١٦ی ئاب وەرچەرخانێکی مەزن

١٦ی ئاب وەرچەرخانێکی مەزن
دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان سەرەتای وەرچەرخانێکی مەزن و وێستگەیەکی گرنگ و مێژوویی بوو لە ژیانی سیاسی و شۆڕشگێڕی و پێشمەرگانەی بزووتنەوەى رزگاریحوازی خەڵکی کوردستان, گرنگی و کاریگەریەکانی بە جۆرێک بوون کە هەڵەکانی مێژووی هەڵگرتنەوە و ئاراستەی رووداوەکانی پێچەوانە کردنەوە، هیوای بۆ کورد گێڕایەوە و چارەسەری پرسی کوردی وەک پرسێکی نەتەوەیی کردە دوا ئامانجی خۆی، بە گەڕانەوەش بۆ مێژووی بزووتنەوەى رزگاریخوازی کورد ئەو راستییە دەردەکەوێ کە داگیرکارانی کوردستان و نەیارانی پارتی بەردەوام لە هەوڵی شاردنەوەی ئەو وەرچەخانە مێژووییەدا بوون، دۆست و دوژمنیش ئەو راستییە باش دەزانن کە بەر لە دامەزراندنی ئەو پارتە، شۆڕش و راپەڕینەکانی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان زیاتر ناوچەیی بوون و کەمتر لە لایەن حزبێکی سیاسی و خاوەن دیسپلینەوە رابەرایەتی کراون، ئەوەش وایکردووە شۆڕش و راپەڕینەکان هەم هەڵگری ئامانجە نەتەوەییەکان نەبن، هەمیش زوو بشکێنرێن و توانای بەرگری بەردەوامیان نەبێ، بۆ خستنە رووی ئەو راستییەش دەکرێ گرنگی دامەزراندن و ئەو گۆڕانکاریانەی وەک بەرئەنجامی دامەزراندنی پارتی لەم چەن خاڵەی خوارەوەدا چڕ بکەینەوە.
١ــ یەکخستنی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان لە کارنامەیەکی سیاسی تۆکمەدا، دەکرێ ئەو یەکخستنە بەو گۆڕانکاریە گرنگ و مێژووییە ناوبەرین کە چاوی نەتەوەیی کردینەوە و هێزی رابوونێکی بەردەوامی پێ بەخشین، چونکە یەکخستنی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان، جیا لەوەی هێزی پەرش و بڵاوی ناوچەیی و عەشایری لە بونیادێکی نەتەوەییدا رێکخستن، دەرگای بەدەستهێنانی چەندین دەستکەوتی نەتەوەییشی بە روودا کردینەوە.
٢ــ بە نەتەوەیی کردنی شۆڕش و راپەڕنەکانی کورد و رابەرایەتی کردنیان لە لایەن حزبەوە خاڵێکی ترە لە سەروەریەکانی دامەزراندنی پارتی، چونکە وەک ئاماژەم بۆ کرد: شۆڕش و راپەڕینەکانی کورد بەر لە دامەزراندنی پارتی ناوچەیی بوون و ئامانجەکانیشیان ئەگەر بە ئامانجی نەتەوەییش میکیاج کرابن، بەڵام هێزێکی نەتەوەیی بەدیهێنەریان لە پشت نەبووە.
٣ــ کرانەوەی زیاتری هزر و بیری نەتەوەیی و گێڕنەوەی بەها و پیرۆزیە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان بۆ تاکی کورد، کە تا ئەو کات متمانە بەو بەها و پیرۆزیە نەتەوەیی و نیشتیمانیانە لەناو پیرۆزیەکانی خێڵ و پابەند بوون بە پاراستنی هێز و دەسەڵاتی عەشایری لاواز کرابوون.
٤ــ بە دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان چالاکیە سیاسی و دیبلۆماسیەکان و خەباتی پێشمەرگانە لە کارنامەیەکی نەتەوەییدا رووە و بەدیهێنانی ئامانجێکی نەتەوەیی رێکخران، بەوەش توانرا خاڵە لاوازەکانی ناو بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد هەڵبگیرێنەوە و بە خاڵی بەهێز پڕ بکرێنەوە، لە رووی سیاسییەوە کورد لە ژێر یەک چەتردا کۆکرایەوە و بە یەک ئاراستە و بۆ یەک ئامانج هەنگاوی پێنرا.
لە رووی دیبلۆماسی بە پلان و بەرنامەیەکی رێکخراو کار لەسەر ناساندن و بە نێودەوڵەتی کردنی پرسی کورد دەکرا، ئەو کارکردنە بۆ ناساندن و بە نێودەوڵەتی کردنی پرسی کورد تا ئێستاش پارتی پابەندە پێەوە و بە لایەنێکی گرنگی خەباتی رزگاری نیشتیمانی دەزانێ.
لە رووی خەباتی پێشمەرگانەش، هێزی پێشمەرگە بە جۆرێک بە نیشتیمانی کرا، کە دوای تێپەڕبوونی (٧١) ساڵ بەسەر دامەزراندنی ئەو حزبە و کۆکردنەوەی ئەو هەموو ئەزموون و پێشکەوتنە، لە ئێستادا خۆزگە بە نیشتیمانی بوونی ئەوکاتی هێزی پێشمەرگە دەخوازین، ئەو هەموو گۆڕانکاریانە و چەندین گۆڕانکاری تریش، زادەی کرانەوەی هزر و بیری نەتەوەیی و ئەزموونی شۆڕشگێڕی بارزانی نەمر بوون.
لێرەدا پێویستە راستییەکان وەک خۆی بخەینە پێش چاو و راستگۆیانە بڵێین: ئەگەر مێژوو وەک خۆی بنووسرێتەوە، ئەوا هەموو گۆڕانکاریەکان و دستکەوتە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان، ئەوانەی هاتوونەتەدی و بەوانەش کە لەمەودوا دێنەدی بە دەوڵەتی کوردستانیشەوە، لە هزر و بیری بارزانی نەمرەوە سەرچاوەیان گرتووە، چونکە بەر لە دامەزراندنی پارتیش خەبات و تێکۆشانی بارزانی نەمر نەتەوەیی بووە و لە پێناو بەدیهێنانی دەستکەوتی نەتەوەییش هەموو سنوورە دەستکردەکانی بڕیون و لە هەر بەشێکی کوردستان دەرفەتێک بۆ کورد رەخسابێ، بارزانی نەمر دەوری پێشەنگی تێدا بینیوە.
ئەو کورتە روونکردنەوەی سەرەوە ئەو راستییەمان پێدەڵێ کە کورد لە ئێستادا بۆ گەیشتن بە ئامانجی سەربەخۆیی و تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە هەستیارە لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە هزر و بیری نەتەوەیی و ئەزموونی شۆڕشگێڕی بارزنی نەمر هەیە، بۆیە پێویستە ململانێ سیاسی و حزبییەکان بەلاوە بنێین و دەنگ و رەنگە جیاوازەکان و هەوڵە دیبلۆماسیەکان و چەکی شانی پێشمەرگە لەناو رێبازی نەتەوەخوازی بارزانی نەمردا بە نەتەوەیی بکەین، چونکە بە هەموو پێوەرە سیاسی و مێژووییەکان عێراق لەبەردەم گۆڕانکاری گەورە دایە، ئەو گۆڕانکاریەش دوا دەرفەتە و حزبی کوردی ئەگەر خۆیان بەڵا بەسەر کورد نەهێنن و بتوانن لە گۆڕانکاریەکەدا هێز لە رێبازی بارزانی نەمر وەربگرن، ئەوا گومان لەوەدا نییە دەتوانێ دوا خەونی نەتەوەیی و خۆزگەی شەهیدانی بەدیبێنێ.
Top