ڕیفراندۆم و گەندەڵی و مزگێنی

ڕیفراندۆم و گەندەڵی و مزگێنی
شاراوە نیە و ھەموومان دەزانین ساڵانی ڕابردوو کەسان ھەبوون بەھۆکاری بوونی گەندەڵی چوونە نێو ڕیزەکانی ھەندێ پارت و لایەنی وا کە نەشدەگۆنجان لەگەڵ پێکھاتەی ھزری و بیرکردنەوەیان. ئێستاشی لەگەڵدابێ دڵیان تۆراوە لە گەندەڵکاران، ھەربۆیەش لەو سەنتەرانە کۆبوونەتەوە کە دروشمی ئەنتی-گەندەڵیان زۆر زەبەڵاحە، بەڵام ئەوەی ڕاستی بێ و لەگەڵ بیرکردنەوەی لۆژیک و پەندی کوردیش زۆر دەگۆنجێ، دەسەلمێنن کە ھەر ئەو لایەنانە ناڕاستترینن لەگەڵیاندا، و سەرچاوەی ڕەسەن و پەرەپێدەری ئەو دیاردە قێزەوەنەن.
کورد دەڵێ " ماسی لە ئاوی لێل دەگیرێتن"! بەپێچەوانەی تێگەیشتنەیان لەو لایەنانە و فرێوخواردنیان، ئەوانەی کە زیاترین ھەوڵی ھێشتنی کوردستان لە ژێر ڕکێفی شۆڤینیەکان دەدەن، ھەر خۆیانن. چونکە ئەوان باش دەزانن ئەو تەکتیکە باشترین شێوازە بۆ بەردەوامی دۆخی ناسەقامگیری ئێستاکەیی، و دەکرێ لە پەنای دا باشتر بگەن بە ئامانجەکانیان، و لەوانەشە ژێر بە ژێر دەستیان لەگەڵ ھەمان ئەو گەندەڵکارانە ھەبێ، کە ھەموومان ڕقمان لێیانە.
بۆیە ئەوە مزگێنیەکی خۆش و مژدەیەکی دەگمەنە ئەو کەسە دڵ بریندارانەی دەستی نەشرینی گەندەڵکارەکان لە جیاتی بژاردەی " نە " و " لێلکردنی کوردستان "، و ڕێگە خۆشکردن بۆ گەندەڵی زیاتر و پەرەسەندنی دیاردەی گەندەڵکاری، بیر لەوە بکەنەوە چۆن بە دەنگی " بەڵێ بۆ سەربەخۆیی" گەورەترین گۆرز لە گەندەڵکاران بوەشێنن و تۆڵەی خۆیانیان لێبکەنەوە.
بە سەرکەوتنی ڕیفراندۆم، سەقامگیری سیاسی مسۆگەر، ئینجا سەقامگیری کۆمەڵایەتی و یاسایی ئۆتۆماتیکەن جێبەجێ دەبێ، و دەستی گەندەڵکاران کۆرتتر دەبن، و کۆتایی بە مافیاکانی گەندەڵی دێتن. ئەوە دڵخۆشترین مژدەیە بۆ ئەوانەی لە ڕقی گەندەڵکاران و گەندەڵچییان لە ڕیفراندۆم تۆراون.
*پسپۆری زانستەکانیپێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top