پەروەردە رێگای بنچینەییە بۆ ھەستانەوەی ھەر میللەتێک یان داڕووخانی ودابڕانی

پەروەردە رێگای بنچینەییە بۆ ھەستانەوەی ھەر میللەتێک یان داڕووخانی ودابڕانی
شۆرشگێرو چاڵاکوانی سیاسی ئەمریکی مارتن لوپرکینج دەلێ" میللەتان لە سەر شانەکانی پەروەردە ھەڵدەستنەوە سەرپێ.
ھەروەکو لە مێژوودا باسی کراوە پەروەردە رێگای بنچینەییە بۆ ھەستانەوەی ھەر میللەتێک یان دا ڕووخانی و دابڕانی، سەرجەم کەناڵەکانی پەروەردەیی لە وەزارەتەوە تا دەگاتە قوتابخانە رۆڵی سەرەکی و بەرچاویان ھەیە لە گەشە سەندنی و پەڕەپێدانی بیری پەروەردەیی لای تاکەکان بەتایبەتی قوتابخانەکان لە سەنگەری ھەرە پێشەوەن و پەیوەندی بەردەوام و ڕاستەوخۆیان ھەیە لەگەڵ کۆمەڵگا و کاریگەری ئەرێنی و خێرایان ھەیە لەسەر پەڕەپێدانی بیری پەروەردەیی لای تاکەکان و گەشە سەندنی زیاتری بیرکردنەوە و تواناکانیان لە سەر بەرەووپێشبردنی زیاتری کۆمەڵگا، چونکە قوتابخانە ئەلقەی ڕاستەوخۆی بەیەکەوە بەستنی کۆمەڵگا و پەروەردەیە و لە ھەمان کاتدا وەزارەتی پەروەردە دەتوانێ قوتابخانەکانی زیاتر بەھێز و پتەو بکات و ژینگەیەکی پەروەردەیی لە بار بڕەخسێنێ بۆ سەرکەوتن و جێ بەجێ کردنی ستراتیژیەتی پەروەردەیی درێژخایەن کە ئەویش پەروەردە کردنی تاکەکان و بەرەووپێشبردنی کۆمەڵگا لە سەر بنەما و جێگیر و نەگۆڕەکان وەکو (بیری نەتەوایەتی و نیشتیمانپەروەری و پەروەردەیی تەندروست و دڵسۆزی ھەتا ھەتایی و ڕاستگۆیی لە پیشەدا و بەھێزی ئیرادە و چەندەھای تر....) کە ھەموو ئەوانە و جۆرەھای تریش ، وەزارەتی پەروەردە دەتوانێ جێ بەجێ یان بکات لە قوتابخانەکاندا کە مەبەست لێی بوژانەوەی پەروەردە لە قوتابخانەکان لە ھەموو ڕوویەکەوە، کە بەدڵنیایی پێویستی بە خۆتەرخان کردنی کادیری دڵسۆزی خۆنەویست ھەیە کە لە بەرێوەبەرەکان خۆی دەبینێتەوە کە ھەڵگری ھەموو سیفات و ئادکارێکی پەروەردەیی جوان و خاوەن سەلیقەی سەڕەنج ڕاکێش و دڵسۆزبن لە کارەکانیان و ئەوپەڕی دادپەروەربن و کارەکانی خۆیان خۆش بوێ و خۆشەویستیان بۆ کارەکانیان لە ناخیانەوە پاڵیان پێوەبنێ بۆ ئەنجامدانی داھێنان و کاری جوانتر و جوانتر ھیچ شتێک ساردیان نەکاتەوە و خاوەن ئیرادەیەکی پەروەردەیی بن پاڵپشت بە ویژدانێکی زیندوو دوور لە ھەموو مەبەست و بەرژەوەندییەک و بێگومان دەبنە پێشڕەوی تەکاندنی پەروەردەیی و وە نابێت لەلایەن پەروەردەکان و وەزارەتی پەروەردەوە دڵسۆزی و خۆنەویستی و خۆشەویستی ئەوان بۆ کارەکانیان نادیدە بگیرێ پێویستە سوپاس بکرێن و خەڵات بکرێن و ھەموو ماندوو بوون و ھەوڵدانەکانیان بە ھەند وەربگیرێ و لەگەڵ ئەوانی تر جودا بکرێنەوە . وە لە سەرووی بەرێوەبەر و قوتابخانەکانیش بێگومان بەرنامە و ستراتیژیەتی پەروەردەیی ھەیە کە کاری درێژخایەنی لە سەر دەکرێ کە لەو نوسینەدا زۆر بە کورتی تیشکی دەخەمە سەر کە پێویستی بە ھەنگاونانی بەردەوام و جدی ھەیە ئەویش وەکو پرۆگرامەکان کە کار لە سەر ھەست و سۆز و پەروەردەکردنی قوتابی دەکات لە ھەموو ڕوویەکەوە پێویستی بە پێداچوونەوە و بەدوا داچوونەوە و گەشەکردن و گۆڕانکاری بەردەوام ھەیە لەلایەن کەسانی شارەزا و بە ئەزموون کە لەگەڵ ئەمڕۆی بارودۆخی کوردستان و پەڕەپێدانی تواناکانی قوتابیان بگونجێت.
وە قوتابخانە حکومییەکان گرنگی زیاترییان پێ بدرێت لە ھەموو ڕوویەکەوە بەتایبەتی دابین کردنی میلاک بە پێی پسپۆری و پرسینەوە لە ھەر کەمتەرخەمییەک ، چونکە ناکرێ قوتابیە خۆشەویستەکانمان مامۆستایی بابەتیان نەبێت و لە قوتابخانەکان ھەروەھا گوزەرانی مامۆستا خاڵی ھەرە گرنگە کە پێویستە لە ناو ستراتیژیەتی وەزارەتی پەروەردە بە گرنگیەوە بوونی ھەبێت رێگاکان و ھەنگاوەکان چی بن بۆ باشترکردنی گوزەرانی مامۆستا بەرێزەکان، نابێ ئەوەش لە بیر بکەین ساڵانە ھەوڵ بدرێن بە ھەماھەنگی لەگەڵ چەندەھا رێکخراوی پەروەردەیی نێودەوڵەتی و چەندەھا حکومەت و ووڵات کە ھەماھەنگی و لێک تێگەیشتنی پەروەردەییان لەگەڵ ھەرێم ھەیە بە ڕەوانەکردنی چەندەھا شاندی جۆراوجۆر لە بەرێوەبەری قوتابخانەکان و باخچەکانی ساوایان وکەسانی پسپۆر و شارەزا و پەیوەندیدار بۆ سەردانی کردنی چەند وولاتێکی پێشکەوتوو لە بواری پەروەردە بۆ سوود وەرگرتن لە ئەزموون و شارەزایی پەروەردە لەو ووڵاتانە ھەموو خەرجییەک لە سەر ئەم ووڵاتانە بێت ، کە بێگومان ئەوەش ھەنگاوێکی تری بوژانەوەی پەروەردە و سوود وەرگرتنی میللەتی ئێمەیە لە پەروەردەی ووڵاتان.
بەکر کەریم حەسەن
بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەر
ماستەر لە کارگێری پەروەردەیی

Top