ناوی خوای لێبێنن

ناوی خوای لێبێنن
رێكخستنەوەی ناوماڵی كوردستان و ئامادەكارییەكانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی تەواوكەری یەكترن، بۆیە لەسەر هەردوو ئاست كار دەكرێت، خەڵك و لایەنە سیاسییەكانیش بارودۆخی ئاستی یەكەمیان بە هەنگاوی یەكەم داناوە، بەو پێیەی لێكنزیكبوونەوەی لایەنەكان رێگە بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان خۆش دەكات، تەنانەت كە قسە دەهاتە سەر ریفراندۆم، لایەنەكان دەیانگوت بێ كاراكردنەوەی پەرلەمان ناكرێت، رووی دەمی هەمووانیش لەوبارەیەوە لە پارتی بوو، بۆیە كاراكردنەوەی پەرلەمانیان كردە مەرج بۆ ریفراندۆم.
لە كۆبوونەوەی 7 ی حوزەیرانی 2017 ی حزبەكانی ناو پەرلەمان بێجگە لە گۆڕان و كۆمەڵ بەسەرپەرشتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم راگەیاندرا، هەر لەو كۆبوونەوەیەدا كاراكردنەوەی پەرلەمان، لە تەك هەوڵدان بۆ باشكردنی ژیانی خەڵك، بووە بڕیارێكی گرنگی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم، بۆ ئەوەی كاری بۆ بكرێت، لە كۆبوونەوەكانی دواتر كاراكردنەوەی پەرلەمان بووە ئەركی لەپێشینە، بۆ ئەوەی ئەو كارە باش بڕوات و كۆسپی نەیەتە رێگە، پارتی هیچ مەرجێكی بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان نەهێشت، بەم دەستپێشخەرییە دەرگای بۆ گفتوگۆ لەگەڵ گۆڕان واڵا كرد، خەڵك و لایەنە سیاسییەكانیش ئەو دەستپێشخەرییەیان بە تواندنەوەی بەستەڵەك و هەنگاوێكی گرنگ دانا.
دوای ئەوەی پارتی هیچ مەرجێكی بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان نەهێشت، تۆپەكە كەوتە گۆڕەپانی بزووتنەوەی گۆڕان، كاتی زۆریش درایە چاوەڕوانیی گۆڕان و كۆمەڵ، لێ هەموو چاوەكان خرانە سەر گۆڕان، ئاخۆ چۆن لەو هەنگاوە دێتە پێشەوە، چونكە داوای گۆڕان كاراكردنەوەی بێ مەرجی پەرلەمان و گەڕانەوەی وەزیرەكانی بوو بۆ حكوومەت، ئەو داوایە هیچ گرفتێكی لەبەردەمدا نەما، هەموو خەڵكی كوردستان و لایەنەكان، چاوەڕێی هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن و رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بوون، چونكە گۆڕان داوای ئەوەی كردبوو كە دوای كۆتایی هاتنی ئەو كارە حزبییەیان وەڵامی پارتی دەدەنەوە.
رۆژی 12 ی ئابی 2017 بەیاننامەیەكی پێنج خاڵیی گۆڕان بڵاوكرایەوە، نوێترین بابەتی گۆڕان لەو بەیاننامەیەدا ئەوەیە كە ئامادەیە لەگەڵ پارتی كۆببێتەوە، بەڵام ناواخنی بەیاننامەكە مەرجی تێدایە، ئەو مەرجە وەك ئاماژەیەك وایە بۆ ئەوەی لەبەر ئیحراجبوون لەسەرەوە رایبگەیەنێ ئامادەی كۆبوونەوەیە، بەڵام لە ناوەرۆكدا كۆسپی خستۆتە سەر رێگەی كۆبوونەوە، چونكە دواخستنی ریفراندۆم كە خاڵێكی ئەو بەیاننامەیەیە مەرجێكی قورسە، بەمەش وەڵامەكە لە ئاست دەستپێشخەرییەكەی پارتی نەبوو.
جێبەجێكردنی تەواوی بەیاننامەكەی گۆڕان، بەو مانایەدێت كە ریفراندۆم دوابخرێت، ئەمەش لەگەڵ ئاراستەی پارتی نایەتەوە و تێكدەگیرێت، چونكە بەیاننامەكە هەوڵێكی دیكەی گوشاری ناوخۆی كوردستانە دژی ریفراندۆمی سەربەخۆیی، لەلایەكی دیكەشەوە حیساب بۆ ئەو هەموو لایەنە سیاسییانە نەكراوە كە لەگەڵ ریفراندۆمدان، مەرجەكانی گۆڕان زیاتر ئەوەیان لێ دەخوێندرێتەوە هەوڵێك بن بۆ كات بەڕێكردن، بۆ ئەوەی پەرلەمان كارانەكرێتەوە و كۆسپیش بخرێتە سەر رێی ریفراندۆم، ئەمەش لەگەڵ ئەو كۆدەنگییەی خەریكە بۆ ریفراندۆم دروست دەبێت ناكۆكە.
كەواتە پێویستە هەموو ئەو لایەنانەی كورسییان لە پەرلەمان هەیە، بكەونەخۆ و لێنەگەڕێن ئەو دۆخە هەروا بمێنێتەوە، ئاماژەكانی دوای 12 ی ئاب ئەوەمان پێدەڵێن، ناكرێ چیدی سەیری هەڵوێستێك بكرێت بیەوێ مەسەلەی چارەنوسساز بخاتە خزمەت داوا حزبییەكان و هەر خۆیشی پێڕاست بێت، قۆناغەكە ئەوە دەخوازێت حزبەكانی ناو پەرلەمان، بەتایبەتیش پارتی و یەكێتی و یەكگرتوو، ناوی خوای لێبێنن و لەگەڵ یازدە كورسییەكەی پێكهاتەكان و بزووتنەوەی ئیسلامی و شیوعی و سۆسیالیست و ئاراستەی سێیەم، پەرلەمان كارابكەنەوە و دەرگاش بۆ گۆڕان و كۆمەڵ كراوە بێت، ئەگەر ئەو هەنگاوە نەندرێت، ئەوا كەموكوڕی لە قۆناغەكەدا دەبێت.
Top