ئەو هەڵەیەی بەردەوام دووبارە دەبێتەوە

ئەو هەڵەیەی بەردەوام دووبارە دەبێتەوە
گەورەترین هەڵەی ناو بزووتنەوەى رزگاری کورد لێبوردنی بەردەوام بووە لەو جاش و خیانەتکارانەی لە قۆناغێکی دیاریکراودا دژ بە خەباتی رەوای گەلەکەیان وەستاون، ئەو لێبووردنە پێچەوانەی یاسای خەباتی شۆڕشگێڕی و رزگاریخوازی هەموو گەلانی ژێردەستەی جیهانە، ناڵێم: گەلانی تری دنیا جاش و خیانەتکاریان نەبوون و بەس کورد جاش و خیانەتکاری هەبوون، بەڵام گەلانی تر هەرکاتێ سەرکەوتبن جاش و خیانەتکارەکانی سز داون و کوردیش نەک هەر سزای نەداون، بەڵکو وەک خەڵات پۆست و پلە و ئیمتیازیشی پێداون، ئەوەش وایکردووە جاشایەتی و خیانەتکاری لە حاڵەتەوە ببێتە دیاردە و جاش و خیانەتکارەکان هەوڵبدەن دواڕۆژی سیاسی و ماددی و مەعنەوی خۆیان بە خۆفرۆشی و خیانەتکاری دابین بکەن.
ئەوەی ئێستاش لەسەر پرسی گشتپرسی و سەربەخۆیی لە کوردستانی داگیرکراودا دەگوزەرێ و چەند کەس و دەستە و گرووپێکی دیاریکراو پێشبڕکێ لەسەر جاشایەتی و خیانەتکاری دەکەن، دەیانەوێ چۆن لە رابردوودا جاش و خیانەتکارەکان دواڕۆژی خۆیان بە جاشایەتی و خیانەتکاری مسۆگەر کرد، ئەوانیش ئەو قۆناغە هەستیارەی ئێستا و بازاڕ گەرمی خۆفرۆشی بە دەرفەت دەزانن بۆ ئەوەی وەک ئەوان دواڕۆژێکی باش لەسەر خوێنی شەهیدان و رەنج ماندووبوونی شۆڕگێڕان بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن، بۆیە پێویستە کورد بە گشتی و کەسوکاری شەهیدان و شۆڕشگێڕان بە تایبەتی کەڵک لە مێژوو وەربگرن و لەمەو دوا لێبووردن لەوانە حەرام بکەن کە بە هەر هۆکارێک دەکەونەوە سەنگەری خیانەت و دەبنە کەواسووری بەر لەشکری دوژمنان.
Top