كورد و سەربەخۆیی، دوو دەستەواژەی بەیەكەوە گرێدراو
August 1, 2017
وتار و بیروڕا
ئەوەی جێگەی مەترسی و نائومێدییە، دابەشبوون و لێكترازانی هێزەسیاسیەكان و ناوماڵی كوردە، كە خەریكە هەڕەشە لە گەییشتن بە ماف و ئاواتەكانمان دەكات، لە كاتێكدا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و كوردستان بەتایبەتیی پێی ناوەتە قۆناغێكی ئێجگار هەستیار و ئالۆز، زۆرینەی چاودێرانی ناوخۆیی و بیانی، گۆڕانكارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان بە دەرفەتێكی چارەنووسساز بۆ میللەتی كورد دەزانن، بۆیە دەتوانین بڵێین كورد لە ئامانجێكی لە مێژینەی نزیك بووەتەوە، كورد لەوەتەی هەیە بە ئاواتی دامەزراندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆیە، لەو ڕەوشەی عێراق باشترین و نزیكترین شت كە پێی بگات جیابوونەوە و سەربەخۆییە.
كورد و سەربەخۆیی دوو دەستەواژەی بەیەكەوە گرێدراون، لە ماوەی رابردوودا، هەرێمی كوردستان لەژێر سەركردایەتیی جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەباشترین شێوە هەرێمەكەی بەڕێوە بردووە و حەكیمانە سیاسەتی كردووە، ئەزموون ئەوەی سەلماندووە، بیست و شەش ساڵە هەرێمی كوردستان لە دۆخی ئازادیدا دەژیت، خاك، ئاڵا، مارش، ئاسایش و هێزی پێشمەرگە، پەرلەمان و حكوومەتی هەیە، باشووری كوردستان بە دیفاكتۆ لە ناوچەكە و جیهان ناسراوە. گەلی كورد، گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتە لەسەر ڕووی زەمین، شەمەندەفەری كوردستان و سەرنشینانی كورد، سات لە دوای سات، لە وێستگەی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی نزیكتر و نزیكتر دەبنەوە.
كورد بەبێ خاتر گرتن، بێ ئەملا و ئەولا، بە هەموو پێوەرێك شایەنی سەربەخۆییە.