سایکۆلۆژیای نەیارانی ریفراندۆم لە رۆانگەی تیۆری ڕۆتێرەوە

سایکۆلۆژیای نەیارانی ریفراندۆم لە رۆانگەی تیۆری ڕۆتێرەوە
یەکێک لە تیۆرییە دیارەکانی نوێ لە سایکۆلۆژیا دا، بەناوی تیۆری ژوولیان ڕۆتێر ( Julian Bernard Rotter, ١٩١٦- ٢٠١٤ ) دەناسرێتن، کە بەناوی سەنتەری کۆنترۆڵکردن (Locus of control) ناسراوە و پێکدێتن لەوە کە بە گشتی مرۆڤەکان خاوەن دوو جۆری ڕوانینی جیاوازن بۆ ژیان و دەستکەوت و ڕووداوەکانی.
بەشێکیان وای بۆ دەچن کە دەستکەوتەکانیان بەرھەمی ئیرادە و ویست و تواناییەکانی خۆیەتی، و بەناوی جۆری ناوخۆ (internal locus )، و بەشەکەی تر بە پێچەوانەوە بۆ فاکتەری دەرەکی و لەوانەشە بۆ شانس یان شتی خۆڕافی و دوور لە بیرکردنەوەیەکی لۆژیکانە دەگەڕێننەوە، بە گرووپی خاوەن سەنتەر یان جێگەی کۆنترۆڵی دەرەکی (external locus) دەناسرێن.
توێژینەوەی زانستی زۆر لەو بۆارە دا کراوە و زۆربەیان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە کەسانی جۆری یەکەم لە ژیان و کار دا دەستەکەوتی باشتریان ھەبووە و بەھۆی بڕوابەخۆبوون و ھەبوونی ئاستێکی گەشبینیی زیاتر بەرامبەر بە ژیان و ڕووداوەکانی ئاستی ڕەزامەندیشیان زیاترە، بەڵام بەپێچەوانەوە کەسانی جۆری دووھەم سەرکەوتنیان زۆر لاواز و لە ژیان ڕازی نین و ڕەشبینی باڵی بەسەر بیروباوەرەکانیان کێشاوە. ئەوان ھەمیشە لەوپەڕی مەترسی و دوودڵی و گۆمانەوە لە ژیان دەڕوانن و لەگەڵ خۆدی خۆیان و ژینگەی مرۆڤی و فیزیکی و کۆمەڵگا دا لە ململانێ و کێشمەکێشی بەردەوامدان.
لە کوردستان ئەو کەسانەی کە زیاترینیان دەکەونە خانەی گرووپی ناوخۆیی، کەسانێکن بە ھەموو توانایەکەوە ھەوڵی سەرخستنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەدەن و بەلایانەوە ئەمە ئامانجێکی گەورەیە و پێش ھەر شتێک و ھۆکارێکی کاریگەر بەسەریەوە، پەویوەستە و بەندە بە توانایی و ھەوڵ و کۆشش و ھیمەت و ویست و بوێری و وریایی و لێھاتوویی و ھۆکارەکانی خۆدی و تیبەت و کەسێتی، نەک فاکتەری دەرەکی. ئەوان خۆیان بەرامبەر مێژوو و نەوەکان و جیھان بەرپرسیار دەبینن، و بەگەشبینیەوە دەڕواننە ھەموو ئەو دەرفەتانەی ئابووری و دیپلۆماسی و لەشکەری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و لەسەرووی ھەمووشیانەوە سایکۆلۆژی، کە بۆ کوردستانیان، بە ھەموو پێکھاتە و ئایین و نەتەوە و بیروباوەرەکانیەوە، ڕەخساوە، بۆیەش لەجیاتی ڕەشبینی و دژایەتی و تەنانەت دەستەویەخە وەستان، بە وریاییەوە ھەڵسوکەوتی لەگەڵدا دەکەن، و دەیانەوێ بەھۆیەوە پیشانی جیھانیان بدەن، ئێمە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست نموونە ڕێزگرتنین لە بنەماکانی دیمۆکراسیەت و مافی مرۆڤ، و سەرباری ھەموو قەیران و ناکۆکی و جیاوازییە ھزرییەکان، لەو خاڵە نیشتمانی و خەونە گەورەیە دا ھاوبەش و ھاوبیرین.
بەپێچەوانەی ئەوان، ئەوەتا ئێستاھەن دژایەتی ریفراندۆمی سەربخۆیی کوردستان دەکەن و ئەوان بەشێکن لەو کەسانەی کە دەکەونە خانەی یەکەمی بیردۆزی ڕۆتێر دا، ئەوان، واتە ھەر کەس بە بێ ھۆکاری لۆژیکی و دوور لە ھەستی نیشتمانپەروەری و لەسەر بنەمای ڕق و کینە، ھەڵدەستێ بە دژایەتیکردنی کوردستان و بەدەوڵەتبوونی، پیشانمان دەدەن کە چەند بیروباوەریان بەو فاکتەرانە ھەیە کە کەم و زیاد کاریگەری ئەوتۆیان نیە لە ھاتنەدی ئەو خەونە، و زیاترینیان ھۆکاری دەرەکین، و ئەگەر بیانۆش نەبن، ئەوەندە پەیوەستێکی بەھێزیان بەو پرۆسەیەوە نیە، و ئەوان بە گۆماناوی بوونی مێنتالیتەی خۆیان و ڕاھاتن لەسەر گلەیی و گازندەی بەردەوام و بێ پچڕان ئەو ڕاستیە دەردەخەن کە ھیچ بڕوایان بە توانایی و ئیرادە و ویستی نەتەوەیی و تاکی خۆیان و کوردستانیان نیە، و ئەمە لووتکەی لاوازی ھزری و کەسێتی مرۆڤە، و ھۆکاری سەرنەکەوتنیانە لە گشت بۆارەکانی ژیان، و تەنانەت بیرۆکە نەشرینەکەی لاوازکردنی ھەستی کوردستانیان بەرامبەر بە دەرفەتی سەربخۆیی کوردستان لە ناخ و دەروونی تاکەکانی ئەم نیشتمانە دا. ئەوان بۆ ئەم کارەیان دوور نین لە ھزری خۆڕافی، و بیانۆکانی وەک نەبوونی پشتەوانەی دەرەکی و وڵاتانی دەرەوە، و نەھاتنی کات و ساتی گۆنجاوی ئەم کارە، زۆر بیانۆی ھاوشێوە دێنن، کە لە ڕۆانگەی تیرۆییەکەی ڕۆتێرەوە دوورن لە بازنەی خەسڵەتە تایبەتییەکانی مرۆڤێکی سەرکەوتوو و داخوازکەر بۆ بەدیھاتنی ئامانجەکانی.
سەرچاوەکان:
١. Хок, Р. ( ٢٠٠٨ ). ٤٠ исследований, которые потерясли психологию– СПб.: Прайм-ЕВРОЗНАК.
٢. RotterJ.B. (١٩٩٠). Internal Versus External Control of Reinforcement: A Case History of a Variable, American Psychologist, April ١٩٩٠, ٤٩٠-٤٩٣.
*ئەو بابەتە لە ڕۆژنامەی خەبات ژمارە(٥٣٢٦) لاپەڕە(٦) لە بەرواری (٩/٨/٢٠١٧) بڵاو کراوە.
*پسپۆری زانستەکانیپێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top