵی سیاسی

ناحەزانی ڕیفراندۆم و کەلتووری گەندەڵی سیاسی
ساڵانێکی زۆرە کە گۆێچکەکانمان لەگەڵ وشە و دەنگی گەندەڵی ڕاھاتوون. ئەویش بریتیە لە دیاردەیەک کە لە مێنتالیتەی ئێمەمانان دا ئاماژەیەکە بۆ پارەدزین و خواردنیان لەلایەن چەند بەرپرس و دەوڵەمەند و بازرگانێک و فەرمانبەری دەستڕۆیشتوو، و یان ڕەفتاری ھاوشێوە، کە زیاتر خۆیان لە شتی مادی دا دەبینن.
بێگۆمان کەلتووری گەندەڵی لە جیھان و کوردستانیش دیاردەیەکی سایکۆسۆسیۆلۆژیک، واتە دەروونی و کۆمەڵایەتییە، و گفتگۆکردنی باس و خاسێکی دورودرێژە و زۆر ھەڵدەگرێ و پێشینیەیەکی زۆر کۆنی ھەیە. ئەو دیاردەیە خۆی لەناو لاپەڕە ڕەشەکانی مێژووی تاک و لایەن و کۆمەڵگاکان دا دەبینێ.
زۆر جار ھەندێ ڕەفتار و کردار دیوێکی تری گەندەڵین، بەڵام ئێمە ھەر ڕاھاتووین گەندەڵی تەنھا لە ھەندێ شتی مادی دا ببینین کە بە چاو دەبینرێن. سەدان جۆری گەندەڵی لە کۆمەڵگا دا ھەن کە ڕاستەوخۆ کاریگەری بەسەر سایکۆلۆژیا و باری کۆمەڵایەتی و ئابووری ھەموومان دەکەن: گەندەڵی پەروەردەیی، گەندەڵی کۆمەڵایەتی، گەندەڵی ئایینی، گەندەڵی زانستی، گەندەڵی ھزری، گەندەڵی سیاسی و ...ھتد.

ئەوەتا نموونەی گەندەڵی سیاسی لەوماوەیە دا ڕاستەوخۆ لە کۆمەڵگای کوردستانی دا زۆر بە ئاشکرایی و ڕاشکاوانە دەبینرێتن. بڕیاری سیاسی کەسان و لایەن لە دژایەتیکردنی ریفراندۆمی سەربخۆیی کوردستان و خەونی چەندین ساڵەی ھەموو تاکێکی نیشتمانپەروەری کوردستان، بە بەھانە و بیانۆی جۆداجۆدای و بێ بنەما، و ھەوڵدان بۆ لەباربردنی ھەوڵەکانی سەرگرتنی، بەناوی ئەوەی کە بۆ کەسێک یان لایەن یان بەرەیەک دەبێ، بەدەست بێ یان لەژێر ھەر ناو نیشانێک و بەڵکۆ گووشارێکیش بووبێ، زەقترین و دیارترینی نموونەی گەندەڵی سیاسییە، چ لەسەر ئاستی جیھان و چ لەسەر ئاستی کوردستان. چونکە لەوانەیە ئەنجامە نەرێنیەکانی سیاسی ئەو بڕیار و کار و ڕەفتارەی ئەو کارەیان ئەوەندە مەترسیدار بن کە دواتر بە ھێچ شێوەیەک قەرەبۆنەکرێنەوە.
*پسپۆری زانستەکانی پێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top