سەرۆك بارزانی، سەرۆكی نەتەوەیی كورد و كوردستانە
August 14, 2017
وتار و بیروڕا
ئەوانەی مێژوو دەنووسنەوە ئەو سەركردانەن، كە هەست بە بەرپرسیاریەتیی دەكەن و بڕیاری خۆیان دەدەن و باكیان بەو دەنگانە نییە، كە لە دژیاندا بەرزدەبنەوە. جوگرافیاش ئەو پاڵەوانانە رزگاری دەكەن، كە ئیرادەیەكی پۆڵاینییان هەیە و تەحەدای هەموو دكتاتۆرەكانی جیهان و دیكتاتۆرەكەیان دەكەن.ئەمە ئەمڕۆ روودەدات، بەم جۆرە رۆڵەكانی هاوپێستمان بڕیاریان داوە بچنە ناو مێژوو و رەوتەكە راست بكەنەوە و ئاڵای كوردستان لە كەركووكی دڵی كوردستان بەرزبكەنەوە، هەر لەسەر ئەم شارە كوردستانیە بوو، كە بارزانی نەمر رەتیكردەوە رێكەوتننامەی ئاداری 1970 لەگەڵ گۆڕبەگۆڕ سەددام حوسێن قبوڵ بكات. هەر رێكەوتنێكی رەتكردەوە، كە هەردوو دەستە خوشك كەركووك و شەنگاڵ بە دزراوی لە دەستەخۆشكەكانی دیكەیان بمێننەوە. هێزی پێشمەرگەی كوردستان تاكە هێزی سەربازیە، كە هەرچی هەیەتی لە هێز و ورەو ویست و قوربانی مەزنی پێشكەش كردووە بۆ رزگاركردنی هەموو شارە كوردستانیەكان و بەرگریكردن لە گەلی كوردستان نەك تەنها دژی داعش و پاشكۆكانی بەڵكو هەموو مەترسی و پیلانێك، كە رووبەڕووی كوردستان و گەلەكەی بۆتەوە بەتایبەتی ئەوەی ئێستا هەڵدەبەسترێت لەلایەن داگیركەرانی كوردستان و بەكرێگیراوەكانیان دژی پڕۆژەی نەتەوەیی كوردستانی بەسەرۆكایەتی سەرۆك مسعود بارزانی، ئەوە پێشمەرگەیە بۆتە ناونیشانی كورد و ئازایەتی و بەرگری لە سەرتاسەری جیهاندا.ئەو شەهیدانەی گیانی خۆیان لە پێناو نیشتمان و دۆزە رەواكەیان بەخشی، ئەوانەی بە خوێنی خۆیان سنووری كوردستانیان نەخشاند و گەل و دۆزەكەمانیان لە تیرۆریستان پاراست و جەختیان كردەوە بۆ جیهان، كە میللەتەكەیان شایەنی قوربانیدانن و شایەنی ئەوەن بگەنە ئاستی میللەتانی پێشكەوتوو و توانای ئەوەیان هەیە بەرگری لە جیهان بكەن دژی هەموو جۆرە تیرۆرێك بە تایبەتی رێكخراوی داعش و كاتێك بەرپەرچیان دانەوە ئەفسوونی ئەوانیان شكاند. ئێستا گەلەكەمان شانازییان پێوە دەكەن. بارزانی، كە ناوی كورد و دۆزەكەی بەمەوە ناسراوە، ئەوە بارزانی نەمر و بارزانی سەركردەن، كە شاخێكی رەق پێكدێنن و هەر پیلان و فێڵێك لە ئاستیاندا ورد و خاش دەبێت، ئەوان پڕۆژەی كوردستانین و مۆجیزەیان هێناوەتەدی بۆ هێنانەدی خەونی كورد، كە لە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی بەرجەستە دەبێت.ئەو سێیە بناغەی پتەوی پڕۆژەی نەتەوەی كورد پێكدێنن، كە كورد پێی گەشبینن و پێیان وایە ئاواتە رەوایەكەیان كە سەربەخۆییە دێتەدی.
دوای دەیان ساڵ خەباتی چەكداری و سیاسی لە پێناو رٍەتكردنەوەی ژێر دەستی و گەرٍانەوە ئازادی، دوای حوكمرانییەكی سەركەوتوو بە پاڵپشتی سەرۆك بارزانی و ئیرادەی میللەت و هێزی دیموكراسی بە شێوەیەكی شارستانیانە بەرەو قۆناغێكی چارەنووسساز و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیی هەنگاو دەنێین .ڕیفراندۆم بە یەكێك لە شێوازە نوێیەكان دادەنرێت كە میللەت بتوانێت دەنگی خۆی بگەیەنێتە دەسەڵاتی پێوەندیدار، ڕیفراندۆم ئامرازێكی شارستانییە كە لە نێو جیهانی پێشكەوتووی ئەمڕۆدا وەك پرەنسیپێكی دیموكراتی ڕێزی لێدەگیرێت و لە زۆر بواردا بەكاردەهێندرێت و، متمانە بەئەنجامەكەی دەكرێت و لە گەلێك كایەدا پشتی پێدەبەسترێت، هەرێمی كوردستان بەئەنجامدانی ئەم ریفراندۆمە دەتوانیت مێژوویەكی نوێ بۆخۆی تۆمار بكات، چونكە بەجیهان دەلێت ئێمە مللەتێكی زیندوین و باوەڕمان بەوەهەیە لەرێگەی دەنگدانەوە پرسەكانمان چارەسەر دەكەین.لە هەموو كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتوودا ئافرەتان كاراكتەرێكی سەرەكیی پرسە نەتەوەییەكانن، ئافرەتانی كوردیش لە مێژووی دیرینەوە رۆلێ كارایان لەپرسی سیاسی و خەباتی نیشمانی و چەكداریدا هەبووە جێبەنجەی ئافرەتی كورد لەشۆرشەكاندا هەبووە لە گشت قوناغەكانی خەباتی نەتەوەییدا پاڵپشتێكی بەهێزی خەباتكارانی كورد بوون و تەنانەت لە سەنگەرەكانی بەرەنگاری و شۆڕش و قوربانیدانەكاندا پشكی شێریان بەركەوتووە. ئەمرۆ هەمووان ئەركێكی مێژووییان لەسەر شانە چونكە پرۆسەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كە پاش خەباتێكی سەخت و پڕهەوراز بە سەركردایەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعود بارزانی) هەنگاوێكی گرنگە پێویستە گشت لایەن و پێكهاتەكانی كوردستان پشتوانی لێ بكەن، ئافرەتانیش وەك نیوەی كۆمەڵگە و دایكی نیوەكەی تری دەبێت لەپیاوان زیاتر خۆیان بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە ئامادە بكەن، چونكە خۆی لەخۆیدا بڕیاردان و دیاریكردنی رۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان وەرچەرخانێكی گەورەیە لە مێژووی پڕ سەروەری و قوربانیدانی گەلی كورد و پرسی دەوڵەت و سەربەخۆبوون هیوای لە مێژینەی هەموو كوردێكی دڵسۆز بووە، بەڵگەی حاشاهەڵنەگری ئەوەش قوربانیدان و خەباتی گەلێكە كە بە درێژایی مێژوو بەرامبەر زوڵم و ستەمی رژێمە یەك لە دوا یەكەكانی عێراق، لەبەر ئەوە دەبێت ئافرەتان لەهەموو كەس زیاتر بەبەررۆشیەوە رۆو لەسندوقەكانی دەنگدان بكەن، وەلامیان بەبەلێ بیت بۆ ریفراندۆم.