خانەوادەی شەهیدان وپێشمەرگە و سەرۆك بارزانی ،خاوەنی ریفراندۆمی سەربەخۆیین

خانەوادەی شەهیدان وپێشمەرگە و سەرۆك بارزانی ،خاوەنی ریفراندۆمی سەربەخۆیین
ئەوانەی بە درێژایی مێژوو هەوڵیان دا یەكریزی و تەبایی نەتەوەیی تێكبدەن باش ئەو راستیەیان دەزانی كە یەكدەنگی كورد دەوڵەتی سەربەخۆیی كوردستانی لێدەكەوێتەوە . بۆیە لەو مێژووەو تا بە ئەمرٍۆ بە دەیان پیلانی جۆراوجۆر ئەو كارەیان ئەنجامدا بۆ ئەوەی هیچ كات كورد نەبێت خاوەن خاك و نیشتیمانی سەربەخۆ. ئێستاكەش كە سەركردایەتی سیاسی كوردستان و بە تایبەت شەخسی سەرۆك بارزانی بە واقیعبینانە و لە بەرچاوگرتنی بارودۆخ بریاری ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانی درەكرد ، دیسانەوە ناحەزانی كورد وسەربەخۆیی هەوڵەكانیان خستۆتە گەرٍ تا ئەو پرسە نیشتیمانیی وكوردانەیە لە چوارچێوەی شەخسی وحزبی بتوێنەوە و خەڵكی چەواشە بكەن . لە راستیدا پرۆسەی ریفراندۆم و گەیشتن بە سەربەخۆیی، تەنھا ئیشی حزبێك و سەركردەیەك نییە، تەنھا بۆ بەرژەوەندی ئەویش نییە، وەك ئەوەی ئێستا خەڵكی وا دژی پرۆسەكە ھان دەدرێت كە ریفراندۆم بۆ پارتییە و دەستكەوتەكانیشی تەنھا بۆ پارتی و خودی بارزانییە، بەم خاڵە خەڵكی لە دژ كۆدەكرێتەوە و سواری شەپۆڵی نارەزاییەكانی خەڵك دەبن، بۆیە پێویستە ھەموو تاكەكان رۆڵی خۆیان لە سەرخستنی ئەو پرۆسەیە ببینن، من و تۆ و ئێمە و ھەموومان پێویستە لە دەورووبەری خۆمان دەستپێبكەین لە ھۆشیاركردنەوەی یەكتری و ئاراستەكردنیان بۆ سەربەخۆیی، لە سۆشیال مێدیا و ھەموو ئەو رێگایانەی دەتوانین، گەرەكە دەنگی بەڵێ كۆبكەینەوە، پرۆسەكە بە سوودی ھەموومانە و ھەموومان دەستكەوتەكەی دەخۆین. زیاتر بێ دەوڵەت بین، كورد بڕیارە چارەنووسساز و بوێرانەكەیدا و ناوچە كوردستانییەكای دەرەوەی ئیدارە ھەرێم بەشدار دەبن، كورد تینووی سەربەخۆییە، دڵنیام سەردەكەوێت و ساڵی گەیشتنە بە ئاواتە لەمێژینەییەكانمان، پێویستە گوێ لە ناڕازییەكان و دژەكانیش بگیرێت و رەخنەكانیان لەبەرچاو بگیرێن، كەموكوڕییەكان لە ناوخۆدا یەكجار زۆرن، بەڵام گەورەترین كێشەو كەموكوڕیمان بێ دەوڵەتی و مانەوەیە لەژێر سێبەری عێراقدا، دڵنیام ھەركات ئەو كێشەیە چارەسەر كراو چوارچێوەیەكمان داڕشت، چارەی ئەوانی دیكە ئاسانە، ئەوەی ئێستا گرنگە، كێشەی بێ دەوڵەتی چارەسەر بكەین. بۆیە سەرۆك بارزانی نایهەوێت كورد بێ‌ دەوڵەت و ژێر دەست بێت وتووشی جینۆساید و كارەسات ببێتەوە .

ئێستا ئەو ساتە چارەنووسسازیە كە بەرگی حزبایەتی فرێبدەین و كوردایەتی بكەین لە پێناو گەرٍاندنەوەی مافێكی زەوتكراو و ئامانجە گەورەكە.دوای سەدەیەك خەباتی بێوچان كوردستانیان بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی دونیایەك قوربانی داوە، خەباتی بێ پچرانی كردووە، دەبێت خاڵێكیش هەبێت، كە كۆتایی خەباتەكەی دیاری بكات، كە ئەویش سەربەخۆیی و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردستانە. ئێستا ئەو كاتەیە كە نەك تەنیا هێزە نیشتمانپەروەرەكان، بەڵكوو تاكە نیشتمانپەروەرەكانیش دەبێت پێكەوە بە كردەوە بیسەلمێنن پەیڕەوی ڕێبازی ڕاستەقینەی ئەو شەهیدانەین كە بە دەنگی بەرزەوە، كوردستان یان نەمانیان بە گوێی جیهاندا چڕی. مانەوەی هەرێمی كوردستان و مافەكانی گەلی كورد لە چوارچێوەی عێراقدا، نەك تەنیا هیچ گەرەنتیەكی نییە‌ بەڵكوو ئەگەری خراپتر بوون و لەدەستدانی ئەو مافانەی كە هەمانن لە داهاتوودا ڕوو لە زیادبوون دەكات، بۆ دەربازبوون لەو قۆناغە و هاوكات هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی كوردستان، نەك تەنیا هەڕەشە و مەترسییە دەرەكی و نێوخۆییەكان لە داهاتوودا زیاد نابن بەڵكوو كەمتر دەكرێنەوە، هەروەها لە داهاتوودا كوردستانی سەربەخۆ دەتوانێت پەیوەندی هاوسەنگی هاوسێیەتی باشی لەگەڵ گشت دراوسێكانی هەبێت و تەنانەت ڕۆڵی لە بەهێزبوونی پەیوەندیی ئابووری دوو لایەنە لەگەڵ دراوسێكانی هەبێت، بە دڵنیاییەوە بەو ڕێگەیەش خوشگوزەرانی و ئاسایشی زیاتر بۆ هاووڵاتیانی كوردستان و دراوسێكانی دەستەبەر دەبێت. ئەگەر سەربەخۆ نەبین، دیسان دەرگای تاریكی و پۆڵایین بە سەر كوردستان دادەخرێتەوە، كە هاتینەوە سەر سفر كێ دەچێتەوە شاخ یان كوڕ و كچی خۆی دەنێرێت؟ئێمە میللەتێكی ماندووین، ئەو ریفراندۆمەش دوایین دەرفەتە تاوەكو بتوانین بە ئاسوودەیی، ئاشتی، ئازادی بژین و بە یەكجاری لە زوڵمی بێگانە رزگارمان بێت و پاشەڕۆژێكی گەش بۆ منداڵەكانمان مسۆگەر بكەین.دەبێت سوور بین لەسەر دوا بڕیارمان، هەمووان دەمانەوێت خاك و وڵاتمان ئازاد بێت و هیچمان كەمتر نەبێت لە میللەتانی دیكە، زۆرمان كرد با كورت نەهێنین، با هەموو هەوڵ و تێكۆشانمان تەنیا سەربەخۆیی بێت

ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان كە بڕیاروایە لە بیست و پێنجی ئەیلوولی ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان و ناوچەی جێی ناكۆكییەكانی لەگەڵ حكوومەتی ناوەندی بەغدا بەرێوە بچێت ، هەنگاوێكی گرنگ بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان بتوانێـت شەرعیەت و رەوایەت بداتە ئەو ناوچانەی كە لەدەستی داعش پاك كردۆتەوە و ئێستا لە ژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستاندایە. ئەگەر ناوچە جێی ناكۆكییەكانی دەرەوەی سنووری ئیداری هەرێمی كوردستان لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەیلوولی ئەمساڵ دەنگی بەڵی بەدەست بێنێت ئەوا دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان لەم ناوچانە یاسایی دەبێت.بەمەش حكوومەتی هەرێمی كوردستان كارتێكی بەهێزی لەبەدەستیدا دەبێت كە لەگەڵ بەغدا لە سەر پرسە هەڵواسراوەكان و پشكی داهات و دەسەڵات و دانپیانانی فەرمی سنوورەكانی هەرێمی كوردستان بە كەركووك ، شنگال و مەخموور و خانەقین بۆ سەر هەرێمی كوردسان بەكار بێنێت.هەروەها سەركەوتنی ریفراندوم تێروانینی پشتگیری جیهان لە ئابووری هەرێمی كوردستان زیاد دەكات كە تا دوو هەزار و چواردە بۆژانەوەی بەخۆیەوە بینیبوو بەمەش دوای سێ ساڵ لە شەڕ و پێكدادانی پێشمەرگە لە دژی داعش ، هەرێمی كوردستان سنوورێكی بەرفراوانی ئازاد كردووە كە تەنانەت شاری دەوڵەمەند بەنەوتی كەركووكیش ئێستا لە ژێر هەژمۆن و كۆنتروڵی كورددایە.بەم شێوەیە ، كوردستانی داهاتوو وڵاتێكی بەهێز و دەوڵەمەند دەبێت.
Top