پەروەردە پرۆسەیەکی درێژخایەنە و ھی ھەموو میللەتە و میللەت لێی بەرپرسیارە

پەروەردە پرۆسەیەکی درێژخایەنە و ھی ھەموو میللەتە و میللەت لێی بەرپرسیارە
شۆرشگێروسیاسەتمەداروسەرۆکی باشوری ئەفریقیا نیلسۆن ماندێلا دەلێ" فێرکردن بە ھێزترین چەکە دەتوانی بەکاری بھێنی بۆ گۆڕینی جیھان".
شاراوە نییە بەلای کەسمان ھەموو ئەو ووڵاتانەی کە سەرکەوتوون و پێشڕەوی جیھان دەکەن وەکو ژاپۆن و کۆریا و فیلەندا و مالیزیا و تا دوایی سەرکەوتووبوونە و لە فێرکردن و پەروەردە دەستیان پێکردووە و ھەنگاوییان ناوە توانیویانە لە پەروەردە و فێرکردن خاڵی دەستپێکردن و ھەنگاونانی کۆمەڵگا بێت بەرەو پێشکەوتن.
نامەوێ بچمە سەر سیستەمی پەروەردە و فێرکردن لەو ووڵاتانە چونکە لە چەند ووتاری تر بە شێوەی جۆراوجۆر باسم کردووە ، بەڵام ئەوەی گرنگە بۆ ئێمە بۆ سوود لە ئەزموون و شارەزایی ئەو وولاتانە وەرناگرین و کاری پێ ناکەین کە بارودۆخی ھەندێک لەو ووڵاتە پێشکەوتووانەی ئێستا زۆر لە ئێمە خراپتر بوونە، بەڵام ئیرادەیەک ھەبووە دڵسۆزی و دادپەروەری و سووربوون لەسەر تێ پەڕاندنی قۆناخەکان ھەبووە ، ھەموومان دەزانین ئێمە لە ھەرێمی کوردستان چەندەھا کێشەی جۆراوجۆری پەروەردەیی و فێرکردنمان ھەیە جگە لەوەی بیرکردنەوەمان پلانمان ھەنگاوەکانمان وەکو پێویست نین بۆ چارەسەرکردنی کێشە پەروەردەییەکان کەچی دان نانێن کەوا کێشەی پەروەردەییمان ھەیە بە گشتی و کێشەی بوێری و خۆ بەخاوەن زانین لە بڕیاردان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان یان بۆ چەسپاندنی دادپەروەری پەروەردەیی یان بۆ بەرەووپێش چوونی پرۆسەکە بە گشتی بەبێ گوێدانە بەرژەوەندییە لابەلایەکان و نمایشکردن ، چونکە پەروەردە پرۆسەیەکی درێژخایەنە ھی ھەموو میللەتەو میللەت لێ بەرپرسیارە و پەیوەستداری تاک بە تاکی کۆمەڵگایە و چونکە ئەمانەتی میللەت ئەمانەتی کۆمەڵگا نەوەی ئایندە ئەمانەتە لای پەروەردە چۆن ئایندەی میللەتەکەمان بە پارێزراوی گەشە پێ بدەین، بۆیە پێویستە و گرنگە پێداچوونەوە و بە دوا داچوونەوە بە بیرو ھزرو رێنمایی و یاساکانی پەروەردە و فێرکردن بکرێتەوە لەلایەن چەندەھا کەسانی شارەزا و پسپۆر و پەروەردەیی و واقیع حاڵ و ڕای خەڵکانێک وەربگیرێت لە مامۆستا و قوتابیانیش نەک تەنھا لەلایەن چەند کەسێک دابرێژێتەوە دواتریش بە سەر ھەموو کۆمەڵگا جێ بەجێ بکەین ، جودا لەوەش سەرجەم کەناڵە پەروەردەییەکان لە باخچەی ساوایان و قوتابخانەکانی بنەڕەتی و ئامادەیی و حکومی و ناحکومی و نموونەییەکانیش پێداچوونەوەی وورد بە کۆی کاراکتەرەکان بکرێتەوە بگرە لە سەر سەرپەرشتیاران و بەرێوەبەری پەروەردەکان و بەرپرسی ھۆبەی پەروەردەکانیش تا چەند لە خزمەتی بەرەووپێشبردن و بنەماکانی گەشەکردن و پەرەپێدانی پەروەردەیی و فێرکردن بوونە و تا چەند وەزارەتی پەروەردە بەدواداچوون و لێپرسینەوەی کردووە لە سەر نادادپەروەری و کەمتەرخەمی کۆی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە پەروەردەکان و نادادپەروەری و نارێکی میلاکی قوتابخانە حکومییەکان ، چونکە گوناح و تاوانی مندالێکی چاو گەش چییە کە لە قوتابخانەکەی مامۆستای نەبێت و کەچی لە قوتابخانەکەی تری نزیک یان دوور مامۆستای زیاد ھەبێت و کەسیش باکی پێ نەبێت کەس وکاری قوتابی چی بکات ؟
بۆیە پێویستە لەو کاتەدا کە پشووی خوێندنە رێکخستنی میلاکی قوتابخانەکان و پێداچوونەوە بە جێ بەجێ کردنی رێنماییەکان و ھەموارکردنەوەی یاسا و رێنماییەکان لە بەرژەوەندی قوتابیان و مامۆستایان و پەروەردە دا بێت ، چونکە دەزانین دەمانەوێت فێر بیت تاکار بکەین فێربین تا ھەنگاو بھاوێژین بەرەوو ئاسۆی ڕوونی پاشەرۆژێکی بەردەوام بۆ میللەتەکەمان.

Top