پەیامێک بۆلایەنی بەرپرس با ئەمجارە خولی نایابی تۆپی پێی سەربەخۆیی کوردستان بێت

پەیامێک بۆلایەنی بەرپرس با ئەمجارە خولی نایابی تۆپی پێی سەربەخۆیی کوردستان بێت
لای ھەمووان ئاشکرایە کە ساڵانە خولی نایابی یانەکانی کوردستان خولێکی سەرکەوتوو لە کات و ساتی دیاری کراوی خۆیدا بەرێوەدەچێت ئەم کات دیارییەش بۆتە مایەی دڵخۆشبوونی سەدانی یاریزانانی یانەکان و ھاندەرانی شاروشارۆچکەکانی کوردستان لە زاخۆوە تا کەلار دەبێتە ھۆکارێکیش بۆ ئەوەی وەرزشی کوردستان پەرە بە ئاست و توانای یاریزانانی ناوەخۆیی و و بەردەوامی وەرزشی کوردستان دەدات جگە لە بەرھەم ھێنانی سەدان یاریزانانی خۆماڵی، بەڵام چەند سالێکە قەیرانی دارایی سەخت ڕووی لە ھەرێمی کوردستان کردووە وەرزشیش پشکی شێری بەرکەوتووە لەم بارودۆخە، لە ئێستادا خولی پلە یەکی کوردستان کە ساڵانە دەبوایە لەم کاتەدا بەرێوەچووبوایە بەڵام ھیچ دەنگۆیەکی نییە بۆ بەرێوەچوونی خولەکە جگە لەمەش خولی نایابی کوردستانیش کەوتۆتە ژێر ھەرەشەی بەرێوەنەچوون و ھاوکاری نەکردنی ھیچ لایەنێک بۆ ئەم پرسە، فیدراسیۆنی یەکێتی تۆپی پێی کوردستانیش داوای ھاوکاری بە پەلەی لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان کردووە بۆ ئەوەی بە زووترین کات چارەسەرەی قەیرانی دارایی بکات و خەونی چەندین وەرزشکارانی کوردستان بەدی نەھێنێت، بۆیە دەمەوێ لەم وتارەمدا تیشک بخەمە سەر ئەم پرسە بۆ ئەوەی بتوانین چارەسەری گرفتی خولی کوردستان بکەین، پێویستە وەکو دووساڵی لەمەو بەر کە کۆمپانیای فاستلینگ بووە سپۆنسەری یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بۆ یەک ساڵ پارەی خولەکەی دابین کرد و خولەکەش لە ژێر ناوی ئەوان بەرێوەچوو، وەرزی ڕابردووش کە لە ژێر ناوی خولی نایابی پێشمەرگەی کوردستان بەرێوەچوو ئەویش کارێکی باش بوو بۆ بۆ گیان فیدایی پێشمەرگەی کوردستان و نەبەردی پێشمەرگە، داواکارم ئەمساڵیش بە ھەر جۆرێک بێت ھەماھەنگی حکومەت بۆ یەکێتی تۆپی پێی کوردستان و یاخود ئەو وەزارەت و دام و دەزگایانەی کە زیاتر بەرھەم ھێنن و پارە بۆ حکومەت دەستەبەر دەکەن لەگەڵ چەند کۆمپانیەکی گەورە رێکبکەون بۆ ئەوەی ئەمساڵ خولی کوردستان ئەنجام بدرێت پارەی پێویست بۆ خولەکە دابین بکرێت و لە ژێر ناوی خولی نایابی کوردستان/ریفراندۆمی پێوە بێت بۆ ئەوەی ھەم بۆ ئەو گشتپرسییەی کە بڕیارە لە ٢٥/٩ئەنجام بدرێت ئەویش بکرێتە ھەلێک بۆ ئەوەی لەگەڵ وادەی سەربەخۆیی کوردستانیش با ئەمجارە خولی کوردستان ئەگەر ناکرا لە ژێر ناوی ریفراندۆم بێت با لە ژێرناوی خولی نایابی سەربەخۆیی کوردستان بێت ھەم ئەم گشتپرسییە ھەم سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان و بەرنامەی حکومەتی کوردستان و بەشێکی زۆری لایەنە سیاسیەکانە و بۆ وەرزشکارانی کوردستانیش دەبێتە ھەلێکی باش بۆ ئەوەی زیاتر ئومێدیان بۆ نوێ ببێتەوە کە ئەمساڵ خولی نایابی کوردستان بەرێوەدەچێت ، ئەگەر ئەو پارەیەش دابین کرا بۆ فیدراسیۆنی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان ئەوا خەونی سەدان وەرزشکاری لاو دێتە دی و جگە لەوەش ئێستا وەرزشکارانی کوردستان تووشی نائومێدی زۆربووینە کە لە ئەگەری ھاوکاری نەکردن خولی کوردستان بەرێوە ناچێت و یانەکانی پلە یەکی کوردستانیش ئێستا چاوەڕوانی دەستی یەکێتی تۆپی پێی کوردستانن کە ئاخۆ چ کاتێک بڕیاری دەستپێکی خولەکان دەدەن، بۆیە ھەرچی زووە لەلایەنی پەیوەندیدار و بەرپرسانی وەرزشی خەمێک لە بارودۆخی وەرزشی کوردستان بخۆن چونکە ئێستا قۆناخێکی گرنگمان لە پێشە ئەویش قۆناخی گشتپرسی ھەرێمی کوردستان و خەونی لە مێژینەی ھەزاران ھاونیشتمانانی کوردستانە کە چاوەڕێ ئەو رۆژە گرنگە دەکەن بۆ ئەوەی بڕیارێکی درووست لەسەر ئایندەی میللەتەکەیان بدەن، وەرزشکارانیش چینیکی گرنگی گۆمەڵگان بۆ ئەم پرسە بەرنامەی تایبەت ھەبێت بۆ پرسی وەرزش بە ھەموو یارییە وەرزشیەکانەوە و زیندوو کردنەوەی وەرزش لە کوردستان چونکە ئێستا زۆربەی یاریزانانی کوردستان لە زۆربەی یارییە جیاوازەکان گرێبەستیان لەگەڵ یانەکانی باشور و ناوڕاستی عێراق کردووە ئەوەش لە ئەنجامی بۆشایی نەکردنەوەی خولەکانە لە ھەرێمی کوردستان و نەبوونی توانایی داراییەوە لەلایەن یانەکانی کوردستان بۆیە وەرزشکاران رێگای دووەمیان ھەڵبژاردووە کە ئەویش یاری کردنە بۆ تیپەکانی شارەکانی تری عێراقی، ھیوادارم ھەرچی زووە حکومەتی ھەرێم خەمێک لەم بێ ئومێدییەی وەرزشکارانی کوردستان بخوات و چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزێتەوە ، دڵنیاشم ئێستا وەرزشکارانی کوردستان دڵیان لەسەر دەستیان لە چاوەڕوانی رۆژی بەرێوەچوونی خولەکە دەکەن.


Top