كوردستان ریفراندۆمی بۆ چییە؟
August 19, 2017
وتار و بیروڕا
بیرمەند و سیاسی و پسپۆرانی بوارە جیاجیاكان لە دەرەوەی سیاسەتی عەرەبی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ساڵانی پەنجاكانی سەدەی بیستەم دەركیان بەو هەڵە گەورەیە كردووە كە بەریتانیا و فەرەنسا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانیان و، بەپێی رێككەوتننامەی (سایكس- پیكۆ) دەوڵەتیان بۆ زۆر نەتەوە دروست كرد لە سەر حیساب و پێشێلكردنی مافی زۆربەی هەرەزۆری خەڵكی رەسەنی ناوچەكە، باجەكەشی خەڵكی ناوچەكە بە گشتی دەیداتەوە و، میللەتی كوردیش كە گەورەترین میللەتە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێ نیشتمانە و، بە درێژایی ئەم 100ساڵە تورك و عەرەب و فارس هەوڵی توانەوەی میللەتی كوردیان داوە و، بە بەردەوامی خەریكی گۆڕینی دیموگرافیاو شوناس و كەلتور و زمان و فەرهەنگ و شێواندنی مێژووەكەی بوونە، ئەمەش بە شێوازی جۆراوجۆر كراوە وەكو تەعریب و راگوێزراوەو شار و گوند روخێنراوەو ئەنفال و كیمیاباران و زیندانی و سەرنگوم كراوە، جگە لە وەرگرتنەوەی ناسنامەو خاك زەوت كردن، كە ئەمانە مافە سەرەتاییەكانی ژیانی هەر كەس و میللەتێكن، بۆیە ناوچەكە (رۆژهەڵاتی ناوەڕاست) بە خراپترین ناوچە هەژمار دەكرێت لە رووی سەقامگیری و ئارامییەوە و، هەروەكو (رالف بیترز)ی جەنەرالی ئەمریكی كە سنوورەكانی بە (سنوری خوێن) ناوزەدەی دەكات، هەر بۆیە بیر لە هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتننامەی سایكس پیكۆ كراوە و، نەخشەیەكی تازە لە ئارادایە بۆ داڕشتنەوەی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوین، بە شێوەیەك كە هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان مافەكانیان تێدا بەرجەستە بێت. بگەڕێینەوە سەر باسی عێراق و 100 ساڵ داگیركردنی خاكی باشووری كوردستان، ئێمە گەر وەكو كورد چاوپۆشی لە مێژووە خوێناوییەكەی كوردستان بكەین كە عێراق بەرامبەر بە كوردستان ئەنجامی داوە، لەدوای ساڵی 2003وە كە پەیوەندیی كوردستان لەسەر بنەمای فیدراڵی و پاراستن و رێزگرتن لە مافی تاك و نەتەوەكانی دیكەی عێراق و، لەسەر بنەمای هاوبەشی (الشراكة الفعلیة) لە بەڕێوە بردنی عێراق و، رێزگرتن لە هاووڵاتیبوونی میللەتانی دیكەی عێراق لە رووی زمان وكەلتوور و ئایین وئایینزایی بنیاد نرا و، دەستوری ساڵی 2005عێراقی یەكگرتوو بە زەمانەتی بنەڕەتی یەكپارچەیی خاكی عێراق هەژمار دەكرێت، كورد و سوننە و شیعەش لەسەر بنەمای ئەم دەستوورە رازی بوون كە لە یەك وڵاتی فیدراڵی هاوبەشدا بژین، بەڵام حكومەتی عێراق بەرامبەر بە پێكهاتەكانی دیكە پابەندی ماددە و بەندەكانی دەستوور نەبووە و، تاكلایەنانە دەستووری عێراقی لەكارخست، لە كۆی(144) ماددەی ئەم دستوورە 51ماددەی كاری پێ ناكرێت، ماددەكانی دیكەیش بە نیوەچڵی و بەپێی بەرژەوەندیی گروپێك كارا كراوە و جێبەجێ دەكرێت، ماددەی (140) كە ماددەیەكی هەرەگرنگی دەستوورە كارانەكرا و بە نیوەچڵی لەكاركەوت، زۆر مافی هەرێمی كوردستان هەبوو كە لێی بێبەشكراوە و پێشێلكردنی دەستوورە لەلایەن عێراقەوە بۆ نموونە:
1. حكومەتی عێراق بڕیاری بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستانی دا، هەرێمی كوردستان لە مانگی حوزەیرانی 2014 دەستی كرد بە هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوت، ئەمە مافێكی رەوای خەڵكی كوردستانە و بەبێ هیچ پاساوێكی رەوا لیێ زەوت كراوە.
2. حكومەتی عێراق لە ساڵانی رابردوودا و پێش بڕینی بودجە هەوڵی دواخستن و تەگەرەخستنە پێش ناردنی بووجەیان داوە، بوودجەی بە چەند سولفەیەك رەوانەی كوردستان دەكرد، لە كۆتایی ساڵدا بڕەكەی نەدەگەیشتە 10%ی بوودجەی گشتی عێراق، هەرچەندە دەبوایە 17%ی بودجەی گشتیی عێراق بدرایە بە هەرێمی كوردستان.
3. لەبەرامبەر پارەی گومرگ و باج و رسومات كە دەبوایە رەوانەی عێراق بكرێت، ساڵانە لیژنەی وردبینییان دەهاتە كوردستان و بە وردی حیساباتی خۆیان ئەنجام دەدا،،ئەو بڕە پارەیەی لەم بوارە بەرهەم دە هات (مقاصة)ی پێ دەكرا لە بووجەدا، واتا ئەو بڕە پارە لە بوودجە دەبڕا.
4. حكومەتی عێراق هەر لە سایەی ئەم دەستوورەدا ئیلتیزامە مادییەكانی بەجێ نەگەیاند بەرامبەر هێزی پێشمەرگە كە بەپێی دەستووری عێراقی بەشێكە لە هێزی بەرگری عێراقی.
5. حكومەتی عێراق بەشە دەرمان و خۆراكی هەرێمی كوردستانی كەمكردەوە كە پێویست بوو وەكو خۆی رەوانە بكرێت، چونكە هەرێم زیاتر لە ملیۆنێك و هەشت سەد هەزار پەنابەری لە خۆ گرتووە، ئەوەش پاش ئەوەی عێراق دەرگای بە روویاندا داخست و نەیهێشت بچنەوە بەغدا، بەڵام هەرێم دەرگای بە روویاندا كردەوە و هاوكاری وخزمەتگوزاریشیان پێشكەش دەكات.
6. هەروەها بێبەشكردن و پشتگوێ خستنی هەرێمی كوردستان لەو قەرزانەی كە سەندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانكی نێودەوڵەتی بە عێراقی دەدات بۆ ئاوەدانكردنەوە.
7. بێبەشكردنی هەرێم لە وەفد و كۆڕ وكۆنفرانسە نێودەوڵەتییەكان كە بەپێی دەستووری عێراق دەبێت هەرێم بە شێوەیەكی فەرمی بەشداربێت و نوێنەرایەتیی هەرێمی كوردستان بكات.
8. كوردستان و هێزی پێشمەرگە لە هەموو ئەو یارمەتییە سەربازییانەی كە رەوانەی عێراق دەكران بۆ شەڕی (داعش) بێبەشكرابوو، بەڵام هێزی پێشمەرگە بە چەك و تەقەمەنییەكی كەم و سووكەوە توانییان بەرگری لە خاكی كوردستان بكەن و داعش لە سەر دەستی ئەوان شكستی خوارد، ئەمە بووە سەروەرییەكی گەورە بۆ میللەتی كورد و، ناوبانگی هێز وگەلی قارەمانی پێ بەخشرا.
9. قوتابیانی كوردستان بەدەرنەبوون لەم بێبەشكردنە، حكومەتی عێراق قوتابیی كوردستانی لەسەر بوودجەی عێراق نەدەناردە دەرەوە بۆ خوێندن و تواناسازی، تەنیا بۆ خۆیان بوو و هەرێمی لێ بێبەشكرابوو.
ئەمانەو چەندین بەڵگەی دیكە كە عێراق تاكلایەنە دستووری پێشێلكردووە و رێزی لە مافەكانی هەرێمی كوردستان نەگرتووە، هێشتا بە چاوی هاووڵاتی پلە دوو سەیری هاووڵاتیانی هەرێم دەكات، ئەمانە هۆكاری ئەوەن كە كوردستان و سەرۆك بارزانی بیر لە رێگا چارەی دیكە بكەنەوە بۆ دەربازبوون لەم نەهامەتی و نادادپەروەرییەی عێراق بەرامبەر بە كوردستان، پاش ئەوەی كورد و سەركردایەتیی كوردستان توانیویانە بیسەلمێنن كە كورد دەتوانێت لە رووی سیاسی و دیبلۆماسی و سەربازییەوە خۆی لە عێراقێكی شكستخواردوو باشتر بەڕێوە بەرێت،، بۆیە دەرهاویشتە دەرەكی و ناوخۆییەكان زۆر گونجاوو لەبارن بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان، هەلێكی لەم شێوەیە بە ئاسانی دووبارە نابێتەوە كە كورد ئەم پرسە دوابخات، ئەو پڕوپاگەندانەی كە دەكرێن بۆ ترساندنی خەڵكی كوردستان لە پاش سەربەخۆیی، هەموویان تەنیا بۆ پاشەگەزبوونەوەو و ترساندنی خەڵكە و لە بەرژەوەندیی دوژمنان و نەیارانی كورددان، هەڵبەتە بازرگانێكی گەندەڵی خۆفرۆش دەزانێت بە دروست بوونی دەوڵەتی كوردی بەرژەوەندییەكانی ئەو، ژێر پێ دەكەوێت و بەرژەوەندیی گشتی سەردەكەوێت، دەرگای دادگای لێ واڵا دەبێت، بۆیە بە شێوازی جۆراوجۆر پڕوپاگەندە دژی ئازادیی میللەت دەكات، ئیستا دەرفەتێكی لەبار هەڵكەوتووە و نابێت ئێمەش ئەم دەرفەتە لەدەست بدەین، ئەو دەرفەتە زێڕینەمانە بۆ هەڵكەوتووە و لەدەستدانی كارەساتێكی مێژوویی دەبێت كە لەوانەیە 100 ساڵی دیكە بۆمان دروست نەبێتەوە.