دۆن کیشۆتەکانی دژی ڕیفراندۆمی کوردستان

دۆن کیشۆتەکانی دژی ڕیفراندۆمی کوردستان
ڕەفتار، بابەتی سەرەکیی زانستی دەروونی، گفتگۆیەکی دوورودرێژی دەوێ، بەڵام بریتیە لە ھەموو ئەو جووڵە فیزیکی یان گۆڕینەکانی نێو جەستەی مرۆڤ و تەنانەت ئەو شتانەی کە پەیوەستن بە مێشک و سیستەمی دەماری ئەو گیانەوەرەوە. دیارە گەمژەییە وا بیر بکرێتن کە ھەر ڕەفتار و بڕیارێکی مرۆڤ بە بێ ئەوەی ھیچ ھۆکارێکی لە پشتەوە بێ ڕوو بداتن، تەنانەت ڕەفتار بچوک و ڕیفلێکسییەکانی وەک نووقاندنی چاو لە کاتی پەخش و بەڵاوبوونەوەی تەپ و تۆز و خاشاک، جا چ جای ئەوەی ڕەفتار و بڕیارێکی گەورەی وەک دژایەتیکردنی سەربخۆیی کوردستان و ڕیفراندۆمەکەی، کە زیاتر لە ڕەفتار و خەونەکانی "دۆن کیشۆتی" دەچن.
چەمکی خەونەکانی "دۆن کیشۆتی" لەو چەمکانەیە لە گۆڕەپانی وێژەیی ھاتووتە نێو فەرھەنگۆکی مرۆڤایەتی دا، و دواتر لە لایەن زۆر کەس و لەوانەشە فەیلەسۆفی مەزن عەلی وەردی ( ١٩١٢-١٩٩٥ )، لە چیڕۆکێکی ئیسپانی لە نووسینی نووسەری بەناوبانگ ( سێرڤانتس ) وەرگیراوە. وەردی بۆ مەبەستی سەلماندن و دەربڕین لە کۆمەڵێک گرفت و گرێ دەروونییەکانی مرۆڤەکان بەکاری ھێناوە، کە لە بنەڕەتدا پەیدابوون و تۆی چاندنی ئەو گرفتە سایکۆلۆژیانە بەرھەمی پەروەردەیەکی نادروستن کە لە نێو پێکھاتە و ستراکتووری سیستەمی بەھا کۆمەڵایەتییەکانی ئەو کەسانە دا خۆیان دەنوێنن و لە ھەڵوێستی جیوازی پەیوەندار دا بەدیار دەکەون.
چیڕۆکەکە بۆ ئەو سەردەمە دەگەڕێتەوە کە قۆناغێکی دیرۆکی ئەورۆپایە و تێیایدا ھەندێ لە قارەمان و پاڵەوانانی ئەو وڵاتە بە جل و بەرگێکی ئاسنی و ئەسپ سوارانە، ھەڵدەستان بە کاری بەرگریکردن لە منداڵان و ژنان و کەسانی بێ دەستھەڵات و بەھۆی ئەم کارەیانەوە ھەم ناوبانگیان دەرکردبوو و ھەم پلە و پایەیەکی بەرز کۆمەڵایەتییان بۆ خۆیان مسۆگەر دەکرد.
"دۆن کیشۆت" کابرایەک بوو کە دەیویست لاسایی ئەو پاڵەوانانە بکاتن، لە کاتێکدا خۆی کەسێکی لاواز و شەپڕێو و بێ سەروبەر بوو و ھی ئەوە نەبوو ئەو کارانەی لێ بوەشێتەوە. ئەو وەھا بیری دەکرد و خۆی بە فریادڕەسی ھەژاران دەزانی. ڕەفتار و کردارەکانی وەھابوون کە گۆایە لە ھەر جووڵەیەکی خۆی دا فریای کەسان و مرۆڤە ستەملێکراوەکان دەکەوێ و بۆ خەڵکی بۆوەتە ئەفسانەیەک، و خەڵکی پێی سەرسام و سەرسۆڕماو بوونەتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوان نەک تەنیا ئاگایان لێی نەبوو بەڵکۆ گاڵتەجاڕێیان پێ دەکرد.
لەم جیھانە و لە کوردستانیش ھەن کە لە ڕەفتارەکانیان دا ھاوشێوەی " دۆن کیشۆت" بیردەکەنەوە. ئەوەتا ئەم چەمکە و گرێ دەروونییەکانی " دۆن کیشۆت" ی زۆر بە ڕاشکاوانە لە لای ئەو کەسانەوە دەبینرێن کە بە ھەموو توانایەکەوە دژایەتی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەکەن، کە نەک تەنھا خیاڵێکە بە مێشکی تەنھا و تەنھا کەسێکی دیاریکراو دا ھاتبێ، بەڵکۆ خەونێکی دێرینی مەلیۆنان کورد و کوردستانی و شەھید و بریندار و پێشمەرگە و سەرکردە بووە و قۆربانییەکی زۆری لە پێناو دراوە و ئازارێکی دەروونی و کۆمەڵایەتی و سیاسی زۆرمان بۆ وەدەستھێنانی چێشتووە.
ئەو " دۆن کیشۆت" انە بۆ ئەم مەبەستە پەنایان بۆ ھەر کەس و ناکەسێک، ھەر پیلانێک و دوژمنێک و مەھانەیەک بردووە، و ھەموو چەمکە ناشرین و بەھا بێ نرخەکانیان بەکار بەستووە و بەھا ڕەسەنەکانی سووپاسمەندی بۆ دەستەکەوتەکان و ڕێزگرتن لە مانیبوون و گیانفیدایی کەسان و لایەنەکانی جیاواز لەو کوردستانەیان لە بیر چۆتەوە و و وازیان لێھێناوە، کەچی یەخەی ئەو دیاردە و بابەتانەیان گرتووە و باسی لێوە دەکەن، کە دەکرێ گفتگۆ و چارەسەری و نەھێشتنیان لە کاتی تری دوای ڕیفراندۆمیش بکرێ. ئەوان بە دھۆڵ و زۆڕنا باس لە گەندەڵی دەکەن، لە کاتێکدا کە گەندەڵی تەنیا ئەوە نیە ھەندێ کەس ھەندێ پارە و پۆل بدزن و یان گرێبەست یان پرۆژەیەک بە شێوازێک لە شێوازەکان جێبەجێ بکرێتن کە بە دڵی ئەوان نەبێ. دوور نیە ئەگەر ئەوانیش لەو شتانە و پرۆژانە سوودمەند دەبوون ئەوانیش ڤزەیان لێ نەدەھات. گەندەڵی تەنیا ئەوە نیە کە دەبێ یاسایەک وەک خۆی جێبەجێ بکرێتن و ھیچ کەم و کۆڕییەک تێایدا نەبێ و بەرژەوەندی نەتەوە و نیشتمانێک بە قۆربانی ئەو بڕگە یاساییە بکرێت، لە کاتێک دا کە منداڵی سەر جادەش باش دەزانن یاسا ئەو تێکستەیە کە بۆ بەرژەوەندی وڵات و کەسان و مرۆڤەکان نووسراوە و ئەگەر دۆخێکی نائاسایی ھەڕەشە لەو نیشتمان و نەتەوە و مرۆڤانە بکات، بێگۆمان و بێ بێ دوو و سێ و بە ھەمان ئەندازەش ئەو یاسایانە واتا و ڕامانی خۆیان نامینێ و دەبێ دەستکاری تیایدا بکرێت و یان زۆر ئاساییە بە یەکجاری پشتگۆێ بخرێت و لە بیر بکرێتن.
ئایا گەندەڵی تەنھا ئەو جۆرە شتانەن؟ ئەی باشە بڕیار و ڕەفتارەکانی پەیوەست بە دژایەتیکردنی ڕیفراندۆمی گەل و نیشتمان و خەڵکانێک خۆی لە خۆی دا جۆرێکی گەندەڵی، و تەنانەت یەکێکە لە مەترسیدارترینیان نیە؟ ئەگەر گەندەڵی قۆچی پێوە ھەبوایە دەبوو قۆچی دژایەتیکردنی ئەم ڕیفراندۆمە بە قەد شاخەکانی کوردستان بۆایە، چونکە ئەم ڕەفتار و ھەڵوێستە ناجوامێرانەیەی ھەندێ کەس و لایەنی کوردستانی، کە جۆرێکی شەپرزەیی خستووتە نێو بڕیارە ناوچەیی و جیھانیی گرێدراو بە ھەمان بابەت لە لایەن ھەندێ پارت و لایەنێ سیاسی ناوچەکە و جیھان، گەورەترین گەندەڵیی ئەم جیھانە و کوردستانەیە، بە تایبەت کە ئەمرۆ دۆخێکی سیاسی و لەشکەری و سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتی و ئابووری گۆنجاوی بۆ ڕەخساوە.
ئەمرۆ کوردستان بە دۆخێکی ناڵەبار و ھەستیاری ناوخۆیی و ناوچەیی و جیھانی دا تێپەڕ دەبێ، و وەک کەشتییەک وایە کە لە نێو شەپۆڵەکانی دەریایەکی شلەژاو و زریان و تووفانێکی بێ بەزەیی دا گیری خۆاردووە و ھیچ ویژدانێکی زیندوو و وریا قبووڵ ناکاتن ئەو کەشتیە بخرێتە نێو دەستێکی وەھا کە جێگەی متمانە نەبێ و بوێری و بەھۆی بێ ئەزموونی و ھەرزەکاریی سیاسی و بیرکردنەوەیەکی " دۆن کیشۆت" انە، لە ئاست دیپلۆماسیەتی سیاسی ناوچە و جیھان نەبێ، و بەڵکۆ لە بنەڕەتدا ھەمان ئەو " دۆن کیشۆت" ە بێ کە ئامادەیە لە پێناو بەرژەوەندی خەڵکی و دژی بەرژەوەندییە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی خەڵکی خۆی و تەنھا بۆ ئەوەی چەند (آقا) و (السید)ێک بە درۆ چەپڵەی بۆ لێبدەن، ئەو کەشتیە پڕ لە مرۆڤە ماندوو و لە ھەمان کاتدا تامەزرۆەیەکانی ئازادی و سەربەخۆیی، لە جیاتی ھاژۆتنی بەرەو کەنارە ئارامەکان، بۆ لای تاتە بەردەکانی کۆشندە بھاژۆن و ژێر ئاوی بکەن. لەوانەیە ئەو ژێر ئاوکەوتنە بە جۆریک لە جۆرەکان بەرژەوەندی ئەو " دۆن کیشۆت" انە تێایدا بێ و ئەگەر دەستەکەوتێکیشییان بۆ نەبێ بەڵام ھیچ نەبێ ئەو کات ھیوای ئەو شەھید و پێشمەرگە و کەسانە و سەرکردە و مرۆڤانەی کە ھەوڵی بێ وچانی سەرکەوتنیان دەدا، نایەتە دی.
بەڵێ ڕاستە و ئەوانیش باش تێگەیشتوون و دەزانن کە خەم و خەونی دێرینی سەرکردەکانی وەک جەنابی سەرۆک بارزانی و ھزارانی تری ھاوبیری ئەو پێشمەرگە و فەرماندەیە، لە سەرکەوتنی پرۆژەی سەربەخۆیی کوردستان دایە، بەڵام ھەن کەسانێک بە پێچەوانەوە بیردەکەنەوە و ئەو " دۆن کیشۆت"انە زیاتر لە خەمی کەسانیترن، و بە نیازن بە ژیِرئاو کەوتنی ئەو کەشتییە خەونێکی دێرین و ھەمیشەیی دوژمنانی کورد و کوردستان، بە تێکڕای نەتەوە و ئایین و مەزھەبەکانیەو بھێننەدی. ئەوە بۆ ئەو بەناو " دۆن کیشۆت" انە گەورەترین ئەفسانە و سەرسۆڕمانی دوژمنان و ئەوانەیە کە دژایەتی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەکەن و ئەوەش ھەمان ئەو دەستکەوتەیە کە چاوەڕۆانی دەکەن.
بەڵام چونکە ئەو کەسانەی دژی سەربەخۆیی کوردستانیان و ڕزگاربوونیانە لە پەنجەکانی دڕندەی داگیرکەران، " دۆن کیشۆت" انە بیر دەکەنەوە و لە دەریای خەونەکانی " دۆن کیشۆت" ی دا وۆن بوونەتەوە، ناتوانن لۆژیکانە و بابەتیانە شتەکان لێک بدەنەوە و دوور بین بن، و لەوە تێبگەن کە ئەو وڵاتانەی دوژمن و نەیار و ناحەز نەک تەنیا چەپڵەیان بۆ لێنادەن بەڵکۆ بە پێچەوانەوە گاڵتەجارییان بە مێنتالیتە و مێشک و بیرکردنەوەی ساویلکانەی ئەوانەوە دەکەن. ئەوان نەک تەنھا ئەو مرۆڤانەیان پێ وەک " دۆن کیشۆت" گەمژە و نەزانە، بەڵکۆ لە ھەر چرکەیەک چاوەڕۆانی ئەوەن کە ئەوانیش لەناو بەرن، و ئەو خەنجەر لە پشتەوە لێدانی دوژمنان لە دیرۆکی کوردستان شتێکی نوێ نیە، بەڵکۆ زۆر کۆنە، بەڵام ھەموو کەس تێی ناگاتن و بە تایبەت " دۆن کیشۆت" ەکان، چونکە ئەوان لە درێژەی خەونە " دۆن کیشۆت"یەکانیان دا تەنھا بیر لە سەرسامی دوژمنان بە ڕەفتار و گەندەڵییەکانی خۆیان، کە لە ڕۆانگەی خۆیانەوە ڕەفتار و کردار و بڕیاری دانسقە و دەگمەن و بە سوودن، دەکەن، نەک ئەو کارەساتانەی کە لەپشتەوەی پەردە ڕوو دەدەن، و دوور نیە ئەنجامەکەشی لە کیس چوونی دەرفەتێک بێ کە سەدان ساڵی تریش نەیێتە دی و بەڵکۆ ھەتاھەتایش نەگەڕێتەوە.
زۆر گرینگە ئەو کەسانە دەست لەو خەونە بێ ئەنجامانەی دژی نەتەوەکەی خۆیان ھەڵگرن، و ھێز و توانایی خۆیان بۆ خزمەتی وڵات و نیشتمانی خۆیان بخەنەگەڕ. "دۆن کیشۆت" بوونێکی ساویلکە ئیتر دادی ئێمەمانان ناداتن و "دۆن کیشۆت"ێکی ڕاستەقینە تەنھا ئەو کەس و لایەنەیە کە وەک مۆم بۆ ڕووناکایی خەڵک و وڵات و نیشتمان و نەتەوەی بسووتێ، و لای ئەوان ببێ بە ئەفسانەیەکی ڕاستەقینە و ھەمیشەیی، وەک ئەوەی کە کاوەی ئاسنگەر و زۆر کەسی تر کردیان و ناوێکی پیرۆز و زیندوویان بۆ خۆ تۆمار کرد و بوون بە پەیژەی ڕزگاربوونی میللەتان، نەک ئەو کەسانەی کە بۆ دوژمنانی خۆیان و نەتەوەکەیان ببن بە پەیژە بۆ لەناوبردن و قڕکردن و جینۆساید و ئەنفال و کێمیابارانکردن و ڕاگۆاستن و زیندەبەچاڵکردن و داگیرکردن و وێرانکردن و گرتنی ژن و خووشکانمان و فرۆشتنیان لە بازارەکان و نەشرینکردنیان، و دوای ئەوە ئینجا بە "دۆن کیشۆت" ەکەمان بڵێن "آفرین"!
*ئەو بابەتە لە ڕۆژنامەی خەبات ژمارە(٥٣٢٢) لاپەڕە(٧) لە بەرواری (٣/٨/٢٠١٧) بە گۆڕانکارییەوە بڵاو کراوە.
*پسپۆری زانستەکانی پێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top