سایکۆلۆژیای بابەکێ زەنجانییەکان و ڕیفراندۆم

سایکۆلۆژیای بابەکێ زەنجانییەکان و ڕیفراندۆم
دیارە پشتەوانیکردن (التعزیز یان reinforcement)، وەک چەمک لەو بنەما دەروونیانەیە، کە وەک پاڵدەرێکی بەھێزی دروستکردنی ڕەفتار لە قوتابخانەکانی دەروونناسیدا، و بە تایبەت ڕێبازی ڕەفتارگەرایی (السلوکیە)دا، گرنگییەکی تایبەتی ھەیە و بیردۆزەکانی وەک سکینێر و ... ھتد، داکۆکیی لێوە دەکەن. ئەو چەمکە واتای ئەو پاداشتە زارەکی یان ماددیانە دەگرێتەخۆی، کە دەتوانن بە ھەر دوو شێوازی ئەرێنی و نەرێنی ببنە ھەوێنی دروستبوونی ڕەفتارێک و لە ئەنجامدا فێربوونی ئەو ڕەفتارە. لە ئاستی بچووک و مەزن، و زۆر بۆارەکانی ژیان ڕووی دەداتن. دەکرێ بە پێدانی نمرەیەک یان بسکوویتەک لەگەڵ منداڵ، و مەلیۆنھا دۆلار لە کار بیروباوەرێکی سیاسی دا جێبەجێ بکرێت.
بابەکی زەنجانی، گەنجێکی وڵاتی ئێران، کە لەم ساڵانەی دوایی، و لە سایەی پاڵپشتی کۆمەڵێک کەس و لایەن لەو وڵاتە، و بۆ مەبەستی تایبەت دەوڵەمەند کرا، و دواتریش و پاش پێکانی ئامانجەکانیان، کە نھێنییەکانی لای زۆربەی کەسان ئاشکرا نیە، خستیانە بەر پەتی سێدارە. ئەو گەنجە نموونەیەکە لەو پشتەوانییە نەرێنییەی کە جاری وا سەری ئەو کەسە دەخوات، کە دەکەوێتە داوەکانی، و خۆیشی ئاگای لێنابێ، و بەھۆی تامەزۆریی فاکتەرەکەوە بیر لە ئەنجامەکانی ناکاتەوە.
ناوبراو، لە خواستەکانی دا پەلەی دەکرد و ھیچ بیرکردنەوەیەکی لۆژیکانەی بۆ نەبوو، و خوێندنەوەی بۆ ئەو ھەموو پاڵپشتییە خوێندنەوەیەکی کوێر کوێرانە بوو تا لە ئەنجامدا خۆی بووە قۆربانیی ئەو دەوڵەمەندییە و ھەموو ئەو سامانەی بۆ ھەمان ئەو کەسانە بەجێ ھێشت، کە ئەویان بۆ مەرامەکانیان کردە " قۆچی قۆربانی"( کبش الفداء).
کەسان و بە تایبەت گەنجان، دەبێ زۆر لەوە وریاتر بن و بزانن کە کەس و لایەن کە بە مەلیۆنەھا دۆلاری پێدەدەن، و لە " پڕیک دەیکەن بە کۆڕێک"، زۆر ئاسایی نیە، و " ئەو ماستاوە بێ موو نیە" ! و شتێکی لە پشتەوەیە و ئەو ئاگای لێ نیە و تەنھا وەک ئامرازێک بەکار دەھێنرێن و دواتر زۆر بە ئاسانی وەلا دەنرێتن.
لە دەوروبەرمان، و لە کاتی ناسکی ڕیفراندۆم دەکرێ لایەن ھەبێ بۆ بەرژەوەندی تایبەت گەنج یان گەنجانێک وەک " بابەکێ زەنجانیان"، بەکار بھێنن و پاش پێکان یان نەپێکانی ئامانجەکانیان و یان بۆ شاردنەوە و شوێن بزرکردنی نەخشە و پلانەکانیان، بەناوی جیاواز بیدەنە دەستی زۆرداری سێدارە و بێدەنگی بکەنەوە. ساڵانی ھەشتایەکان و نەوەدەکان وڵاتی ئێران بە دەھا نموونەی وەھای بەخۆیەوە بینیوە و خەڵکی ئێران گەواھی ئەوەن.
دەبێ گەنجانی کوردستانمان ئاگاداری ئەو باند و مافیایانە بن تا بەناوی پارە و پۆڵ و دەوڵەمەندبوونێکی گۆماناوی و کاتی، دژی نەتەوە و خوشک و براکانی خۆیان نەوەستن و بە تایبەت لە بابەتێکی ھەستیار و چارەنووسسازی وەک ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، کە قۆربانییەکی زۆر دراوە تا گەیێندراوەتە ئەو قۆناغە و دوژمنان چاوەڕۆانی ھەر کەسێک دەکەن تا ببێتە ھۆکاری ئاژاوەگێڕی یان لەباربردنی و بە تایبەت گەنجان و ئەو کەسانەی کە تامەزرۆی دەوڵەمەندبوونن، بە بێ ئەوەی فریای ئەوە بکەون بیر لە زیان و ئەنجامەکانی بکەن.
*پسپۆری زانستەکانی پێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top