ڕیفراندۆم وەک ئامانجێکی ھاوبەشی سەرکردەکانی کوردستانی
August 8, 2017
وتار و بیروڕا
لە قەبارەیەکی جۆگرافیایی سیاسیدا، چەندین سەرکردە بە یەکەوە کار دەکەن، و لە پلە و پایە و پارتە سیاسیەکاندا، کەسایەتی سەرکردەکان و بۆچوون و بەھا و فەلسەفەی ژیان و کاری سیاسیان، و ئامانجە دوو ر و نزیکەکانیان کاریگەری بەسەر بڕیارەکانیان ھەیە.
دیارە ئامانجە نزیکەکان لە چۆارچێوەی فەلسەفەی ئەو پارتە و پرەنسیپ و بەرنامەی پارتەکان دانراون و کاری بۆ دەکرێت، بەڵام ھەن ئامانجی مەودا دوور و مەزن و بەرفراوانتری گشتی، کە ھاوتەریبن لەگەڵ ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانی، زۆر گەورەترن لە ئمانجە نزیکەکانی پارت و لایەن و سەرکردەیەکی سیاسی.
ئەگەر ئامانجە مەودا نزیکەکان و بچووکی سیاسی پارتێک لە نێوان سەرکردە سیساسییەکان جیاوازی بیروبۆچوونی تیایدا ھەبێ، شتێکی زۆر ئاسایی و سروشتیە، و بەڵکۆ پێویست و گرنگ و کاریگەر و پاڵنەری بە ھێزن بۆ بەرەو پێشچوون و کێبڕکێیەکی دروست و شارستانیانە و دیمۆکراسیانە. بەڵام کاتێک کە ئامانجە مەزنەکانی مەودا دووری نیشتمانی و و نەتەوەیی جیاوازی و دژایەتی تیایدا بەدی بکرێ، دەبێتە جێگەی مەترسی و ھەڕەشە. ئەو ڕەفتارە ڕیزەکانی بزووتنەوەی سیاسی ئەو ناوچەیە تێکدەداتن، و ھەڕەشە لەسەر یەکگرتنی ھزری و تێڕوانینی ھەموو لایەنەکان دروست دەکات، و سستی و خاوی دەخاتە نێو ماسووڵکەکانی بزاڤ و چاڵاکیەکانی ئەو لایەنانە، و دەینامۆی گۆڕ و تینی ھەنگاونان بەرەو ئەو ئامانجانە نەتەوەییانە دەپووکێنێتەوە، و ئەگەریش نەبێتە ھۆی پەرش و بڵاوی ھێزی جووڵانەوەیان و لەکاریان نەخاتن، بێگۆمان گەیشتن بەو ئامانجانە زۆر دوور دەخاتن.
بزووتنەوەی سیاسی کوردستانیان لە قۆناغە جیاوازەکانی دا بە بەردەوامی ئەو ئەزموونە تاڵەی تاقیکردووتەوە، و ھۆکاری سەرەکیشی بوونی فەلسەفەی بە گرنگتر زانینی ئامانجە بچووکەکانە بە بەراورد لەگەڵ ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانی دوورمەوداکان.
*پسپۆری زانستەکانی پێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ