ریفراندۆم و قسەکی هەورامیانە
August 19, 2017
وتار و بیروڕا
لێرەدا بەپێویستی دەزانم ئەم بابەتە وەک قسەیەکی جدی لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و لیژنەی باڵای گشتپرسی لەهەرێمی کوردستاندا بکەم، بۆئەوەی بەجدی کار لەسەر ئەم بابەتە بکرێت نەک خودانەکردە کاردانەوەی لێبکەوێتەوە کەلەبەرژەوەندی پرۆسەکەدا نەبێت.
وەک ئاشکرایە هەورامییەکان لەچاو پێکهاتەکانی تری هەرێمی کوردستان بەژمارە زۆر نین، بەڵام ئەوەی کەهەن کەسانی بەتواناو خۆبەڕێوەبەرن و کەمترین بارگرانین بەسەر داموودەزگاکانی ئەم وڵاتەوە، هەورامییەکان لەخۆبەڕێوەبەریدا نموونەن و لەبەڕێوەبردنی ئەو کارانەشدا پێیان دەسپێردرێت نموونەیین.
لەشۆڕشەکانی کوردیشدا نموونەی بەرچاوی قوربانیدانن و هیچکام لە هێزەکانی ئەم کوردستانە ناتوانن نکۆڵی قوربانیدانی هەورامییەکان بکەن.
ئەمڕۆ هەورامییەکان تەنها ئەو کۆمەڵە خەڵکە نین لەهەوراماندا دەژین، جوگرافیای قەڵەمڕەوی زمانەکەیان گەلێ فراوانترە، لەگەرمیان و خانەقینەوە بۆ کەرکوک، بە زەنگنەو باجەڵان و هۆزەکانی ترەوە تا دەگاتە کاکەییەکان، لەدەشتی موسڵ شەبەک و دیسان کاکەییەکانن.
بۆیە ناکرێت ئەمانە نادیدە بگیرێن لەپرسێکی وا نیشتیمانیدا بۆیە گرنگە ئەم دوو خاڵە لەبەرچاو بگیرێت..
1_ وەک پێکهاتەیەکی گرنگی کۆمەڵگەی کوردستان دەبێت لەنزیکەوە ببینرن و گوێ لەداواو خواستەکانیان بگیرێت نەک لەچوارچێوەی پێکهاتەکانی تردا ببینرێن.
2_ زمانی ئەم پێکهاتەیە کە زمانی هەورامییەو کۆنترین تێکستەکانی ئەم سەرزەمینە بەهەورامی نوسراون و زمانی ئاینی یارسانە و لەدەورانی ئەردەڵانەکاندا زمانی فەرمی وڵات بووە، ئەمە جگە لە ریشە مێژوییەکەی لەدەوڵەتی میدیاوە تا دەورانی ساسانییەکان و کتێبە پیرۆزەکانی ئاینی میترایی و زەردەشتی.
بۆیە پێویستە لە هەڵمەتی بانگەشە بۆ ریفراندۆمدا چ لەسەر بڵاوکراوەکان چ لەدروشمەکاندا ئەمە رەچاو بکرێت ئەگەرنا رەنگە ئاخێوەرانی هەورامی خۆیان بەنامۆ بزانن لەو پرسەدا.
بەم کارە ئەو رەنجان و پەراوێزخستنەی ساڵانێکە هەورامییەکان هەستی پێدەکەن و گلەیی لەبارەوە دەکەن دەڕەوێتەوە و دڵگەرمیان دەداتێ، ئەمەش لەخزمەتی سەرکەوتنی پرۆسەکەدایە...
بەو هیوایەی بگاتە شوێنی مەبەست..