خواستی ریفراندۆمی کوردستانیان و جیھان و زانست

خواستی ریفراندۆمی کوردستانیان و جیھان و زانست
لە زانستی دەروونناسیدا بابەتی کەسایەتی و بە تایبەت کەسایەتی پێداگر ( التوکیدیە یان assertiveness )، ساڵانێکی زۆرە جێگەی بایەخە و توێژینەوەی لەسەر دەکرێتن. زانایانی وەک سۆلتێر(Solter) و وۆلپێ (Wolpe) گرنگییەکی تایبەتیان پێداوە.
لە خەسڵەتە دیارەکانی ئەو کەسێتیە پێداگری و مکۆر و ڕژد ( جدی ) بوونە لە وەدەستھێنانی خواست و داخوازییە ڕەواکانی و گەیاندن و داواکردنی بە شێوەیەک کە جگە لە گەرەنتیکردنی وەرگرتنی، ڕێزگرتن لە لایەن بەرامبەر و ھەست و سۆزەکانی و تەنانەت بڕوا و متمانەیی بە توانایی وکەسێتی خۆی لەبەرچاو بگرێتن. ئەو تایبەتمەندیانە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ دەرووندروستی و دوورکەوتنەوە لە نەخۆشیە دەرونییەکانەوە ھەیە. بە واتایەکی تر بوونی لە کەسێک دا ئاماژەیەکی ئەرێنی و نیشانێکی باشە تێیایدا.
ئێستا کوردستان لەو جۆرە دۆخە دایە. بە سیاسەتی حەکیمانەی سەرکردایەتی سیاسی کوردستان و بە تایبەت جەنابی سەرۆک بارزانی، جگە لە داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانی نەتەوە جیاوازەکانی ئایینی و نەژادی و مەزھەبی و ھزری و ... ھتد، لە کوردستان و گەیشتن بە مافانە، کە سەربەخۆیی بەشێکە لەو ئامانجانە، کوردستان دەیەوێ بە کەمترین زیان لێدان لە کەسێتی خۆی، بە ئاراستەی ڕێزگرتن لە یاسا نێودەولەتییەکان و وڵات و نەتەوەکانی دراوسێ و حکومەتی ناوەندی، و نشکاندنی ھەست و سۆزی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئایینی و بەھایی ئەوان، ئەو ئاواتە دێرینە بھێنیتە دی.
دیارە ئەو داخوازییە و پێداگریی کوردستانیان جگە لە نیشانەیەکی جوان، و درێژخایەنی ویستی رزگاریخوازی و ئازادیی ئەوان، ئەوەش دەسەلمێنێ کە سووڕە لەسەر ئەم داواکارییەی و پێگەیشتنی بە ھەر بەھا و نرخێک، تەنانەت ھزاران شەھید و برینداریش بووبێ، و ئەو زۆر گرنگە بۆ گەیشتنی بەو ئامانجانە.
ھەرێمە جیاجیاکانی جیھان جارجار دەنگۆ و دروشمی داخوازی بەدەوڵەتبوون بەرزدەکەنەوە، و لەوانەش ھەندێکیان بۆ نموونە تێبێت لە وڵاتی چین، جامۆ و کەشمیر لە ھیندستان و پاکستان، ئۆسیتییا و ئەنگۆشیا و داغستان و چیچان و چەندێکی تر لە ڕووسیا و ... ھتد، ناتوانن زۆر لەسەر ئەم داواکاریەیان پێداگر و بەردەوام بن، چونکە حکومەتەکانی ئەوان زۆر بە تووندی و دڕندانە سەرکووتیان دەکەن. بەڵکۆ ھەندێک جاریش ئەو ھەرێمانە لە ئاستی کەسێتی و سیاسەتی پێداگرانە نین و بە ھۆکاری جیاوازی دەروونی و سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ... ھتد، لە داخوازی بەدەوڵەتبوون سارد ببنەوە یان تووشی پاشخستنی سیاسی ئەو پرۆژانە ببن، و کێبێک نموونەیەکی ئەوھایە، بەڵام ھەشە وەک کاتالۆنیا و کوردستان ئاستێکی باشی پێداگری لە سیاسەتیان دا بەدیدەکرێ و لە گەیشتن بەو ئاواتە و ئامانجە سیاسی و نەتەوەیی و نیشتمانیان، کە پێیان وایە لە بەھا بەنرخ و بەرزەکانی ژیانی سیاسی سەردەمیانە و داب و نەریتەکانی کۆمەڵگای کوردستانین، دەست ھەڵناگرن و دیاریشە پێداگری وەک زانایانی دەروونناسی بۆی دەچن بەشێکە لە تایبەتمەندییە سەرەکیەکانی سەرکەوتن بەسەر کۆسپ و تەگەرەکانی ژیان و گەیشتن بە ئامانجەکانی تاکی لە ژیانی تاکی و کۆمەڵایەتی و سیاسیدا. ئەوە ئاماژەیەکی دیارە بۆ ھەبوونی ئاستێکی بەرزی کەسێتیەک ( و سیاسەتێک ) سەقامگیر و دەرووندروست و جێگیر لە ڕووی ئایدیۆلۆژیا و بنەماکانی کاری سیاسی، کە لە نێوان بەرداشەکانی خۆشگۆزەرانی و ئاسایشی سایکۆلۆژی خۆی و لە ھەمان کاتدا نەڕەزامەندی لە کەموکۆڕییەکانی ژیان، ھەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئاستی باشترین ژیان لەسەروی لیستەی ئامانج و بەھاکانی ژیانیەتی.
کوردستان بە ڕەفتار و کردار و ھەڵوێستەکانی لەھەمبەر ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانیان سەلماندی کە جوانترین نموونەی ئەو جۆرە کەساتیەیە. *پسپۆری زانستەکانی پێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top