با بەشێك نەبین لە لاشە بۆگەن و مردووەكەی عێراق

با بەشێك نەبین لە لاشە بۆگەن و مردووەكەی عێراق
هەموومان چ لە واقعدا و چ لە تیڤییەكاندا، بینیومانە كاتێك شێرێك یان پلینگێك كارمامزێكی ژیكەلە، یان مانگایەكی وەحشی یا خود هەر ئاژەلێكی دیكە ڕاو بكات، تێر لە لاشەی دەخوات و پاشماوەكەش بۆ باقی گیانەوەرە گۆشتخۆرەكان بەجێ‌ دێلیت. جا شۆغاڵ بێت یان ڕیوییەكی لاوازی فێلباز، یان بالندە گۆشتخۆر و حازرخۆرەكانی بەر سیبەر بن، تەنبەڵترین و بێدەسەڵاتدارترین ئاژەڵ دێت و لە پاشماوەی ئەم نێچیرە راوكراوەی شێر و پلینگ دەخوات، لە كاتێكدا كە هاورەگەز و هەڤالانی راوكراو، لە دوورەوە سەیری دەكەن و هیچیشیان لە دەست نایەت. عێراقیش رێك وەكو ئەم نێچیرە راوكراوە لێیهاتووە و هەر جارە و بە بیانۆیەك و كەسانێك، ئەم عێراقە وێرانەی كە دەبینین، دێنە دەسەڵات و وێرانتری لێدەكەن، جا ئەگەر ئێمەش بمانەوێ‌ بەشێك بین لەو لاشە مردوو و بۆگەنە، دەبێت دەست لە زمان و كەلتوور و ناسنامە، نەتەوە، پێشمەرگە و مێژوو، قوربانی و دەستكەوتەكانی خۆمان بهێنین و دەست بلند بكەین و بلێین ئێمەش بەشێكین لەو لاشەیە و وەرن بمانخۆن. نەخێر بۆ بەشێك بوون لەو لاشە بێ‌ خاوەن و بۆگەنەی دەكەوێتە دەست ناحەزترین و بێدەسەڵاتترین مرۆڤانی عێراقی، بەڵی بۆ رزگار بوون لەو دۆخەی ئێستا كورد تێیدا دەژی و، بەلێ‌ بۆ رزگاربوون لەو عێراقە وێرانەی هەر كۆلان و شەقامێكی بۆنی خوێنی بە بەلاش و بێ‌ گوناح رژاوی قوربانی دەستی بەرپرسە نەزان و گوێ‌ لە دەست كەسانی دیكەی غەیرە عێراقی.
بەرەی نەخێریش رێك ئەو كەسانەن كە دەیانەوێت لە گەڵ ئەم لاشە بۆگەنە بمێنەوە و ببنە خۆراكی گۆشتخۆر و حازرخۆرەكانی بەر سیبەر. بۆیە من دڵنیام هاووڵاتی كورد زۆر لەوە تێگەیشتووتر و وشیارترە جارێكی دیكە ببێتەوە عێراقییەكی قوربانی دەستی ساسییە شكەستخواردووەكان، دڵنیام گەنج و پیری كورد بڕینی قووتی خەڵكی بێگوناحی هەرێمی كوردستان، بە دەست بەغداییەكان و هاوپیشەو و دڵسۆزەكانیان لە بیر ناكەن و بە هەموو گوڕوتینێكەوە دەچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان و بە بەلێ‌ دەنگ دەدەن.
25ی 9، وەڵامێكی ددانشكێنە بۆ عێراقی و عێراقچییەتییەكان و دڵسۆزەكانیان لە كوردستان.
Top