ریفراندۆم لە نێوان بەرژەوەندیی نێودەوڵەتی و وەبەرهێنانی ئیقلیمیدا

ریفراندۆم لە نێوان بەرژەوەندیی نێودەوڵەتی و وەبەرهێنانی ئیقلیمیدا
رۆژی 28 ی تەمموزی 2017 كۆنفرانسی (كوردستان هاوپەیمانی ستراتیژی ئەمەریكایە) لە ناو كۆنگرێسی ئەمەریكا بەڕێوەچوو، لەو كۆنفرانسەدا، تێڕوانینی كوردستان و تێڕوانینی ئەمەریكاییەكان، لەبارەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی خرایە روو، لە ناو هۆڵەكەدا ئاڵای كوردستان بەبێ ئاڵای عێراق لە تەنیشت ئاڵای ئەمەریكا داندرابوو، وتاری بەڕێز مەسرور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و د. نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركووك و نوێنەری پێكهاتەكانی كوردستان، راشكاوانە پێداگریی لە مافی ریفراندۆم بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان كردەوە، ئەمەریكاییەكانیش لە پشتیوانی كردنی سەربەخۆیی كوردستان كۆدەنگ بوون، كۆنفرانسەكە لە كاتێكدایە كەمتر لە دوو مانگ بۆ رۆژی ریفراندۆمی سەربەخۆیی (25 ی ئەیلوول) ماوە، هەر لەو رۆژەدا كەركووكییەكان یادی 28 ی تەمموزی 2008 یان كردەوە، ئەو رۆژەی دوژمنان پەلاماری رێپێوانی هێمنانەی خەڵكی كەركووكیان دا، ئاڵای كوردستان بە خوێنی رۆڵەكانیەوە بەرزكرایەوە و هاواریان دەكرد لێرە ناڕۆین.
لەم جیهانە پان و بەرینەدا، تەنیا بەغدا و تاران و ئەنكارا و دیمەشق و هەندێ دەنگی كوردستان دژی ریفراندۆمن، لە نێو ئەو دژانەشدا، ئەوانەی زیاتر هاتوونەتە مەیدان بۆ دژایەتی، بەغدا و تاران و ئەو دەنگانەی كوردن، تاران لە هەوڵی بەردەوام دایە، زیاتر لە بەغدا تەنگاوترە، لێ ئەوەی بەلای خەڵكەوە جێی تێڕامانە، ئەو هەوڵەی ناو كوردستانە كە كارەكانی لە رێی كەمپین دژی ریفراندۆم راگەیاندووە، ئەمەریكا و هیچ وڵاتێك رێگەیان بە خۆیان نەداوە دژی ریفراندۆم بووەستنەوە، هەڵوێستیان لەسەر كاتەكە بووە، كەواتە بە شێوەیەكی گشتی دژی ئەو مافە نین، ئەمەریكاییەكان لە كۆنفرانسی واشنتۆن بە ئاشكرا رایانگەیاند، ئەوان بڕوایان بە مافی چارەی خۆنووسین هەیە، دەستوورەكەیان رێگەیان پێنادات دژی ئەو مافە بووەستنەوە، ریفراندۆمیش بە مافێكی رەوای خەڵكی كوردستان داندرا.
لەوانەیە هەبن بپرسن، ئەمەریكاییەكان بەرژەوەندییان هەیە، مەگەر میللەت و دەوڵەتان هەوڵ نادەن ببنە هۆیەك بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی ئەمەریكا؟ ئەدی بۆ مافی كوردستان نەبێت بەرژەوەندیی لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا تێكبكاتەوە؟ ئەو دەنگەی لە كوردستان دژی ریفراندۆمە، پێیوایە بەغدا و پایتەختەكانی دەوروبەر بۆ خەڵكی كوردستان بە پەرۆشن؟ راستییەكە ئەوەیە، دەیانەوێت هەتا هەتایە خەڵكی كوردستان ژێردەستەیان بێت، بۆ ئەمەش هەموو توانایەكیان خستۆتەگەڕ بۆ دژایەتیكردنی ریفراندۆم، جێی پرسیارە لە ناوخۆی كوردستان هەبن كار بۆ رێگریكردن لە ریفراندۆم بكەن كە رێگریكردنە لە رای گەل، ئەمە لە كاتێكدایە جیهان و خەڵكی كوردستان رۆژ دەژمێرن تا دەگەنە رۆژی ریفراندۆم، جیهان دەیەوێت بزانێ گەلی كوردستان چ بڕیارێك دەدات، خەڵكی كوردستانیش دەیانەوێت لەو رۆژەدا كۆتایی بە سەردەمێكی دوورودرێژی ژێردەستەیی بێنێت، گرنگە كە لایەنە سیاسییەكان كێبەركێی وەدەستهێنانی شەرەفی وەدیهێنانی ئاواتی خەڵكی كوردستان بكەن، زۆری نەماوە دەكرێ ئەو سەروەرییە بە هەمووان ببڕێ.
لە ناو ئەو هەوڵانەی بۆ دژایەتی ریفراندۆم دەركەوتوون، شتێكە بەناوی بزنسی كوردی كە دەیەوێت كەمپین بۆ دژایەتیكردنی ریفراندۆم رێكبخات، بەڵام چ بزنسێك، ئەو بزنسەی مافی دەیان كەسی خواردووە و چەندان خۆپیشاندانیان بۆ وەرگرتنەوەی ئەو مافە كردووە، لای خەڵك ئەو بزنسە دەستێكی لە پشتە، دەنا لەم قەیرانە داراییە، هیچ كەسێك هەیە پارە لە پرۆژەیەكی شكستخواردوو سەرف بكات، بە تایبەتیش پرۆژەیەك كە دژی ئاواتی دێرینی خەڵكی كوردستان بێت؟ ئەرێ بەڕاست ئەوە بزنسی كوردییە یان وەبەرهێنانی ئیقلیمی لە پرۆژەی دژایەتیكردنی ریفراندۆم دەخرێتەگەڕ؟
Top