حزب و لیستە ئیسلامیە سیاسیەکانی ناوەند پشت لەپڕۆژەی ئیسلامی خۆیان دەکەن

حزب و لیستە ئیسلامیە سیاسیەکانی ناوەند پشت لەپڕۆژەی ئیسلامی خۆیان دەکەن
یەکەم سیاسی عێراقی پشتی لەپڕۆژەی ئیسلامی سیاسی خۆی کرد سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دکتۆر(سەلیم جبوری)بو لە پارتی ئیسلامی(ئیخوانەکانی عێراق)
.لەسەرەتای ئەم ساڵ دکتۆر سەلیم جبوری لە پارتی ئیسلامی دەرچو کاتێک بزوتنەوەیەکی تری بەناوی(التجمع المدنی العراقی)کۆمەڵی شارستانی عێراقی پێکهێنا.
هۆکاری دەرچونی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دکتۆر سەلیم جبوری لەپارتی ئیسلامی و دامەزراندنی بزوتنەوەیەکی تری سیاسی بەناوی کۆمەڵی شارستانی عێراقی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە گشت حزب و لیستە ئیسلامیە سیاسیەکانی عێراق(سونی و شیعی)بەهۆی کەمی خزمەتگوزاری و گەندەڵی و پشت لە دەنگدەری خۆیان پێگەی خۆیان لەدەستداوە بۆیە وا سەیر دەکرێت لەمەودوا نوێنەرایەتی دەنگدەری خۆیان ناکەن.
ماوەیەک پێش ئێستا سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی(عەمار ئەل حەکیم)لەهەنگاوێکی بوێرانە دەستی لە سەرۆکایەتی هاوپەیمانی نیشتمانی هەڵگرت بەهەمان شێوە لەئەنجومەنی باڵاش چوە دەرەوە و(التیار الحکمە الوتنی)پێکهێنا.ئەم هەنگاوەی سیاسیەکی بەرزی وەک عەمار حەکیم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە حزب و لیستە ئیسلامیە سیاسیەکانی ناو پێکهاتەی شیعە مەزهەبیش بیر لەوە دەکەنەوە بنکەی جەماوەری خۆیان نەدۆڕێنن چونکێ دۆڕانی بنکەی جەماوەری پێگەی سیاسی خۆیان لەدەست دەدەن و کاتی لەدەستدانی پێگەیان وەک ژمارەی گران پێناسە ناکرێن و لەیاریە سیاسیە گەورەکان دەچنە دەرەوە.

پێش ئەم دوو سیاسیە بەرزەی ناوەند سیاسیەکی ناوداری تری بەرز کەناوی(موقتەدا سەدر)ە وازی لە دروشمی دامەزاراندنی دەوڵەتێکی ئیسلامی هێنا و دروشمی حکومەت و دەوڵەتێکی مەدەنی(شارستانی)بەرزکردوە. سەدر لەکاری سیاسی خۆی و ڕەوتەکەی دروشمی حکومەتی تیکنۆقرات و دەوڵەتێکی مەدەنی بەرزکردەوە و دژایەتی خۆی بۆ دابەشکردنی (محاسەسە)بەرزکردوە. لەساڵی ٢٠١٥وە موقتەدا سەدر دەستی کرد بە سەرکردایەتی خۆپیشاندانەکان دژی گەندەڵی حکومەتی ناوەند و چەندین جار خۆپیشاندانی ملیۆنی کۆدەکردەوە و کاریگەری خۆشی هەبو لەسەر کۆی گشتی بارودۆخ و کێشە سیاسیەکان.
بەهەمان شێوە دەوڵەتی یاسا کە سەرۆک وەزیرانی پێشوی عێراق دکتۆر( نوری مالکی)سەرۆکایەتی دەکات و گەورەترین کتلەی پەرلەمانی ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقن دروشمی ئیسلامی سیاسی وەلا ناوە.لەم دواینە سەرۆکی دەوڵەتی یاسا نوری مالکی باس لە دەوڵەتی مەدەنی دەکات کە یاسا تیادا سەروەر بێت.
لەکۆتایی-
گشت حزب و لیستە سیاسیەکان و سەرکردەکانی عێراق ئەو ڕاستیە دەزانن کەحزب و هێزی ئیسلامی سیاسی فەشەلیان هێناوە لە بەڕێوەبردنی حکومەتی ناوەند هەر بۆیە بەدوای ڕێگایەکی تر دەگەڕێن تا لەهەڵبژرادنی داهاتو دەنگی پێوە کۆکەنەوە. هەر حزب و هێزە ئیسلامیە سیاسیەکان و سەرکردەکانیشیان بەگومانن لەوەی لەداهاتو پڕۆژەی دەوڵەتی مەدەنی ڕزگاریان بکات لەم کێشە گەورە قوڵەی کەوتونەتە ناوی.
تاک لە چواردە پارێزگا.خێزان لەچواردە پارێزگا.شەقام لە چواردە پارێزگاکەی تر. هاووڵاتیان بەگشتی بێزارن لەحزب و هێزە ئیسلامیە سیاسیەکانیان چونکێ نزیکەی دوانزەساڵ زیاترە بەناو و دروشمی ئاینی فێڵیان لێدەکەن.بەشێكی زۆری سیاسیەکان توشی گەندەڵی بونەتەوە یان ناویان لەکێسی گەندەڵی تێوەگلاوە بۆیە لایەنگریان وەک پێشو نەماوە و حزب و هێزە ئیسلامیە سیاسیەکانیش مەترسی لەدەستدانی پێگەی خۆیان هەبوە.
ئینجا لێرە پرسیارێک دێتە پێشەوە ئەویش.
ئەگەر حزب و لیست و هێزە ئیسلامیە سیاسیەکانی ناوەند بارودۆخیان ئاوا بێت؟؟دەبێت بارودۆخی حزب و لیستی ئیسلامی سیاسی هەرێمی کوردستان چۆن بێت؟؟
Top