سەربەخۆیی و ئایندەیەکی گەش

سەربەخۆیی و ئایندەیەکی گەش
سەربەخۆیی کوردستان ئایندەیەکی گەش بۆ نەوەکانمان مسۆگەر دەکات، کوردستان وەک کیانێکی سەربەخۆی خاوەن شوناس دەخاتە سەر نەخشەی جیھان، ئەمەش ئیرادە و ھەنگاوی ئازادانەی کوردستانیانی پێویستە.
داگیرکەرانی کوردستانی باش دەزانن کە کوردستانیان سازش لەو مافە سروشتییە ناکەن، چونکە کورد گەلێکی ئازادیخوازە و بە درێژایی مێژوو، خوێنی بۆ ئازادی و سەربەخۆیی بەخشیوە، ئێستا چۆن دەنگی پێ نابەخشێت. ئێستا باشترین کاتە بۆ ئەوەی گەلی کوردستان بڕیار لە سەربەخۆیی بدات.
مافی چارەی خۆنوسین وەک مافیکی سەلمینراو و چەسپێنراو، مافی ھەر نەتەوەیەکە، شێوازی خەبات و تیکۆشان بۆ سەلماندن و بەدەستھێنانی ئەم مافەیش بە شێوازی جیاواز و بەپێی ھەلومەرج جێبەجێ کردنی جیاواز و تایبەت دەبێت.
ماوەیەکە زۆر بە جددی سەرکردایەتی سیاسیی کورد بە شێوەیەکی گشتی و جەنابی سەرۆک بارزانی بە شێوەیەکی تایبەتی ھەنگاو دەنێت بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم و راپرسی لەسەر سەربەخۆیی کوردستان و ھەنگاوەکان زۆر بە خێرایی دەڕۆن، رۆژ لە دوای رۆژ پشتیوانی و پشتگیری ئەم پرسە لە دۆستانی کورد بەدی دەکرێت، لە ھەمان کاتیشدا ناحەزان ڕق و کینەی ژەھراویان ھەڵدەڕێژن.
ھیچکات ھەوڵەکانی بەدەستھێنانی سەربەخۆیی کوردستان بەبێ کۆسپ و لەمپەر نەبوون، ئێستایش کە ھەڵوێستی کوردستان بەھێزە و لە ھەموو کات زیاتر نزیکترین لە گەیشتن بەو ئاواتەی کە ڕۆژگارێک وەک خەون وێنا دەکرا، لێرەولەوێ چەندین ھەوڵی ھەمەجۆر دەدرێت بۆ ئەوەی بە ڕای گشتی رابگەیەنرێت کە ڕیفراندۆم و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ کاتی نەھاتووە و بارودۆخەکە لەبار نییە، ئەوانەی کە دەڵێن ئێستا کاتی نییە، با پێمان بڵێن کەی کاتەکەی گونجاوە!!.
دوای نزیکەی سەدەیەک پێشێڵکردنی گشت مافە ڕەواکانی، کەمتر لە دوو مانگی دیکە، خەڵکی خۆراگر و شەھیدپەروەری کوردستان لە ڕیفراندۆمێکی جەماوەریدا مافی ئەوەی ھەیە خۆی بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات، ھەنگاوەکانی کورد، بەرەو سەربەخۆیی و دیاریکردنی مافی چارەی خۆنووسین بە ھەوەنتە نەھاتووەتەدی، بەڵکو ئەم بڕیارە لە پاش ھەوڵ و تێکۆشانێکی بەردەوام ھات.
Top