پاکـانەوەی بەرەی (دژە سەربەخۆیی
August 18, 2017
وتار و بیروڕا
کوردستان و کۆمەڵگەی کوردی لە قۆناغی ڕاگوزەر بە جۆرەهای جۆر سزادران ، دروستکردنی بەربەستی جیاواز بۆ وەستاندن و بەلارێدابردنی تاک و وونکردنی بابەتە گرینگ و ئەساسیەکان و کوشتنی ئینتیماو ناشرینکردنی هەموو موقەدەسات و قودسییەتی کوردستان عەیامێکە دەستێکی مەزن لەپشت پەردەوە کاری لەسەر دەکات.
بەرەی (دژە سەربەخۆیی) لەدایکبووی دۆخێکی سرووشتی نین ، ئەوان لە دەرەنجامی حقدێکی زەمەنی بەجێماو سیاسەت دەکەن ، مەدرەسەیێکی شەرفرۆش و ناخ بەتاڵن ، دەستکردن و دوژمن هەرچۆنێک بییەوێت بەو ئاراستەییە دەیانجوڵێنێت.
کوردستان توانی سەرکەوێت بەسەر ئەو دەنگە شەرفرۆشە ، سوپای بەکرێگیراوی دوژمن تێکشکێنرا ، کوردستان مەجالی نەدایە سیاسیە دۆراوەکان کە خاک و جیۆگرافیای کوردستان بکەن بە میحوەری جەنگی هەژمونگەرایی لە ناوچەکە ، پێشمەرگەی کوردستان شکۆی دەوڵەتی خەلافەتی تێکشکاند و نەبووە بەشێکی داگیرکراو بە دەستی ئیرهاب و بیری توندرۆیی.
سیاسیە دۆراوەکان و ئەکتەرە دۆگماکانی ناوخۆی کوردستان تەقسیمبەندی خۆیان ئیعلان کردووە ، ئەوان ئێستا هێزێکی کراون و لەژێر ئیعازی دوژمنانی کوردستان سیاسەتی خۆیان پراکتیزە دەکەن.
بەرەی (دژە سەربەخۆیی) بە کۆمەڵێک ئەجێندای جیاواز دەیانەوێت خۆیان لەو باگراوندە نەفرەتییەی کە عەیامێکە لەسەر ئەرزی واقع پراکتیزەی دەکەن ڕزگار بکەن ، بۆ ئەمجارە سینارییۆی جیاواز و دژبوونی گشت ڕادەگەیێنن ، تەبەنی لەژێر دەستی دەکەن و بە کاملی قودرەتەوە بۆی دەجەنگن ، ئامادەیی بۆ دژبوونی سەربەخۆیی ڕادەگەیێنن و بۆ مانەوە لەگەڵ زوڵم و زۆری (عیراق) خەبات دەکەن.
کوردستان ئێستا زیادتر لەهەر کاتێک و قۆناغێکی مێژوویی موهەدەدترە ، بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکە چاویان بریوەتە ئەو نموونە مرۆڤسالارییە نایابەی کە کوردستان پێشکەشی مێژووی مرۆڤایەتی کردووە هەم لە ناوچەکەو هەم لە جیهان ، باڵایی تاکی کوردستان لە دەوڵەتی کوردستان نەبێت لە هیچ شکلێک و ئارامگەیەک بەرقەرار نابێت ، دەوڵەتی کوردستان مەزنی تاکی کوردستان نیشانی هەموو جیهان دەدات و وێنای حەقیقەتی تاکی کوردستان نمایش دەکات.