ڕیفراندۆم و ھەوڵەکانی بەرەودواوەچوون

ڕیفراندۆم و ھەوڵەکانی بەرەودواوەچوون
سەیرە لە سەدەی (٢١) داھەبن کەسانێک بە مێنتالیتە( عەقلیەتی) پێش چەند سەدەیەک بیربکەنەوە. ئەو کەسانە دەبێ چییان لە مێشکدا بێ، کە وا بیردەکەنەوە، و ئەو بیرکردنەیە ھیچ ئاسۆیەکی گەشی تیایدا نابینرێتن؟ سیاسییەکی ئەم کوردستانە لەو ڕۆژانەدا باسی لە پێکھێنان و سیستەمی بەرەی سۆننە لە کوردستان، دەکاتن. دەبێ چ ئۆمێدێکمان پێ بێ، بتوانین لە جیھانی ھاوچەرخ دا، پشتەوانەیەکی جیھانیت بۆ دۆزەکەی کوردستانیان دەست کەوێ، لە کاتێکدا ھەبن کەسانێک بەو شێوازە بیربکەنەوە؟
سەرکردەیەکی وەک جەنابی سەرۆک بارزانی بە ھەموو توانایەکەوە ھەوڵ دەداتن لەگەڵ ڕەوتی بەجیھانیبوون (globalization)، کە بۆەتە دیفاکتۆ ( ئەمری واقع) سیستەمی سیاسی سەردەم، و پێوەر و بەھا مرۆڤی و کەلتووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی دا، خاڵی ھاوبەشی (universal) بدۆزێتەوە، تا بەھۆیەوە زیاترینی تاک و لایەنەکان لە نەتەوە و گرووپ و ئایین و بیروباوەرکانی جیاواز لە ژێر ئاڵا و سیبەرەکەی کۆ ببنەوە و یەکبگرن، کەچی ھەن بە پێچەوانەوە دەجووڵێن، و لە پرۆسەی بەرەو دواوەھەنگاونان، بەدوای بەھا و خاڵی دورتر و تەسکتر و بچوکتر دەگەڕێن تا تەنھا قەوارەیەکی بچووکتری لایەنەکان تیایدا جێگەیان ببێتەوە.
بیرکردنەوەی سەرۆک بارزانی، جۆرێکە لەو بیرکردنەوەیەی کە زانایانی وەک چارلز داروین و ژان پیاژێ لە چەمکی خۆگۆنجاندن (adaptation) دا، دەربڕینی لێوە دەکەن، و جەنابی بارزانی بە بیرکردنەوەیەکی حەکیمانە، باش لەوە تێگەیشتووە کە تەکتیک و ستراتێژییەکی شایستە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی کوردستانیان، و ھەنگاونان بەرەو پێشەوە تەنھا بە ڕێگەی خۆگۆنجاندن سەردەگرێ.
بەڵام ئەو لایەنانەی تازە بە تازە بیری سۆننەبوونی مۆسڵمانانیان ھاتووتە خەیاڵ و دڵیان بەوە خۆشکردووە ( ٨٢% ) مۆسَلمانان سۆننەن و کەمینەکەی تر شێعەن، و سۆننە زۆرینەکان دەتوانن زۆر شت بکەن و بگۆڕن، لە بیریان نەماوە کە کوردستان جگە لە مۆسڵمانان، خەڵک و ئایینی تریشی تیایدایە و ئەوانیش مافیان ھەیە، و ھەر بە ھۆی ھەبوونیان لە نێوماندایە کە زۆر جار جیھانیان لە تەنگانەدا بە ھانامان ھاتوون، ئەگەینا بە تەمای سۆننەکان ئاو دەیبردین، وەک چۆن لە سەردەمی سەدامی گۆڕ بە گۆڕی سۆننەی وەھابی و برایەکانی بچوکتری لە تاخمی داعشەکان و ھاوشێوەکانیان، بردینی.
ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە و دابەشکردنی کۆمەڵگای کوردستانی لەگەڵ ڕێڕەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی سەردەم ناگۆنجێ، چونکە پێوەرەکانی زۆر بچووک و بەرتەسکن، و کارامەیی لێھاتوویی کەلتووریان تەنھا کۆمەڵێکی کەم لە مرۆڤ و گرووپ و لایەن و ئایین و نەتەوەکان لەخۆی دەگرێ و لەگەڵ ئامانجەکانی داھاتووی دەوڵەتی کوردستان ناگۆنجن، و بەشێکن لە دۆگماتیزمی ڕادایکاڵی و دەمارگیری ئایینی زیانبەخش. ئەوە خۆی لە خۆی دا ھەنگاونانە بەرەو دواوە، کەچی کادیرێکی ئەو ڕەوتە ماوەیەک بەر لە ئێستا لە یەکێک لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دا، گاڵتەی بە شۆڕەشی گۆڵان دەکرد کە چۆن ناوی لە خۆی ناوە " پێشکەوتنخواز"؟ شۆڕەشێک کە لە ساڵانی ھەفتا سەرێ ھەڵدا بوو، و دروشمەکانی زۆر گۆنجاوی ئەو سەردەمە و تەنانەت ئێستاش بوون. بەڵام بیرکردنەوەی تەسک ئایینی لە مێنتالیتەی ئەو مرۆڤانە بە پێشکەوتن دادەنرێن. سەیرە. ئەو بیرکردنەوەیە نیشانەی ( ئاخیر زەمانە )، ئەگەینا خۆ ( ئاخیر زەمان) قۆچی پێوە نیە، ھەر بە بیرکردنەوەی وا دەردەکەوێ.
سەرچاوە:
-Krajcik, Joseph , Gzerniak, Charlene M. & Berger, Carl F. (٢٠٠٣): teaching science in elementary middle school classroom, a project-based approach, McGraw-Hill.
*پسپۆری زانستەکانیپێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top